دەدە: دەستگیرکردنی هاوسەرۆکەکان لە مێردین سیستماتیکە

ئۆمید دەدە یاریدەدەری هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە وتی، "لە مێردین هاوسەرۆکەکانی شارەکە بە شێوەیەکی سیستماتیک دەستگیردەکرێن."

ئۆمید دەدە یاریدەدەری هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە و بەرپرسی کۆمسیۆنی یاسایی و مافی مرۆڤی پارتەکە لەبارەی قڕکردنی سیاسی لە مێردین ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

٣ هاوسەرۆک یەک لە دوای یەک دەستگیرکران

دەدە ڕایگەیاند، لەو ١١ کەسەی کە ٢٩ی شوبات دەستگیرکران ٨ کەسیان ئازاد کران بەڵام پارێزەر عەلی قەهرەمان بۆ زیندان ڕەوانە کرا، هەروەها لە هەمان چوارچیوەدا پەریخان ئاغائۆغلۆ هاوسەرۆکی هەدەپەی مێردین و موسا ئالکان هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەی مێردین بە هۆی کار و خەباتە سیاسیەکانیان لە ساڵی ٢٠١٥ دا دەستگیرکران. دەدە وەبیریهێنایەوە لە شوباتی ٢٠١٩ دا هاوسەرۆکیان محەمەد سینجار دەستگیرکرا و لەگەڵ ئاغائۆغلۆ و ئالکان ئەمە سێ هاوسەرۆکە کە دەستگیردەکرێن.

دەدە وتی، "دەستگیرکردنەکان پەیوەندیان بە یاساوە نییە و دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە کە لە ڕووی سیاسیەوە ناتوانێت رێگە لە هەدەپە بگرێت، بە رێبازی فشار و دەستگیرکردن، دەیەوێت ترس دروست بکات و ئەم گرتن و دەستگیرکردنەش ئەنجامی ئەوەیە.

دەدە لە کۆتاییدا ڕاشیگەیاند، فشار و کردەوەکانی دەسەڵات هیچ ئەنجامێک بەدەستناهێنێت و دەستگیرکردنی هەڤاڵانیان دەبێتە هۆی گەشکردنی تێکۆشانی ئازاد و دیموکراسی.

ف.ق