دەزگای هەواڵگری عێراق لە کەرکوک دژی میتی تورکیا ئۆپراسێۆنێكی ئەنجامدا

ئێوارەی ئەمرۆ هێزە عیڕاقیەکان لە ئۆپراسیۆنێکدا سێ ئەندامی سیخوری تورکیا (میت)یان لە شاری کەرکوک دەستگیرکرد.

بەپێی چەند سەرچاوەیەکی تایبەت  کە نەیویست ناوی خۆی ئاشكرا بکات بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF )ی ڕاگەیاند، ئێوارەی ئەمرۆ دەزگای هەواڵگری عێراق  لە گەڕەکی موسەڵای  شاری کەرکووک دژی سیخورەکانی تورکیا ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامداوە و سێ ئەندامی سیخوری تورکیا (میت) یان لەو گەڕەکە دەسگیرکردووە، کە دوو لەو کەسانەی گیراون بە ڕەگەز عێراقین، یەکێکیشیان تورکە، هەڵگری ناسنامەی تورکیایە.

هاوکات هەمان سەرچاوە ڕایگەیاند گرتنی ئەو ئەندامانەی میت پەیوندی بە کەیسی ئەو تەقینەوانەوە هەیە کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە گەرەکی موسەڵای شاری کەرکوک ڕویاندا. هەروەها وتیشی هەر یەک لە ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی بەرەی تورکمانی، حەسەن تۆران بەرپرسی ئەو بەرەیە لە هەوڵداندان بۆ ئەوەی ئەو ئەندامانەی میت لە دەستی عێراقیەکان ڕزگار بکەن، بەڵام تا ئێستا هەوڵەکانیان سەرکەوتوو نەبوە.

ئەوە لە کاتێکدایە لە ماوەی  دوو هەفتەی ڕابردوو هێرشێک کرایە سەر گۆڕستانی تورکمانەکانی شاری کەرکوک، هاوکات لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو چەن بۆمبێکی چێنراو لە گەڕەکی موسەڵای کەرکوک لە لایەن هێزە ئەمنیەکان دۆزرایەوە، چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەو کردەوانەی لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو ڕویداوە دەستی میتی تورکیای تێدابوە بۆ ئەوە زەمینە خۆشی بۆ تورکیا بکەن لەسەر ناوی پاراستنی تورکمانەکانی کەرکوک دەستێوەردان لەو شارە بکات.