دەستبەسەرکردنی ٣هاووڵاتی کورد لە شارەکانی مێهران، سنە و بۆکان

دەستبەسەرکردن و گوشارهێنان بۆ لاوانی کورد لەلایەن دەزگە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە

٣هاوولاتی شارە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ٣ دۆسیەی جیاوازدا بە تاوانی پەیوەندییان بە حیزبە کوردستانییەکانی نەیاری ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئیرانەوە لەلایەن کاربەدەستانی ئەمنی کۆماری ئیسلامییەوە لە شارەکانی مێهران، سنە و بۆکان دەستبەسەر کران.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕایگەیاندووە کە ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ڕێبەندان/١٧ی شوبات، لە شاری مێهران لە پارێزگای ئیلام، هێزە ئەمنییەکان لاوێکی کوردیان بەنێوی ''بەهمەن خۆشادڵ'' دەستبەسەر و بۆ شوێنیکی نادیاریان گواستۆتەوە.

لە پارێزگای سنە-یش، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو ٢٥ی ڕێبەندان/١٤ی شوبات، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ئاوایی تەنگیسەر و لاوێکی ١٩ساڵانەیان بەنێوی ''ئارەش ئەحمەدی" دەستبەسەر کردووە.

ن-یش ڕاگەیەنرا کە چوارشەممە ٢٥ی ڕێبەندان، لاوێک بەنێوی ''کەماڵ زیرەکی'' لە جادە حەساری بۆکان لەلایەن ئیتلاعاتی شارەکەوە دەستبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیارکراوە.

زانراوە کە سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی هەر ٣ لاوی کورد، هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەریان وەدەست نەخراوە.