کاتژمێر ٨ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانى هەرێمى باشووری کوردستان (ئەنجوومەنی نوێنەرانی هەریمی کوردستان-عیراق) دەستیپێكرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٣٠ی ئەیلولی ٢٠١٩ / ٨ی رەزبەر، لە کاتژمێر ٨ی سەر لە بەیانییەوە دەنگدەرانى هەرێمى باشووری کوردستان بۆ هەڵبژاردنى پێنجەمین خولی پەرلەمانى هەرێمى باشووری کوردستان (ئەنجوومەنی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان-عیراق) چوونە سەر سندوقەکانى دەنگدان و مافی دەنگدانیان بەکارهێنا.
بەپێى زانیارییەکان تاوەکو کاتژمێر ٣ی ئێوارە رێژەى بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا نزیکەى سەدا ٥٠ بووە، بەڵام تاوەکو ئێستا کۆمسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسیى هەرێم لەبارەى رێژەى بەشداریکردنى دەنگدەران ئاماری بڵاونەکردووەتەوە.
هاوکات لەگەڵ داخستنى بنکەکانى دەنگداندا، دەستکراوە بە کردنەوەى سندوقەکان و جیاکردنەوەى دەنگى لایەنەکان.
بەپێى ئاماری کۆمسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسیى هەرێم، بۆ دەنگدان ٢ هەزار و ١٧٥ بنکەی دەنگدان بۆ ٢ ملیۆن و ٩١٤ و هەزار ٩٩٢ دەنگدەر لە هەرێمی باشووری کوردستان، بۆ هەڵبژاردنی پێنجەمین خولی پەرلەمان بە رووی دەنگدەراندا کرابوویەوە.
بەپێى ئەو ئامارە، کە کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى هەرێمی باشووری کوردستان بڵاویکردووەتەوە، لە شاری هەولێر ١ ملێۆن و ٣٦ هەزار و ٤١٩ دەنگدانیان هەبوو. بۆ دەنگدانى ئەو دەنگدەرانە ٤٩٩ بنکەی دەنگدان و ٢ هەزار و ١٤٢ وێستگەی دەنگدان تەرخانکرابوو.
هەروەها لە پارێزگای سلێـمانی ١ ملیۆن و ١٣٤ هەزار و ٧٦٠ کەس مافی دەنگدانیان هەبوو و بۆ ئەو مەبەستەش کۆمسیۆن ٤٧٦ بنکە و ٢ هەزار و ٣٠٦ وێستگەی دەنگدانى بۆ دەنگدەران ئامادە کردبوو.
لە پارێزگای دهۆکیش ٢٥٧ بنکەی دەنگدان و هەزار و ٣٦١ وێستگەی دەنگدان، بە ڕووی ٦٧٧ هەزار و ٧٩٧ دەنگدەردا کرابوویەوە.
لە پارێزگای هەڵەبجەش ٦٦ هەزار و ١٦ دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەبوو. بۆ دەنگدەرانى پارێزگاى هەڵەبجەش ٢٨ی بنەکەی دەنگدان و ١٣٢ وێستگەی دەنگدان ئامادە کراوە.
ئەو دەنگدانە بۆ هەڵبژاردنی پێنجەمین خولی پەرلەمانی هەرێمى باشووری کوردستان ئەنجام درا. لەم هەڵبژاردنەدا ٣٨ لیست و لایەن و هاوپەیمانی و قەوارە بەشداربوون. ٧٧٣ کەس، کە ٥٣٢ کەسیان پیاو و ٢٤١ کەسی تریشیان ژنن خۆیان بۆ ئەم خولەی پەرلەمانی باشووری کوردستان پاڵاوتبوو.
هەروەها لەم ھەڵبژاردنەدا ١٨ لایەن و لیست و قەوارەی پێکهاتەکانى هەرێم (تورکمان، مەسیحی و ئەرمەنی) بە ٦٥ کاندیدەوە کێبڕکییان دەکرد بۆ بەدەستهێنانی کورسیی پێکھاتەکان دەکەن.
پەرلەمانى هەرێمى باشووری کوردستان لە ١١١ کورسی پێکدێت و لەو ژمارەیە ١١ کورسییان بۆ پێکهاتەکانى تورکمان (٥ کورسی)، مەسیحی (٥ کورسی) و ئەرمەنیى (یەک کورسی) دانیشتووی هەرێمى باشووری کوردستان تەرخانکراوە.
ر.م