دەنگدانى تایبەت بۆ پەرلەمانى هەرێمى باشووری کوردستان دەستیپێکرد
کاتژمێری ٨-ی سەرلەباینی ئەمڕۆ دەنگدانى تایبەت لە ٩٩ بنکە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانى هەرێمى باشووری کوردستان دەستی پێکرد.
کاتژمێری ٨-ی سەرلەباینی ئەمڕۆ دەنگدانى تایبەت لە ٩٩ بنکە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانى هەرێمى باشووری کوردستان دەستی پێکرد.
کاتژمێر٨-ی سەرلەباینی ئەمڕۆ ٩٩ بنکەی دەنگدان لە سەرتا سەری هەرێـمی کوردستان کە پێکدێت لە ٤٧١ وێستگە بە ڕووی دەنگدەرانی تایبەت کرایەوە.
کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیى هەرێـمی باشووری کوردستان رایگەیاندووە، ١٧٠ هەزار و ٤٦٩ کەس مافی بەشداریکردنیان لە دەنگدانى تایبەتیاندا هەیە.
بەپێى ئەو ئامارەى کە کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى هەرێمی باشووری کوردستان بڵاویکردووەتەوە، لە شاری هەولێر ٧٢ هەزار و ٦٥٣ دەنگدەری تایبەت هەیە. بۆ دەنگدانى ئەو دەنگدەرانە ٤١ بنکەی دەنگدان، کە پێكدێت ٢٠١ ویستگە بەڕووی دەنگدراندا کراوەتەوە.
هەروەها لە پارێزگای سلێـمانی ٦٢ هەزار و ٢٢٠ کەس مافی دەنگدانی تایبەتی هەیە بۆ ئەو مەبەستەش کۆمسیۆن ٣٧ بنکە و ١٧٢ وێستگەی دەنگدانى بۆ ئەو دەنگدەرانە ئامادە کردوە.
لە پارێزگای دەهۆکیش ٢٠ بنکەی دەنگدان، كە پێکدێت لە ٩٢ وێستگە بە ڕووی ٣٣ هەزار و ٤٢١ کەسدا، کە مافی دەنگدانی تایبەتیان هەیە کراوەتەوە.
لە پارێزگای هەڵەبجەش ٢ هەزار و ١٧٥ دەنگدەری تایبەت هەیە بۆ دەنگدانى ئەو دەنگدەرانە بنکەیەکى دەنگدان کە ٦ وێستگەى دەنگدان لە خۆی دەگرێت بە رووی دەنگدەراندا کراوەتەوە.
لە دەنگدانى تایبەتدا هێزەکانی پێشمەرگە، پۆلیس و ئاسایش بەشداری دەکەن و تاوەکو کاتژمێر ٦ی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
ئەو دەنگدانە بۆ هەڵبژاردنی پێنجەمین خولی پەرلەمانی هەرێمى باشووری کوردستان ئەنجام دەدرێت. پەرلەمانى هەرێمى باشووری کوردستان لە ١١٠ کورسی پێکدێت و لەو ژمارەیە ١٠ کورسییان بۆ پێکهاتەکانى تورکمان، مەسیحی و ئەرمەنیى دانیشتووی هەرێمى باشووری کوردستان تەرخانکراوە.
ر.م