دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانى هەرێمی باشووری کوردستان دەستیپێکرد
کاتژمێر ٨ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانى هەرێمى باشووری کوردستان (ئەنجوومەنی نوێنەرانی هەریێمی کوردستان-عیراق) دەستیپێكرد.
کاتژمێر ٨ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانى هەرێمى باشووری کوردستان (ئەنجوومەنی نوێنەرانی هەریێمی کوردستان-عیراق) دەستیپێكرد.
کاتژمێر ٨ی سەرلە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٣٠ی ئەیلولی ٢٠١٩ / ٨ی رەزبەر، دەنگدان لە ٢ هەزار و ١٧٥ بنکەی دەنگدان لە هەرێمی باشووری کوردستان، بۆ هەڵبژاردنی پێنجەمین خولی پەرلەمان دەستیپێکرد و بڕیارە پرۆسەى دەنگدانەکە تاکو کاتژمێر٦-ی ئێوارە بەردەوام بێت.
کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیى هەرێـمی باشووری کوردستان رایگەیاندووە، ٢ ملیۆن و ٩١٤ و هەزار ٩٩٢ کەس مافی بەشداریکردنیان لە دەنگدانى گشتیی پەرلەمانى هەرێمى باشووری کوردستاندا هەیە.
بەپێى ئەو ئامارەى، کە کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى هەرێمی باشووری کوردستان بڵاویکردووەتەوە، لە شاری هەولێر ١ ملێۆن و ٣٦ هەزار و ٤١٩ دەنگدانیان هەیە. بۆ دەنگدانى ئەو دەنگدەرانە ٤٩٩ بنکەی دەنگدان و ٢ هەزار و ١٤٢ وێستگەی دەنگدان تەرخانکراوە.
هەروەها لە پارێزگای سلێـمانی ١ ملیۆن و ١٣٤ هەزار و ٧٦٠ کەس مافی دەنگدانیان هەیە و بۆ ئەو مەبەستەش کۆمسیۆن ٤٧٦ بنکە و ٢ هەزار و ٣٠٦ وێستگەی دەنگدانى بۆ دەنگدەران ئامادە کردووە.
لە پارێزگای دهۆکیش ٢٥٧ بنکەی دەنگدان و هەزار و ٣٦١ وێستگەی دەنگدان، بە ڕووی ٦٧٧ هەزار و ٧٩٧ دەنگدەردا کراوەتەوە.
لە پارێزگای هەڵەبجەش ٦٦ هەزار و ١٦ دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە. بۆ دەنگدەرانى پارێزگاى هەڵەبجە ٢٨ی بنەکەی هەڵبژاردن و ١٣٢ وێستگەی دەنگدان ئامادە کراوە.
ئەو دەنگدانە بۆ هەڵبژاردنی پێنجەمین خولی پەرلەمانی هەرێمى باشووری کوردستان ئەنجام دەدرێت. لەم هەڵبژاردنەدا ٣٨ لیست و لایەن و هاوپەیمانی و قەوارە بەشدارن. ٧٧٣ کەس، کە ٥٣٢ کەسیان پیاو و ٢٤١ کەسی تریشیان ژنن خۆیان بۆ ئەم خولەی پەرلەمانی باشووری کوردستان پاڵاوتوە.
هەروەها لەم ھەڵبژاردنەدا ١٨ لایەن و لیست و قەوارەی پێکهاتەکانى هەرێم (تورکمان، مەسیحی و ئەرمەنی) بە ٦٥ کاندیدەوە کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی کورسیی پێکھاتەکان دەکەن.
پەرلەمانى هەرێمى باشووری کوردستان لە ١١١ کورسی پێکدێت و لەو ژمارەیە ١١ کورسییان بۆ پێکهاتەکانى تورکمان (٥ کورسی)، مەسیحی (٥ کورسی) و ئەرمەنیى (یەک کورسی) دانیشتووی هەرێمى باشووری کوردستان تەرخانکراوە.
ر.م