دەوڵەتى تورک دواى ٩٦ رۆژ تەرمی گەریلایەکى رادەستى بنەماڵەکەى کردەوە

تەرمی زەهرا ئەریلماز گەریلای یەژاستار دوای ٩٦ رۆژ لە شەهیدبوونی رادەستى بنەماڵەکەى کرایەوە و لە گەمارۆی هێزەکانى پۆلیسدا بەخاکسپێردرا. رێگاش نەدرا خزمان و ناسراوان بەشداری مەراسیمی بەخاکسپاردنەکەى ببن.

لە شەنیایلا لە نێوان مووش و ناوچەى پاسووری ئامەد لە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ دا شەڕێک روویدا و لە ئەنجامدا ٥ گەریلا شەهید بوون. تەرمی گەریلای یەژاستار زەهرا ئەریلماز، کە یەکێک لەو ٥ گەریلا شەهیدە بوو لە ناوچەى شەنیایلا دواى ٩٦ رۆژ رادەستى بنەماڵەکەى کرایەوە.

دوای پشکنینی دی ئێن ئەی داواکارى گشتیى کۆماری لە موش بنەماڵەى ئەریڵمازیان ئاگادارکردەوە و لەگەڵ بەڕێوەبەرانى کۆمەڵەی رۆشنبیری و یەکێتیى پشتیوانی لە بنەماڵە و کەسوکاری بێسەروشوێنبوانی لانکەى شارستانی (مەبیا – دەر / MEBYA-DER) تەرمەکەیان لە پزیشکیی داد لە مەلەتییە وەرگرتەوە. تەرمەکەیان برد بۆ نەخۆشخانەى لێکۆڵینەوە و فێرکاریی گازی یاشارگیل لە ئامەد و دوای جێبەجێکردنی رێوڕەسمە ئایینییەکان تەرمەکە لە گۆڕستانی یەنیکۆی لە ناوچەى باغلەری ئامەد بەخاک سپێردرا.

رێگایان نەدا کەس بەشداری مەراسیمەکە بکات

پۆلیسەکانى دەوڵەتى تورک گۆڕستانی یەنیکۆیان گەمارۆدا و رێگایان نەدا بەرێوەبەرانی کۆمەڵەی رۆشنبیری و یەکێتیى پشتیوانی لە بنەماڵە و کەسوکاری بێسەروشوێنبوانی لانکەى شارستانی (مەبیا – دەر / MEBYA-DER) و کۆمەڵەی هاوکاریی بنەماڵەی زیندانیان (توای دەر - TUAY-DER) و هەدەپە و دانیشتوانى ناوچەکە و خزم و کەسوکاری بنەماڵەى ئەریڵماز بەشداری لە مەراسیمى بەخاکسپاردنەکەدا بکەن. تەرمی ئەریڵماز لەلایەن بنەماڵەکەیەوە لە گۆڕستانەکەدا بەىخاکسپێردرا. پرسەش لە هۆڵی پرسەى سیلڤان لە باگجلاری ناوچەى باغلەر بەڕێوەدەچێت.

ژ.ت