چەندین خوێندنگەى تریش کران بە بنکەى سەربازی. ڕاگەیاندرابوو بۆ نۆژەنکردنەوەى خوێندنگەکان ٥٠ ملیۆن لیرەى تورکى تەرخانکراوە، بەڵام دیار نییە ئەو بودجە لەچیدا خەرجکراوە.
لە ناوچەى گەڤەرى جۆلەمێرگ و لە کاتى ڕاگەیاندنى قەدەغەى هاتووچۆ لەلایەن دەوڵەتى داگیرکەری تورکیاوە لە ساڵى ٢٠١٦ەوە ژمارەیەکى زۆر لە ماڵى هاووڵاتییان، کارگە و ١١ خوێندنگە کرانە ئامانجى تۆپبارانەکانى تورکیا و بەو هۆیەوە ڕووخێنران.
خوێندنگەى ناوەندیى والى گوربوز ئەردۆغان، خوێندنگەى ناوەندیى خالید ئۆکای، خوێندنگەى سەرەتایى جمهوریەت، خوێندنگەى سەرەتایى ئوگور سدقی، خوێندنگەى ئامادەیى ئەتاتورک لە گەڕەکەکانی جمهوریت و گیونگۆر بە چڕى کرابوونە ئامانجی تۆپبارانکردنى تانک و تۆپخانەکان و هاوەنبارانکردن و بەو هۆیەوە ئەو خوێندنگەیانە زیانى زۆریان بەرکەوت. لە دواى لێکۆڵینەوەکان لە ڕاپۆرتەکانەکاندا ئەو خوێندنگەیانە بە "زۆر خراپبوون" ئاماژەیان پێکرابوو، بەڵام دواى ئەوەش یەک بەیەک ڕووخێندران.
جگە لەو خوێندنگەیانە ژمارەیەکى ترى خوێندنگە لە گەڕەکانى تردا، کە هیچ پێکدادانێکیش لەو گەڕەکانەدا ڕوویان نەدابوو، بە پاساوى بارى ئەمنى ڕووخێندران. ئەو خوێندنگەیانە، کە دواى نەمانى قەدەغەى هاتوچۆ ڕووخێنران، پێشتر بەهۆى پێکدادانەوە هیچ زیانێکیان پێنەگەیشتبوو. بەو هۆیەوەش ساڵى نوێى خوێندن دواکەوت و ئەوەش ناڕەزایەتیى زیاترى گەلى لێکەوتەوە.
هەروەها لەو ناوچەیەدا ژمارەیەکى تر لە خوێندنگەکان کە نەڕووخێندران، کران بە بنکەى سەربازی. یەکێک لەو خوێندنگەیانە کە کرا بە بنکەى سەربازى خوێندنگەى گازی بوو لە گەڕەکى ئۆرمان لە گەڤەرى جۆلەمێرگ و کرا بە شوێنى هێزە تایبەتەکانى تورکیا. ئەوەش لە کاتێکدابوو، کە ٢ بنکەى سەربازیى تر لە نزیک ئەو خوێندنگەیەدا هەبوون. خوێندکارانى ئەو خوێندنگەیە ناچاربوون بۆخوێندن بڕۆن بۆ ئەو خوێندنگەیانە کە زۆر دووربوون لە ماڵەکانیانەوە.
ڕووخاندنى ئەو خوێندنگەیانە کە ٧ هەزارو ٥٠٠ خوێندکار وانەیان تێدا دەخوێند بووە هۆى ئەوەى ژمارەى خوێندکاران لە خوێندنگەکانى تر زۆر ببن. تەنانەت لە هەندێک لە خوێندنگەکاندا خوێندکاران ناچارن لەسەر عەرز دابنیشن بۆ ئەوەى وانەکانیان بخوێنن.
ئەوەش لەکاتێکدایە لە ١٧ى ٥ى ٢٠١٧ بەڕێوەبەرى گشتیى پەروەردى نەتەوەیى تورک لە جۆلەمێرگ و بەڕێوەبەرى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و شارسازی لە جۆلەمێرگ بەڵێنیان دابوو، کە خوێندنگە ڕووخێنراوەکان سەرلەنوێ دروست دەکەنەوە، بەڵام ئەوە نزیکەى ٢ ساڵ بەسەر ئەو بەڵێنانەیاندا تێپەڕیوە و هێشتا خوێندنگەکان بنیاتنەنراونەتەوە.
دەوڵەتى تورکیا و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەبارەى سەرلەنوێ ئاوەندانکردنەوەى خوێندنگە ڕووخێنراوەکانەوە ڕایانگەیاندووە، ٥٠ ملیۆن لیرەیان بۆ نۆژەنکردنەوەى خوێندنگەکان تەرخانکردووە، بەڵام تا ئێستا دیار نییە ئەو بودجەیە چۆن و بۆ چى خەرجکراوە.
ر.م