دەوڵەتى تورکیا رێگا نادات ئاگری دارستانەکانى دێرسیم بکوژێنرێنەوە

دەوڵەتى تورکیا رێگا نادات هاووڵاتییان ئاگری دارستانەکانى دێرسیم بکوژێننەوە. شاندێکى هەدەپەش گەیشتووەتە شارى دێرسیم.

ئەو ئاگرەى لە دارستانەکانى دێرسیم بەهۆی بۆردومانى سوپاى تورکیاوە کەوتووەتەوە تاوەکو ئێستا بەردەوامیى هەیە. ئاگرەکەش بە ناوچەکانى بالی دەرەسی، مالی مەزارسی، موشکیرەک، باکر داغلەر و چرتک دەرەسی لە ناوەندى دێرسیم بڵاوبووەتەوە.

دەوڵەتى تورکیا هیچ ناکات بۆ کوژاندنەوەى ئەو ئاگرەى کە سوپاکەى بەریداوەتەوە دارستانەکانى دێرسیم.

بەڕێوەبەرایەتیى کاروبارى دارستانەکانى دێرسیمیش هیچ کارێک ناکات بۆ کوژاندنەوەى ئەو ئاگرە گەورەیەى سوپاى تورکیا بەریداوەتە دارستانەکانى دێرسیم.

هاووڵاتییانى دێرسیم هەوڵیاندا ئاگرەکە بکوژێننەوە و بۆ ئەوەش سەردانى بەڕێوەبەرایەتیى تەرمک-یان کرد، بەڵام ئەو بەڕێوەبەرایەتییە رێگاى بە هاووڵاتییان نەدا ئاگرەکە بکوژێننەوە.

سەربارى ئەوەش هاووڵاتییانى خۆبەخشی دێرسیم بۆ کوژاندنەوەى ئاگرەکە چوونەتە چەندین ناوچەى نزیک لە شوێنى کەوتنەوەى ئاگرەکان. هاووڵاتییانى ئەو سنوورانە و گوندەکانیش هاوکاریى خۆبەخشەکان دەکەن. سەرلەبەیانیى ئەمڕۆش ١٥ کەسی تری خۆبەخش خۆیان گەیاندووەتە شوێنى نزیک ئاگرەکە.

شاندى هەدەپە گەیشتووەتە دێرسیم

سالیحە ئایدەنیز پەرلەمانتاى ئامەدى هەدەپە و شاندێکى هەدەپە ئەمڕۆ گەیشتنە دێرسیم. دوای چاوپێکەوتنەکانیان لە ناوەندى دێرسیم، شاندەکە دەچێنە ئەو ناوچانەى ئاگریان تێبەردراوە.

ماوەى ١٥ رۆژە لە ناوچەى خۆزاتى دێرسیم ئاگرکەوتووەتەوە و بەشێکى زۆرى لەلایەن هاووڵاتییانەوە کۆنترۆڵکراوە، بەڵام هێشتا ئاگرەکە بە تەواوى کۆنترۆڵ نەکراوە و ئەگەری ئەوە هەیە ئاگرەکە دووبارە تەشەنە بسێنێتەوە.

ر.م