ئەمڕۆ پۆلیسى تورکیا هەڵیکوتایە سەر چەندین ماڵی هاووڵاتییان و سیاسەتمەدارانى کورد لە قەرس و چەندین کەسی دەستگیرکرد.
ناوى سیاسەتمەدارە دەستگیرکراوەکان
شافاک ئۆزالن پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە، جەنگیز ئالانى هاوسەرۆکى دەبەپە لە شاری قەرس، ئەکرەم ساڤجی هاوسەرۆکى هەدەپە لە شاری قەرس، جەنگیز تۆپباشی هاوسەرۆکى پێشووی هەدەپە لە شاری قەرس، حەیاتی مەتمەت ئۆغڵو راوێژکاری ئایهان بیلگەن سەرۆکى فراکسیۆنى هەدەپە لە پەرلەمانى تورکیا.
ئەو کەسە دەستگیرکراوانە براون بۆ بەڕێوەبەرایەتیى ئاسایشی شاری قەرس.
بیلگەن: هەڵمەتى هەڵکوتانە سەر هەدەپە و دەبەپە دەستیپێکردووەتەوە
ئایهان بیلگەن سەرۆکى فراکسیۆنى هەدەپە لە پەرلەمانى تورکیا لە ئەژماری تویتەرەکەى لەبارەى هەڵکوتانی پۆلیسی تورکیا و دەستگیرکردنى ئەو سیاستمەدارانەى کورد نووسیویەتی "دواى ئەوەى کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنى تورکیا کاتى هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى راگەیاند، ئیتر لەو کاتەوە هەڵمەتى هەڵکوتانە سەر هەدەپە و دەبەپە و چالاکوانان دەستیپێکردووە".
ر.م