'دەوڵەتی تورک دەیەوێت ناوچەکە بکاتە سەربازگە و بۆ ئەوەش دارستانەکان دەسوتێنێت'

وەهاب ئیشکلی وتەبێژی پلاتفۆرمی پاراستنی حەوسەڵ لەبارەی ئاگرتێبەردانی چیای جودی و دارستان و شاخەکانی تری کوردستان لەلایەن هێزەکانى دەوڵەتەوە وتی "لە جودی، گابار و بەستا پاکتاوکردنی ئیکۆلۆژیک هەیە و دەوڵەت دەیەوەێت ناوچەکە بکاتە سەربازگە".

دەوڵەتى تورک لە چوارچێوەى شەڕی لەناوبردن و سڕینەوەى گەلی کورددا نەک تەنها مرۆڤەکان بەڵکو سروشتی کوردستانیشی کردووەتە ئامانج. لەو چوارچێوەیەدا و بە شێوەیەکى دڕندانە لە شرنەخ تاوەکو ئامەد، چەولیک، دێرسیم، جۆلەمێرگ و هەموو ناوچەکانی باکووری کوردستان ئاگریان تێبەردەدات و دەیانسوتێنێت. لە ناوچە شاخاوییەکانی جودی ئاگرتێبەردان هەنگاو بە هەنگاو تەشەنە دەسەنێت. ئەو ئاگرەى لە سنووری گوندەکانی، گوندێکی رەمۆ، سپیندارۆک، جفانێ، ناڤاقارا و ئاڤگاماسیا بەردرابوویە چیای جودی تاوەکو ئێستا بەردەوامیی هەیە.  هەر کات لە ناوچەکەدا ئاگرێک بکوژێتەوە ئاگرێکی تر بەردەدرێتە چیا و دارستان و لەوەڕگەکان. ئاگرەکان بە هیچ شێوەیەک لەلایەن بەرپرسانەوە ناکوژێندرێنەوە و کار بۆ کوژاندنەوەیان ناکرێت و ئەوەش ناڕەزایەتیی لێکەوتووەتەوە. تاوەکو ئێستا بەهۆی ئەو ئاگر تێبەردانانەوە هەزاران دار، سەدان باخ و بێستان و رەز سوتاون و ئاگرەکانیش تاوەکو نزیک ماڵی هاووڵاتییان لە گوندەکان و شارەکاندا تەشەى سەندووە.

'دەیانەوێت ناوچەکە چۆڵ بکرێت'

وەهاب ئیشکل وتەبێژی پلاتفۆرمی پاراستنی حەوسەڵ، کە سەردانی ناوچە ئاگرتێبەردراوەکانی کردووە لەوبارەیەوە وتی "ئاگرتێبەردانی دارستانەکان لە کوردستان بەهۆی سیاسەتی شەڕی تایبەتەوەیە، کە ئەوەش لە تورکیا بە زۆری بەهۆی سیاسەتی رانت و پارەخواردنەوە روودەدات".

ئیشکل باسی ئەوەیکرد، لە شرنەخ و ناوچەکەدا سروشت و ژینگە رووبەڕووی لە ناوبردن و پاکتاوکردن کراوەتەوە و وتی "لە جودی، گابار، بەستا، لیجە و دهێ ئاگرەکان لەلایەن دەوڵەتەوە بەردراونەتە دارستانەکان و لە شارەکانی تورکیاشدا سروشت کراوەتە قوربانیی رانت و پارەخۆری. سەربازانى دەوڵەتى تورک لە کوردستان ئاگر بە دارستان و چیاکانەوە دەنێن. دەوڵەت دەیەوێت ناوچەکە چۆڵ ببێت و بیکاتە ناوچەیەکى سەربازی و وەک سەربازگەى لێبکات. لە هەر شوێنێکدا ئاگرێک دەکەوێتەوە بە خێرایی لەو ناوچەیەدا بنکەیەکى سەربازی دروست دەکرێت. ئێستا ئاگر بەردراوەتە ٧ شوێنی جیاجیا. پێش ئاگرتێبەردانی ئەو شوێنانە، بۆ ماوەى ساڵێک بە بەردەوامی لەلایەن جەردەوان و جاشەکانەوە داری ئەو ناوچانە دەبڕدرانەوە. بەپێی زانیاریی هاووڵاتییانی گوندەکانی ئەو ناوچانە بە زۆری دارە قەزوانەکان دەبڕدرێنەوە. ئەوەش لە کاتێکدایە دار قەزرانەکان سەرچاوەیەکى سەرەکیی داهات و بژێویی هاووڵاتییانی ئەو ناوچانەن. لەو رێگەیەوە دەیانەوێت خەڵکی ناوچەکە برسی و هەژارتر بکەن و رێگا بۆ کۆچکردنیان بکەنەوە".

'سەربازەکان رێگا نادەن ئاگرەکان بکوژێنرێنەوە'

ئیشکل باسی ئەوەیکرد، ئەو شوێنانەى ئاگریان تێبەردراوە، لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە بە هیچ شێوەیەک رێگا بە هاووڵاتییان نادرێت بڕۆن ئاگرەکان بکوژێننەوە و وتی "ئاگر بە هەموو ناوچەکانی چیای جودی دا بڵابووەتەوە و بە بەردەوامی تەشەنە دەسەنێت. بەپێی زانیارییەکانمان، دەستەیەک لە فەرمانگەى دارستان و ئاگرکوژێنەوەی شرنەخەوە بە ٧ ئۆتۆمبێل بەرەو جودی رۆیشتون، کە ئاگرەکە بکوژێننەوە، بەڵام سەربازەکان رێگرییان لێکردوون و بە پاساوی ئەمنی رێگایان پێنەداون بڕۆن ئاگرەکە بکوژێننەوە. دەوڵەت بەوە ئامانجی خۆی لە سوتاندنی دارستانەکان بۆ هەمووان زیاتر خستەڕوو. هەم پاکتاوکاریی ئیکۆلۆژیک (ژینگەى و سروشتی) دەکات و هەم رێگاش بە هیچ کەسێک نادات کە بڕۆن بۆ ئەو ناوچانە و ئاگرەکان بکوژێننەوە. لەو ناوچانەدا کە ئێمە لێکۆڵینەوەمان تیادا کردووە، هێشتا ئاگرەکان بەردەوامن و لە تەشەنەسەندان و تەنانەت ئاگر گەیشتووەتە نزیک ناوەندی شارەکە. ئەوە برینێکی چەندین ساڵەیە، هۆکاری سەرەکیشی بۆ کێشەى کورد دەگەڕێتەوە. ساڵەهای ساڵە شەڕ لەو ناوچەیدا هەیە و دەوڵەتیش خۆی راستەوخۆ ئەو دارستانانە دەسوتنێێت".

ژ.ت