دەوڵەتی تورک شاخی جودی دەستووتێنێت

سوپای دەوڵەتی تورک رۆژی دووشەممەوە لە شاخی جودی ئاگری لە حەوت شوێن بەرداوە و لە ئێستاشدا رێگە نادات کەس ئاگرەکە بکوژێنێتەوە یان هەوڵی کۆنتڕۆلکردنی بدات.

دوێنێ رۆژی دووشەممە سوپای دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە چەندین شوێن ئاگری لە دارستانەکانی شاخی جودی بەردابوو. سەرچاوە خۆجێیەکان رایانگەیاند، قەرەقۆڵی سەربازی لە قوڕسەکێچا ٣ گولەی گڕداریان بە دارستانەکانەوە ناوە و لە ئەنجامدا دارستانەکان ئاگریان گرتووە.

لە ئێستادا لە حەوت شوێن ئاگر کەوتووەتەوە و ئاگرەکان لە ناو شارەوە دیارە. جگە لە گوندی نەوا قێرا، شارەدێی رەمۆ و سپیندارۆک و گلندۆر و جگان و بێناڤیای سەر بە شارەدێی مەلێش ئاگریان گرتووە.

بە پێی هەواڵێکی میزۆپۆتامیا لە دوێنێوە بەڕێوەبەران و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵی ئەوەدان سەردانی شوێنی ئاگرکەوتنەوەکان بکەن، بەڵام لە لایەن سوپاوە رێگریان لێدەکرێت و رێگە نادەن هەوڵ بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بدریت.

گوایا سوپا بە بیانوی 'نەبوونی ئاسایش' رێگە بە سەردانی بەرپرسان نادات. لە لایەکی ترەوە باس لەوە دەکرێت کە ئەو ئاگرەی لە گوندەکانی هەزەخ و کیوەخ و باسپرین کەوتووەتەوە، کۆنتڕۆڵ کراوە.

ز.ش