ئۆپراسیۆنی پاکتاوی سیاسی: چەندین کەس لە باکووری کوردستان دەستگیرکران – نوێکرایەوە

لە ئۆپراسیۆنی پاکتاوی سیاسیی دەوڵەتی تورک لە دژی گەلی کورد هاوسەرۆک شارەوانی، پەرلەمانتاری پێشوو و بەرێوەبەرانی هەدەپە و چەندین کەسی تر دەستگیرکران.

داواکاری گشتیی دەوڵەتی تورک لە ئەنقەرە لە چوارچێوەى ئۆپراسیۆنی پاکتاوکردنی سیاسیی گەلی کورددا و بە پاساوی چالاکییەکانی ٥ بۆ ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ بۆ پشتیوانیکردن لە کۆبانێ، لە ٧ شاردا بڕیاری دەستگیرکردنی ٨٢ کەسی دەرکرد.

 ئەندامانی دەستەى ناوەندیی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) لەو ئۆپراسیۆنە پاکتاوکارییەدا دەستگیرکراون. ئایهان بیلگەن هاوسەرۆک شارەوانیی قەرس، عەلی ئورکوت ئەندامی هەدەپە، نازمی گیور ئەندامی پەیوەندییەکانی دەرەوەى هەدەپە، جان مەمیس ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی ناوەندیی هەدەپە، سری سوریا ئۆندەر پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە لە ئەنقەرە و ئەندامی شاندی دانوستانکاری ئیمراڵی و چەندین کەسی تر لە ئەنجامی ئەو ئۆپراسیۆنە پاکتاوکارییەی دژ بە گەلی کورد دەستگیرکراون.

ئەو ئۆپراسیۆنە پاکتاوکارییە لەلایەن یوکسەل کۆجامان داواکاری گشتیی دەوڵەتی تورک لە ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت. کۆجامان چەند رۆژ لەوە پێش لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری ئاکەپە سەردانی شاری قەرسی باکووری کوردستانی کردبوو. ئەو داواکارە گشتییە ماوەی ساڵێکە لێکۆڵینەوە  لەو دۆسیەیە دەستپێکردووە، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لەو دۆسیەدا وتە لە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە وەرگیراوە، دەمیرتاش کە بەهۆی ئەو دۆسیەیەوە دەستگیرکراوە بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەرکراوە، بەڵام هەر ئەو رۆژە لە چوارچێوەی 'لێکۆڵینەوەی کۆبانێ' دا دیسانەوە وتەى لێوەرگرایەوە و ئەو داواکارەش دووبارە بڕیارە بڕیاری دەستگیرکردنی چەندین کەسی دەرکرد.

ژ.ت