"دەوڵەمەندیی کوردستان هۆکارە بۆ چاو تێبڕینی تورکیا"

باشووری کوردستان خاوەنی چەندین مقەوماتی گرینگی وەک نەوتی کەرکوک، غازی سروشتی، زنجیرە چیاکانی قەندیل، چیای شەنگال، زنجیرە چیا سنوورییەکانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەهێزی جوڵانەوەی کورد و لاوازیی دەوڵەتی عیراقیش چاوتێبڕینەی تورکیای زیاتر کردووە

 باشووری کوردستانە ئەم ناوچەیە خاوەنی چەندین مقەوماتی گرینگە لەوانە نەوتی کەرکوک، غازی سروشتی ، زنجیرە چیاکانی قەندیل، چیای شەنگال، زنجیرە چیا سنوورییەکانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەهێزی جوڵانەوەی کورد لەم ناوچەیەدا بە مەترسیى دەزانێت بۆ سەرخۆی و لاوازیی دەوڵەتی عیراقیش لە چەند قۆناغێکدا ئەم چاوتێبڕینەی تورکیای زیاتر کردووە.

ئاشکرایە تورکەکان لە ماوەی ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا بە هەموو شێوەیەک دژی هەموو جوڵانەوییەکی ئازادیخوازانەی گەلی کورد بوون و هەموو سەر‌هەڵدان و شۆڕشێکی کوردیان بە دڕندانترین شێوەیە سەرکوت کردووە. هەمێشە هەوڵیان داوە زۆرترین خاکی کوردستان داگیر بکەن. باشووری کوردستان ئێستا بەر داگیرکەریی دەوڵەتی تورک کەوتووە و داگیرکردنی ئەم ناوچەیە خەونی لە مێژینەی ئەو دەوڵەتەیە.

دەربارەی مێژووی تەماحکاریی دەوڵەتی تورک و پاڵنەرەکانی تەماحاکارییەکانی ئەو دەوڵەتە بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان مامۆستای گۆران سەلام مامۆستا مێژووی لە زانکۆی چەرموو وەڵامی پرسیارەکانى ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF)ی دایەوە.

"کوردستان لە جەنگی چاڵدیرانەوە بووە گۆرپانی جەنگ"

پ : مێژوی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا بۆسەر باشووری کوردستان بۆ چ کاتێک دەگەڕێتەوە؟

بێگومان پێویستە بۆ پێشینەی مێژووی چاوتێبڕینی و داگیرکاری دەوڵەتی عوسمانی بگەڕێینەوە. کاتێک هۆزی تورک لە 1299 لەسەر دەستی ئەرتۆغورول بوونە دەسەڵاتداری ناوچەیەکی دیاری کراو لە ڕێگەی ملکەچکردنی هۆزەکانی دەور و پشتیانەوە لە ڕێگەی فراوانخوازی و داگیرکارییەوە سنووریان فراون کرد و لە 1514 دەسەڵاتی ملهوڕیان گەیشتە چڵوپۆپە و جەنگی چاڵدێرانیان هەڵگیرساند لە دژی سەفەوییەکان. لێرەوە کوردستان بووە گۆڕەپانی جەنگ و ململانێیەکی درێژخایەنی چاوتێبڕین و داگیرکردن و دابەشکاری لەسەر دەستی تورکەکان و بۆ یەکەمجار کوردستان لە نێوان ئەم دو هێزەدا دابەشکرا و بوو بە دوو بەشەوە .

لە دوای سەدەی شانزدەوە چەندین جار سنووری کوردستان لە نێوان ئەم دوو هێزەدا کێشراوەتەوە. لەوانە چەندین ڕێککەوتننامە و پەیماننامە هاتووەتە ئاراوە و گرینگترین ڕێککەوتننامەکانیشیان (ئەماسیە 1555 ، فرهاد پاشا 1590 ، نصوح پاشا 1613 ، سەراو 1618 ، سنوور 1639 ، هەروەها لە 1728 و 1731 دووبارە ڕێککەوتنەوە لەسەر ڕادەستکردنی هەندێک ناوچە کرایەوە، کوردان 1746 ، ئەرزڕومی یەکەم 1823 ئەرزڕومی دووەم 1847 .

"زۆربەی ڕێککەوتنەکانی عوسمانی و سەفەوی لەسەر بەشکردنی کوردستان بوو"

خاڵی هاوبەشی زۆرینەی ڕێککەوتننامە و پەیماننامەکان کورد و سنووری کوردستان بووە، کە هەمیشە لە لایەن ئەم دوو هێزەوە بەکار هێنراوە، کورد وەک هێزی مرۆیی و کوردستان وەک سنوور و هێزی ئابووری بە ڕێگەی باج و سەرانەوە بەکارهێنراوە. هەرچی پەیوەندیی بە سنووریشەوە هەبێت زۆرینەی جار داوای کاراکردنەوەی ئەو بەندەی ڕێککەوتننامەی پێشتر کراوە کە پەیوەندیدار بووە بە کوردستان و سنوورەکەیەوە ، کە هەمیشە ڕۆژهەڵاتی زنجیرە چیای زاگرۆس بۆ سەفەوی و قاجاری ڕۆژئاوایش بۆ عوسمانی دانراوە. لە 1639 بە دواوە بەشی باکور و باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بۆ هەمیشە کەوتە دەستی عوسمانیێەکان و لە 1847 جێبەجێکردنی سیاسەتی ناوەندێتی عوسمانی گەیشتە ترۆپک و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی تەواوی میرنشینە کوردییەکان چووە بواری جێبەجێکردنەوە لەوانە ( سۆران و بادینان و بۆتان و هەکاری و بابان).

لە سەدەی پێشودا ویلایەتی موسڵ (باشووری کوردستان) لە ڕێگەی ڕێککەوتننامەی سایکس - پیکۆ لە 1916 دا، کە بەشێک بوو لە دەوڵەتی عوسمانی بەر دەوڵەتی فەڕەنسا کەوت و دواتریش لە لایەن بەڕیتانیا و بە ڕازیکردنی فەڕەنسا دەستی بەسەردا گیرا و لە 1926 یشدا لکاندی بە دەوڵەتی تازە دروستبووی عێراقەوە.

"تورکەکان خەونی کوردیان لە ناوبرد"

پ : چ کاتێک دەوڵەتی عوسمانی باشووری کوردستانی لە دەستدا؟

لە سەروبەندی جەنگی جیهانیی یەکەمدا دەوڵەتی عوسمانی بە تەواوی پەکی کەوتبوو، بۆیە لە 1916 دا و لە سایکس - پیکۆدا لە لایەن بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ڕوسیای قەیسەرییەوە ناوچەکان دابەشکرا. سووریا بە ویلایەتی موسڵەوە درا بە فەڕەنسییەکان و لە 1919 بەڕیتانیا و فەڕەنسا ڕێککەوتن بە کشانەوەی هێزەکانی بەڕیتانیا لە سووریا و دەست هەڵگرتنی فەڕەنسا لە ویلایەتی موسڵ بۆ بەڕیتانیا. لە 1921 دەوڵەتی عێراق لە هەردوو ویلایەتی بەسڕا و بە‌‌غداد پێکهات و لە 1926 ویلایەتی موسڵ وەک سەری دەوڵەتەکە لکێنرا بە دەوڵەتی عێراقەوە. هەرچەندە لە پەیمانی سیڤەر لە ساڵی 1921 لە بەندەکانی 62-63-64 حەقی کورد وەک کیانێک ئاماژەی بۆ کرابوو، بەڵام هەوڵە دپبلۆماسییەکانی کەمالییەکان لە پەیمانی لۆزانی ساڵی 1923 ڕیسەکەی کردەوە بە خوری. هەوڵە بەردەوامەکانی کەمالی و چاوتێبڕینیان بۆ ویلایەتی موسڵ (باشووری کوردستان) سەری نەگرت و ساڵی 1926 بەیەکجاری خەونی داگیرکردنی ویلایەتی موسڵ لە لایەن کەمالیەکانەوە لە گۆڕنرا .

دەوڵەمدنی خاکی کوردستان پاڵنەرە بۆ چاوتێبرینی تورکیا

پ : لە دوای ڕوخاندنی دەوڵەتی عوسمانی و بونیادنانی دەوڵەتی نوێی تورکیا بۆچی دەوڵەتی تورکیا بە دیاریکراوی داوای خاکی باشووری کوردستانی دەکرد؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت لە ستراتیژیی سیاسەتی کەمالییەکان لە هەمبەر وڵاتانی دراوسێ بڕوانین. دوای ئەوەی هاوپەیمانەکان لە جەنگدا سەرکەوتن و کۆنتڕۆڵی بە نزیکراوەی تەواوی جیهانیان کرد و دەوڵەتی عوسمانیان دابەشکرد، بزوتنەوەی کەمالیش وەک جولانەوەیەکی چەکداریی ناوچەیی لە تورکیا چەندین ناوچەیان دەست بەسەردا گرتبوو، خەونی سەرەکیی کەمالییەکانیش دروست کردنی دەوڵەتێکی نوێ بوو لەسەر داروپردوی عوسمانی، لەبەرامبەر زلهێزەکانیشدا نەیدەتوانی بە هێز ئەو ناوچانە داگیر بکات، بۆیە کەمال ئەتاتورک وەک تاکتیکێک بە لایەنگرانی ڕاگەیاند تێبکۆشن بۆ داگیرکردنی ویلایەتی موسڵ و سووربن لەسەر داواکردنی لەبەرامبەر ئەمەدا هیچ نەبێت هاوپەیمانان بە تایبەتی بەریتانیا دەست هەڵدەگرێت لەو ناوچانەی بەدەستمان هێناوە، بۆیە سووربن لەسەر موسڵ بۆ ئەوەی هیچ نەبێت ئەستەنبوڵمان لی دەست نەچێ . لە گریگنترین فاکتەرەکانی دیکەش بریتییە لە نزیکیی ویلایەتی موسڵ لە تورکیا و هەروەها بنکە ستراتیژییەکەی ئەو ناوچەیە، کە بێگومان مەبەستمان لە تەواوی سنووری باشووری کوردستانە. ئەم ناوچەیە خاوەنی چەندین مقەوماتی گرینگە لەوانە نەوتی کەرکوک و غازی سروشتی و زنجیرە چیاکانی قەندیل و چیای شەنگال و زنجیرە چیا سنوورییەکانی ناوبەر باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەهێزیی جوڵانەوەی کوردی لەم ناوچەیە، کە مەترسییە بۆ سەر تورکیا و لاوازیی دەوڵەتی عێراقیش لە چەند قۆناغێکدا ئەم چاوتێبڕینەی تورکیای زیاتر کردووە.

پ : پاڵنەرە سیاسی و ئابوورییەکانی ئەو داواکارییە چی بون؟

گرینگترینییان بریتییە لە ..

  • نەوت و گازی سروشتیی ئەم ناوچەیە لەگەڵ چەندین کانزای دیکەی بە نرخدا، کە وەک پاڵپشتییەکی ئابووریی بەهێز چاوی تێبڕیووە لەوانە نەوتی شاری کەرکوک و گازی سروشتی لە کەرکوک و سلێمانی و ڕێگا بازرگانییە گرینگەکانی ئەم ناوچەیە، کە بە درێژایی مێژو جێگای چاوتێبڕینی داگیرکەران بووە. سەرەڕای بە پیتیی خاکی ئەم ناوچەیە بۆ کشتوکاڵ و چاندنی چەندین بەروبومی جۆراوجۆر، جگە لەوەی هەمیشە وەک بازاڕێکیش بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانی لێی دەڕوانێت و چەندین کەرەستەی خاوی گرینگ بۆ پیشەسازی لەم ناوچانەدا بوونی هەیە.
  • لە ڕوی سیاسیشەوە هەمیشە وەک ستراتیژییەک چاوی تێبڕیبوە لە سەروی هەموشییانەوە بۆ پەلاماردان و گەمارۆدانی جولانەوەی کوردی، کە قەندیل وەک گەورەترین لەمپەر لە بەردەم ئەم ئامانجەیدا دەیبینێت. جگە لەوەی هەمیشە لە ڕێگەی ئەم  ناوچانەوە ئامانجێتی جڵەوی سەروی عێراق بگرێت و وەکو کارتێکی فشار لە بەرامبەر عێراق بەکاری بهێنێت. لە لایەکی دیکەشەوە وەک کارتێک بەرامبەر وڵاتانی رۆژاوا بەکاری بهێنێت و جوڵانەوەی کوردی باشوور و ڕۆژاوای کوردستان لە یەک داببڕێت و جڵەوی هێزە کوردییەکانی پێ بکات و دەست بەسەر تەواوی دەرچە ئابووری و سیاسییەکانی کوردا بگرێت. هەروەها ئامانجێتی خۆی وەک  نوێنەری ڕاستەقینەی ئیسلامی سیاسی و ئیخوانی و جیهانی سونە وێنا بکات لە بەرامبەر شیعە و بەرامبەر سعودیەشدا بە تایبەتیش لەسەر دەستی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)دا، بەڵام تێکەڵکردنی تەواوی ئەم کارتانە بەو ئەنجامەمان دەگەیەنێت ئایندەیەکی ڕۆشن چاوەڕێی تورکیا ناکات و ڕۆژگار ڕوونتری دەکاتەوە.

بۆیە لەم سیاسەتەشیاندا دەگەڕێینەوە سەر وەسیەتەکەی ساڵی ١٩٣٨ ئەتاتورک کە داوای هەوڵدانی داگیرکردنەوەی ویلایەتی موسڵی لە عیسمەت ئینۆنۆی سەرۆک وەزیان کردووە، کە گوایە ڕیککەوتننامەی لۆزان مافی دەستێوردانی سەربازیی بە تورکیاداوە بۆ پاراستنی تورکمانەکانی موسڵ، تەلعەفەر و کەرکوک، ئەمەش بووە بە بنەمای ئۆپەراسیۆنەکانی دەوڵەتی تورک کە گرینگترینیان ئەمانەن :

ئۆپەراسیۆنی ١٩٩٢ لەسەر سنووری عێراق تورکیا لە دژی پەکەکە - لە ساڵی ١٩٩٥ ئۆپراسێۆنی (پۆڵا) - لە ساڵی ١٩٩٧ ئۆپراسێۆنی چەکوش - ئۆپراسێۆنی  (بەرەبەیان) 1997 -  لە ساڵی ١٩٩٨ ڕیگا بە تورکیا درا چەند بنکەیکی سەربازی لە هەرێمی کوردستان بکاتەوە، لە پرۆسەی ئازادیی عیراقیش لە ساڵی ٢٠٠٣ تورکیا بۆ شایی ئەمنیی قۆستەوە و سنوورەکانی عێراقی بەزاند . لە ساڵی ٢٠٠٧ پەرلەمانی تورکیا ڕەزامەندیی دەربڕی لەسەر ئەنجامدانی ئۆپەڕاسیۆن لە خاکی عێراقدا،  لە ساڵی ٢٠٠٨ تورکیا ئۆپراسێۆنی (خۆر)ی ڕاگەیاند – ئۆپەڕاسیۆنی ساڵی 2011 – هەروەها لە دوای ڕیفراندۆمی باشووری کوردستانەوە ژمارەیەک بنکە و بارەگای هەواڵگری و سەربازیی دروستکردەوە و دەستی بە ئۆپراسیۆنی سەربازی کرد و و لە ناوچەکانی سیدەکان، خواکورک و  چیا دێل بە ئامانجی داگیرکردنی خاکی باشووری کوردستان. لە نەورۆزی ٢٠١٩ەوە ئۆپراسێۆنی (پەنجەیان) ڕاگەیاندووە و تەواوی توانا سەربازی و هەواڵگرییەکانی خستووەتە خزمەتییەوە و بە فەرمی دەرگای ئیبراهیم خەلیل بەکار دەهێنێت و سوود لە کوردی خائین وەر دەگرێت، تەنانەت فەرماندەی هێزەکانی تورکیا لە چیادێل کوردە.

ر.م