رۆژنامەنووس دەنیز فرات لە شوێنی شەهیدبوونەکەیدا یادی کرایەوە

ئەندامانی چاپەمەنیی مەخمور لەگەڵ دایک و باوکی دەنیز فرات چون بۆ شوێنی شەهیدبوونی دەنیز و بە مەراسیمێک یادی رۆژنامەنووسی شەهید دەنیز فرات-یان کردەوە.

بە بەشداریی ئەندامانی چاپەمەنیی مەخمور و دایک و هەڤاڵانی، یادی ٦هەمین ساڵیادی شەهیدبوونی دەنیز فراتی رۆژنامەنووس لە شوێنی شەهیدبوونەکەى کرایەوە.

رۆژنامەنووس دەنیز فرات لە مەخمور و لە کاتی هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر مەخمور لە ٨ی ئابی ٢٠١٤دا لە کاتی بەجێهێنانی ئەرکی رۆژنامەنووسی و رووماڵکردنی ئەو هێرشەى چەتەکاندا شەهید بوو.

مەراسیمەکە بە خولەکێک بێدەنگی و رێزگرتن دەستیپێکرد و لە کەسایەتیی شەهید دەنیز فرات دا یادی هەموو هەموو شەهیدانی چاپەمەنیی ئازاد و هەموو شەهیدانی کوردستان بەرز راگیرا. دوای ئەوە دایک و باوکی دەنیز فرات و هەروەها فیلیز بوداک بە ناوی چاپەمەنیی ئازادەوە وتەیان پێشکەشکرد.

سوڵتان یڵدزتان دایکی شەهید دەنیز رایگەیاند، هەموو ساڵێک لە شوێنی شەهیدبوونی دەنیزدا یادی دەکەنەوە. راشیگەیاند، لەو شوێنەدا کە دەنیزی تیادا شەهیدبووە داری زەیتونی ناشتووە. ئەوەشی وت "لەو رۆژەوە تاوەکو ئەمڕۆ ئەو دارە وشک نەبووە، ئەوەش بە مانای ئەوەیە  دارێک بە خوێنی شەهیدان ئاودرابێت هەرگیز وشک ناکات".

دایە یڵدزتان سەرنجی خستەسەر گەمارۆ و هێرشی سەر کامپی پەنابەرانی مەخمور و رایگەیاند، مەترسیی بڵاوبوونەوەى پەتای کۆرۆنا هەیە، ئێمە لە زیندانێکی سەردانەپۆشراوداین. بۆیە ئەو کەس و لایەنانە شەرمەزار و ئیدانە دەکەین، کە هاوکاریی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەکەن.

نایف یڵدزتان باوکی شەهید دەنیز فرات رایگەیاند، دەنیز فرات تەنها شەهیدی بنەماڵەى ئێمە نییە، بەڵکو شەهیدی هەموو کوردانە.

فیلیز بوداک بە ناوی چاپەمەنیی ئازاد لە مەخمور وتەیەکى پێشکەشکرد و لە کەسایەتیی شەهید دەنیزدا یادی شەهیدانی بەرخودانی مەخموری بەرز راگرت و وتی "لە بەرخودانی مەخمووردا چەندین هەڤاڵمان شەهید بوون. یەکێک لەوانە شەهید دەنیزە، لەبەر ئەوەی راستیی دوژمن و بەرخودانی ئێرەی لەسەر رێگای راستیی راگەیاندن بڵاودەکردەوە، کرایە ئامانجی هێرشەکان و شەهید کرا".

فیلیز بوداک، دەنیز فراتی وەک سیمبول و هێمای بەرخودان پێناسە کرد و رایگەیاند، شوێنکەوتوی رەنج و چالاکییەکان و بەرخودانی دەنیز دەبن.

مەراسیمەکە بە وتنەوەى دروشمەکانی "شەهید نامرێ"  و "بێ سەرۆک ژیان نابێت" کۆتایی پێهات.

ژ.ت