رۆژنامەنووس هێمن مامەند لەسەر سکاڵای سەرۆکایەتیى حکومەتى هەرێم دەستگیرکرایەوە

رۆژنامەنووس هێمن مامەند لە دواى ٢ جار دەستگیرکردنى لەسەر یەک، شەوی رابردوو دادوەر بڕیاری ئازادکردنى بۆ دەرکردبوو، بەڵام بۆ ئەوەى رێگری لە ئازادکردنی بکرێت، لە سەرۆکایەتیى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە سکاڵایەکى تری لەسەر تۆمار کرا و زیندانی کرایەوە.

هێزە ئەمنییەکانی شاری هەولێر شەوی ٢٤ی ئاداری ٢٠٢٠ هەڵیانکوتایە سەر ماڵی رۆژنامەنووس هێمن مامەند و بەبێ بڕیار و بەڵگەى دادگا و بەبێ ئەوەى رێگای پێبدەن جلوبەرگەکانى بگۆڕێت بە بیجامەوە لەگەڵ خۆیان بردیان و سەرباری هەموو گوشارەکان و ناڕەزایەتى تاوەکو ٧ی نیسانی ٢٠٢٠ لە زینداندا راگیرا. دواى ماوەیەک ئاشکرابوو دەستگیرکردنەکەى بەهۆی سکاڵای فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر لە رێگەى داواکاری گشتی بە پاساوی خراپ بەکارهێنانى ئامێرەکانى پەیوەندی دەستگیرکراوە.

کاتێک ئێوارەى ٧ی نیسان و لە دواى هەوڵی بنەماڵە و پارێزەران و چالاکوانان و رۆژنامەنووسان هێمن مامەند ئازاد کرا، هەر دواى چەند کاتژمێرێک هێزێکی پۆلیسی هەولێر چوونەوە سەر ماڵی رۆژنامەنووس هێمن مامەند و دووبارە دەستگیریان کردەوە، سکاڵاکاری ئەمجارە دژ بەو رۆژنامەنووسە پۆلیسی هەولێر بوو.

دووبارە دەستگیرکردنەوەى هێمن مامەند کاردانەوە و ناڕەزایەتى بە دواى خۆیدا هێنا و دیسانەوە دواى هەوڵی بەردەوام بڕیاربوو شەوی ٢٦ لەسەر ٢٧ی نیسان بە کەفالەتى ٦ ملیۆن دینار ئازاد بکرێت و لە ئەنجامدا دادوەر بڕیاری ئازادکردنی بۆ هێمن مامەند دەرکرد. لە کاتێکدا پارێزەران و بنەماڵەکەى و رۆژنامەنووسان چاوەڕوانى ئازادکردنی ئەو رۆژنامەنووسە بوون دووبارە هەر لە زینداندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرایەوە.

ئەمجارەش دەرکەوت هۆکاری دەستگیرکردنەوەى هێمن مامەند بەهۆی سکاڵایەکى سەرۆکایەتیی حکومەتى هەرێمی کوردستان لە رێگەى داواکاری گشتییەوە بووە لە دژی ئەو رۆژنامەنووسە.

هێمن مامەند یەکێک لە رۆژنامەنووسە دیارەکانى شاری هەولێر و کوردستانە و ساڵانى پێشتریش چەنجارێک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرابوو، یان گوشاری خرابووە سەر. لە ئێستاشدا دەسەڵاتی هەولێر لە پارێزگاری هەولێرەوە بۆ پۆلیسی هەولێر و لەوانەشەوە بۆ سەرۆکایەتیى حکومەتى هەرێم کەوتونەتە دژایەتیکردنی ئەو رۆژنامەنووسە، کە لە دەرەوەى حیزب و دەسەڵاتی ئەو ناوچەیە کار دەکات.

لە ٢٧ی ئادارەوە کەمپەینێک بۆ ئازادیی رۆژنامەنووس هێمن مامەند لەلایەن رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی کوردستانەوە دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە و لە کەمپەینەکەدا ٥٤٤ رۆژنامەنووس، پارێزەر، کەسایەتى و چالاکوان داواى ئازادکردنی هێمن مامەندیان کردووە.

 تیمی پارێزەرە خۆبەخشەکانی هێمن مامەند لەبارەى دەستگیرکردنەوەى هێمن مامەند بۆ جاری سێیەم نووسراوێکیان بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە: پاش ئەوەی بەبریاری دادوەرو بەکەفالەتی ٦ ملیۆن دینار ئازاد کرا، بەڵام دواتر بەهۆی سکاڵەیەکی تر کە لەلایەن سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم لەڕێگای داواکاری گشتییەوە تۆمارکراوە لەدژی، جارێکیتر ڕۆژنامەنوس ھێمن مامەند ڕاگیرایەوە.

دەقی نوسینەكەی تیمی پارێزەرانی هێمن مامەند

تا ئێستا لە چاوەروانی هێنانەوەی ڕۆژنامەنوس هێمن مامند دا بوین لە بەردەم بنکەی پۆلیسی ئازادی کە لە گرتوخانە بیهێننەوە، کە بە بریاری دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر بە کەفالەی 6 ملیۆن دینار ئازاد کرابو ، بەلام ئەمجارەیان بە هۆی سکالایەکیتر کە لە لایەن سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم کە لە ڕێگای داواکاری گشتی تۆمارکراوە لەدژی بۆیە جارێکیتر ڕاگیرایەوە و چارەنوسی دواخرا، لە بەیانییەوە لە گەڵ تیمی پارێزەران لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین لە بەدوا داچوون .

تیمی پارێزەرانی خۆبەخش

هەولێر

شەوی ۲٦/۲۷ ی نیسان ۲٠۲٠

ژ.ت