رۆژهەڵات بە یەک دەنگ نابۆ سێدارە
دژی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی دوو گەنجی کورد لە زیندانی ئێران، گردبوونەوەیەک ڕێکخرا، لە گردبوونەوەکەدا هۆشداری تووند دەدرێتە ئێران.
دژی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی دوو گەنجی کورد لە زیندانی ئێران، گردبوونەوەیەک ڕێکخرا، لە گردبوونەوەکەدا هۆشداری تووند دەدرێتە ئێران.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، بە شێک لەچالاکوانانی سیاسی مەدەنی ڕۆژهەڵات، لە شارۆچکەی قەڵادزێ، دژی بڕیاری لەسێدارەدانی دوو چالاکوانی کورد لە ناو باخی گشتی شارۆچکەکە، گردبونەوەیەکی ناڕەزاییان ڕێکخست و ڕاگەیاندراوێکیشیان بۆ ڕای گشتی خوێندەوە.
لە گردبوونەوەکەدا ئاسۆ سەقز، ڕاگەیاندراوکەی خوێندەوە کە تێیدا هاتبوو:"ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەمەبەستی ترساندن و سەرکوتکردنی سەرهەڵدانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سیاسەتی سڕینەوە و لەسێدارەدان بەکاردەهێنێت و لەنێوانیشیاندا گەنجان بەئامانج دەگرێت، بۆ ئەوەی مەترسی شۆڕش و ڕوخاندن لە خۆی دوور بخاتەوە".
ئاسۆ وتیشی:"دەساڵ لەمەو پێش بەتۆمەتی کوشتنی کوڕی ئیمام جومعەی مەریوان، دوو ئامۆزا بەناوەکانی زانیار و لوقمان مورادی کەخەڵکی شاری مەریوانن، لەلایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتەوە ڕەوانەی زیندان کراون، لەم ماوەیەشدا بۆ ترساندنی کۆمەڵگا هەوڵی لەسێدارەدانی ئەم دوو گەنجە دەدرێت، بەم شێوەیەش دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە خەڵک و بنەماڵەکانی زیندانیان بترسێنێت ".
لەکۆتاییدا ئاسۆ وتیشی:"داوا لەکۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین کە بەجددی بێنە سەرخەت و ڕێگریی بکەن لە لەسێدارەدانی گەنجانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هۆشداری توند دەدەین بەڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئەگەری لە سێدارەدانی ئەم دوو گەنجەدا، سەرهەڵدان دەست پێدەکەینەوە و تۆڵەی گەنجە کانمان دەکەینەوە".