رۆژی ژینگە؛ دووەمین ساڵیادی شەهادەتی مەزڵومانەی عاشقانی زاگرۆس

رۆژی ٣ی خەرمانی ١٣٩٧ی هەتاوی / ٢٥ی ئابی ٢٠١٨ دوو ئەندامی ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان و دوو کارمەندی فەرمانگەى ژینگەی ئەو شارە لە کاتی کوژاندوەى ئاگری دارستانەکانی نزیک سەڵەسی و پێلەی مەریوان بە شێوەیەکى گوماناوی شەهید بوون.

ساڵانە ٤٠ هەزار هێکتار (١٦٠ هەزار دۆنم) لە دارستانەکانی ئێران لە ناو دەچن. لە ٤٠ ساڵی رابردوودا ٦٠ ملیۆن هێکتار (٢٤٠ ملیۆن دۆنم) لە دارستانەکانی ئێران لە ناو چوون. ئەگەر لەناوچوونی دارستانەکان بەوشێوەیە بەردەوام بێت ئەوا تاوەکو ٣٠ ساڵی تر هەموو دارستانەکانی ئێران لەناو دەچن.

ئاگرتێبەردانی دارستان و لەوەڕگەکانی زاگرۆس لەم ساڵانەی دوایدا زیانی قەرەبوو نەکراوی بە ژینگەی زاگرۆس گەیاندووە. یەکێک لە هۆکارەکانی دامەزراندنی ئەنجوومەنە ژینگەپارێزییەکان لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کردستان بۆ پاراستنی میراتی هاوبەشی دارستان و لەوەڕگەکانە لەو بەشەی وڵاتەکەماندا.

لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورە لە دارستانی گوندەکانی سەڵەسی و پێلە لە رۆژی ٢ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی / ٢٤ی ئابی ٢٠١٨ لە نزیک مەریوان تیمەکانی ئەنجوومەنى سەوزی چیای مەریوان بەرەو شوێنی ئاگرەکە رۆیشتن. هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئاگرەکە تاوەکو نیوە شەو بەردەوام بوو و بەشێکی زۆر گەورە لە ئاگرەکە کوژێنرایەوە. لە بەیانیی رۆژی ٣ی خەرمان / ٢٥ی ئاب دا دووبارە ئاگرەکە تەشەنەی سەندەوە و ئەندامانی ئەنجوومەی سەوزی چیا لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەکە دەستیان کردەوە بە کوژاندنەوەى ئاگرەکە. بە وتەی یەکێک لە شایەتحاڵەکان بە لانیکەمەوە دەنگی ٢ تەقینەوە لە کاتژمێرەکانی پێشنیوەڕۆی رۆژی ٣ی خەرمانان دا بیستووە.

شەهید نامرێ؛ وەڵامی گەل بە سیناریۆ چەپەڵەکانی سوپای پاسدارانی داگیرکەر

بە بڵاوبوونەوەى هەواڵی شەهادەتی شەریف باجوەر، ئومێد کۆنەپۆشی، رەحمەت حەکیمی نیا و محەمەد پژوهی کەمپەینێکی خۆڕسک لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی کوردستاندا دروستبوو. وڵاتپارێزان و ژینگەدۆستان لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی کوردستان و چەند شارێکى ئێرانەوە هاوکات لەگەڵ هاوخەمیی خۆیان رایانگەیاند، بەشداری لە مەراسیمی بە خاکسپاردنی تەرمی شەهیدانی ژینگە لە مەریوان دا دەکەن.

رۆژی یەکشەممە ٤ی خەرمانان / ٢٦ی ئاب دەیان هەزار کەس لە شارەکان و گوندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە گەیشتنە مەریوان و تەرمی گیانبەختکردوانیان بەرەو دوا ئارامگەی ئەبەدییان بەڕێکردن.

دۆستانی باجوەر و کۆنەپۆشی بە بە دەستگرتنی پۆستەر و وتنەوەی دروشمی "شەهید نامرێ" بەرەو گۆڕستانی داسێرانی مەریان کەوتنەڕێ. بەپێی ڤیدیۆ و دیمەنە بڵاوکراوەکان لە مەراسمیەکەدا، هاووڵاتییان توڕەیی خۆیان لە دژی داگیرکەران نیشاندا و بۆ پاراستنی تەرمی پێشەنگەگانی رێگای عەشق بە وڵات لە دەوری یەکتر کۆبوونەوە. بەوەش مەریوان لە پرسەی لەدەستدانی گەنجەکانیدا رۆژێکی مێژوویی تێپەڕاند.

دوو ساڵ بەسەر شەهادەتی ٢ چالاکی ئەنجوومەنى سەوزی چیای مەریوان و دوو کارمەندی فەرمانگەی ژینگەى مەریوان دا تێپەڕی. کاک شەریف باجوەر، کاک ئومێد کۆنەپۆشی و ئەو ٢ کارمەندەی لەگەڵیان بوون لە دڵی وڵاتپارێزانی کوردستاندا بۆ هەمیشە گەشمەردە دەبن و بوونە سیمبول و هێمای تێکۆشان بۆ بەرگریکردن و پاراستنی ژینگە.

شەهادەتی ٣ شەیدای دیکەی زاگرۆس لە پاوە

٨ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی / ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ سێ چالاکوانی ژینگەپارێزی خەڵکی پاوە بە ناوەکانی موختار خەندانی، بیلال ئەمینی و یاسین کەریمی لە کاتی کوژاندنەوەى ئاگری دارستانی ناوچەی پارێزراوی بۆزینە و مەرەخێڵ گیانیان لە دەستدا و شەهیدبوون.

موختار خەندانی وتەبێژ و ئەندامی دەستەى دامەزرێنەری ئەنجوومەنى ژینگەى ژیوای پاوە و یاسین کەریمی و بیلال ئەمینی چالاکوانانی ژینگە و ئەندامانی ئەنجومەنی ژیوای پاوە لەو رووداوە گوماناوییەدا شەهید بوون.

٣ی خەرمانان "رۆژی ژینگە"

کۆمەڵگەی دیمکوکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) بۆ رێزگرتن لە یادی عاشقان و شەیدایانی زاگرۆس و بە مەبەستی رێکخستنی کۆمەڵگە بۆ زیاتر ژینگەدۆستبوونیان و هەروەها پوچەڵکردنەوەى سیاسەتە شوم و چەپەڵەکانی رژێمی داگیرکەری ئێران لە دژی ژینگەی زاگرۆس، لە سێیەمین کۆنگرەی خۆیدا رۆژی ٣ی خەرمانان / ٢٥ی ئابی وەک "رۆژی ژینگە" لە کوردستان و ئێراندا دیاریکردووە.

ژ.ت