رێپێوانی ئەنتەرناسیۆنالیستەکان دەستیپێکرد

کەسانی ئەنتەرناسیۆنالیست، بە مەبەستی پشتیوانیکردن بۆ ئازادی ئوجالان لە بەردەم باڵەخانەی داد لە لوکسەمبۆرگ دەستیان بە رێپێوانێکی بەرفراوان کرد.

کەسانی ئەنتەرناسیۆنالیست بۆ ئازادی ئوجالان، بە دروشمی "ئازادی بۆ ئوجالان، دیاریکردنی پێگە بۆ کوردستان، با لە بەرامبەر فاشیزم ببین بە یەک" لە بەردەم باڵەخانەی داد لە لوکسەمبورگ دەستیان بە رێپێوانێکی بەرفراوان کرد و لە ئەمریکای لاتین، ئیسپانیا، ئێران، ئەفریقای باشور، کەنەدا، ئیکوادور و چەندین ناوچەی دیکەوە، ١٢٠ کەسی ئینتەرناسیۆنالیست بەشداری رێپێوانەکە بوون.  

'ئێمە گۆشەگیری قبول ناکەین'

بەشداربووانی رێپێوانەکە بە زمانی ئینگلیزی، فەرەنسی و ئەلمانی قسەیانکرد و رایانگەیاند، ئەوان گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدولا ئوجالان قبول ناکەن و هاوکات سڵاویان نارد بۆ شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان.

'دەوڵەتی تورک بە پێی یاساکان ناجوڵێتەوە'

بەشدارانی رێپێوانەکە لە قسەکانیاندا وتیان:" لەگەڵ ئەوەی راپۆرتەکانی CPT رادەگەیێندرێن، بەڵام گۆشەگیری سەر بەڕێز ئوجالان بەردەوامە. تا ئێستاش رێگا نادرێت چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەر و خانەوادەکەی ئەنجام بدات.

بەڕێز ئوجالان لە ساڵی ١٩٩٩-وە تا ئێستا لە ژێر گۆشەگیریدایە، بەڵام لەگەڵل ئەمەشدا، لە ساڵەکانی ١٩٩٩-٢٠٠٤-٢٠٠٦-٢٠٠٩ و ٢٠١٣ ئاگربەستی راگەیاند. بەداخەوە دەوڵەتی تورک بە پێی ئەم ئاگربەستە نەجوڵایەوە و بگرە بەردەوام بوو لەسەر سیاسەتی پشتگوێخستن و لەناوبردن.

پرۆژەی کۆنفیدرالی دیمۆکراتیک-ی ئوجالان نەک تەنها بۆ کورد و کوردستان، بەڵکو توێژینەوەکانی دەتوانن هەموو کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر بکەن. پارێزنامەکانی ئوجالان لە لایەن بیرمەندە سیاسیەکانی ئەوروپاوە پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا.

بە کورتی بۆ سەرکەوتنی دۆزی کورد، پێویستە ئوجالان ئازاد بکرێت و لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا پێویستە پێگەیەک بدرێت بە کوردستان. بۆ ئەوەی چارەسەرییەکی ئاشتیانە بۆ قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدۆزرێتەوە، لە لوکسەمبورگەوە تا ستراسبورگ رێدەکەین."

بە پێی بڕیاری لیژنەی ئامادەکار، رێپێوانەکەی ئەمساڵ بە ناو شارەکاندا بەڕێوە دەچێت و ئەنتەرناسیۆنالیستەکان بە درێژایی ١٥ کیلۆمەتر رێدەکەن.

ز.ش