رێکخستنەکانی ئەوروپای پژاک مەراسیمەکانی تایبەت بە ٤ی نیسانیان هەڵوەشاندەوە

بەڕێوەبەری رێکخستنەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لە ئەوروپا بە بۆنەی ساڵڕۆژی لە دایکبوونی رێبەر ئاپۆ و ساڵیادی دامەزراندنی پەژاکەوە راگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەدا باسی ئەوەکراوە، دامەزراندنی پژاک هەنگاوێکی توکمە و شێلگیرانەیە لە خەبات بۆ نەمانی کۆمەڵگەیەکی دوور لە ستەمی رەگەزی، چینایەتی نەتەوەیی، بەدیهێنانی سوسیالیسم و مافی مرۆڤ و هاوکات بەرهەمهێنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراتیک.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەمساڵ وەکوو بەڕێوەبەری رێکخستنەکانی پژاک لە دەرەوەی وڵات بڕیارمان داوە کە لەبەر پاراستنی تەندرووستی گەلەکەمان و ئەو کەسانەی کە بەشداری رێوڕەسمەکان دەبن ئەمساڵ ٤-ی نیسان (١٥ خاکەلێوە) بە شێوەی جەماوەری پیرۆز نەکەین.

دەقی راگەیاندراوەکەى پەژاک

بۆ ڕای گشتی گەلەکەمان لە ئەوروپا سەبارەت بە ڕیوڕەسمەکانی ٤-ی نیسان(١٥ خاکەلێوە)

 ٤-ی نیسان بەرامبەر بە ١٥-ی خاکەلێوە، ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ، هاوکات شازدەهەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان - پژاک، پێشەکی لە ماڵباتی شەهیدان، ڕێبەر ئاپۆ، گەلی کورد، هەروەها سەرجەم گەریلا و کادر، خەباتکار و وڵاتپارێزانی پژاک و هۆگرانی ڕێبازی ئاپۆیستی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و هاوکات گشتی کوردستان و کوردانی تاراوگە پیرۆز دەکەین.

دامەزراندنی پژاک و رۆژبوونی رێبەر ئاپۆ لە مێژوو و داهاتووی تێکۆشانی رزگاریخوازی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جێگایەکی گرنگ و ئاسۆیەکی پرشنگدارە بۆ بەدی هاتنی مافی رەوای گەلەکەمان، دامەزراندنی پژاک هەنگاوێکی توکمە و شێلگیرانەیە لە خەبات بۆ نەمانی کۆمەڵگەیەکی دوور لە ستەمی رەگەزی، چینایەتی نەتەوەیی، بەدیهێنانی سوسیالیسم و مافی مرۆڤ و هاوکات بەرهەمهێنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراتیک. پژاک وەکو پارتیەکی پێشەنگ و ئەکتیڤ لە مەیدانی سیاسەت بە پڕکردنەوەی بۆشایی سیاسی لە مەیدانی خەبات و تێکوشانی دژ بە دەوڵەتی داگیرکەری ئێران هیوا و باوەڕ و دڵگەرمی تێکۆشانی سەر لە نوێ بۆ کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەت بۆ ژنان و لاوان گەڕاندۆتەوە. بەتایبەت لە خەباتی پژاکدا ژن خاوەن جێگایەکی تایبەتەوە لە سەرەتای دەستپێکردنی پژاکەوە سەدان ژنی قارەمان جێگایان گرتووە و ئەوڕۆش وزەی ژن لە کاروخەباتی پژاکدا خاوەن رۆڵی سەرەکی و دیاریکەرە. بێگومان یەکێک لە ئارمانجە سەرەکییەکانی پژاکیش ئازادی ژنانە.

   لە رەوەندی تێکۆشانی پژاکدا کۆمەڵێک دەسکەوتی گرنگ بۆ گەلەکەمان و هاوکات گەلێک نرخ و بها هاتوونەتە ئاراوە، یەک لەو نرخە پیرۆزانە بەسەدان شەهیدە کە لە پێناو ئامانجی گەلی کورد و رزگاری کوردستان گیانیان پێشکەش کردووە و هەروەها ئەمڕۆ گەلەکەمان خاوەن دەسکەوتی هەزاران گەریلا و کادر و خەباتکار و وڵاتپارێزە بۆ بەردەوامیدان بۆ سەرخستنی ئاواتەکانی گەلی کورد. لە خەباتی نەتەوایەتیدا  پژاک بە بنەما گرتنی سەرجەم جیۆگرافیای رۆژهەڵاتی کوردستان، سەرجەم چین و توێژەکان و باوەڕییەکان، پیناسەیەکی یەکپارچەی بۆ نەتەوەیی بوون و کورد بوون پێش خستووە. هاوکات لە سەرجەم بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کەلتوری و زهنیەتی بە پێناسەی دووبارە لە شێوازەکانی داگیرکەری لە رۆژهەڵات، دژی زهنیەتی داگیرکەری دەوڵەتی ئیرانی لە سەرجەم بوارەکاندا ڕاوەستاوە.

وەکوو رێکخستنەکانی پژاک لە دەرەوەی وڵات، هەموو ساڵێک بە بۆنەی رۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ ودامەزراندنی پژاک ئەم رۆژەمان بە رێوڕەسمی جەماوەری و بەشداری زۆر لایەنی سیاسی لە سکاندیناڤی، ئەوروپای ناوەندی و بریتانیا پیرۆز دەکرد.  بەڵام هەروەک ئاگادارن ئەمساڵ لەبەر قەیرانی جیهانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە بارودۆخێکی تایبەتی لە گشت جیهان هێناوەتە ئاراوە و بۆتە مەترسی بۆ سەر تەندرووستی تاک وکۆمەڵگە. ئەمساڵ وەکوو بەڕێوەبەری رێکخستنەکانی پژاک لە دەرەوەی وڵات بڕیارمان داوە کە لەبەر پاراستنی تەندرووستی گەلەکەمان و ئەو کەسانەی کە بەشداری رێوڕەسمەکان دەبن ئەمساڵ ٤-ی نیسان (١٥ خاکەلێوە) بە شێوەی جەماوەری پیرۆز نەکەین. هەرچەند سەرجەم ئامادەکارییەکانی ئەو رۆژە تا ئاستی تەواو بوون کراوە، بەڵام ئەم  بڕیاره وەک ئەركی ئەخلاقی و پرەنسیپی بۆ پاراستنی تەندروستی گەلەكەمان و پێشگرتن له دڵەڕاوكێ و نیگەرانی توشبوون و تەشەنە سەندنی بەم پەتا جیهانیە لەم قۆناخەدا بە گرنگ و پێویست دەبینین.

 هەروەها وەکو بەڕێوبەری رێکخستنەکانی ئەوروپا  هاوسۆزی خۆمان بۆ ئەو کەسانەی کە لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا و سەرانسەری جیهان تووشی ئەم پەتایە بوون و بەشێکیان گیانیان لەدەست داوە ڕادەگەیێنین. هاوکات سەرەڕای ئەوەی کە گەلەکەمان ئاگاداری پێویستی هەیە بۆ شێوازی بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتا جیهانیە، بە پێویستی دەبینین کە رای گشتی رۆژهەڵاتی کوردستان و گەلەکەمان لە دەرەوەی وڵات ئاگادار بکەینەوە کە ئەم دیاردەیە ڕەوشێکی جدیە بۆ سەر چارەنووسی مرۆڤ و کۆمەڵگە هەر بۆیە  نابێت کەمتەرخەم بین لە پاراستنی تەندرووستی خۆمان و کۆمەڵگەکەمان، دەبێت هۆشیاربوون و بە بنەما گرتنی رێنماییە تەندرووستیەکان کە لە ناوەندی تەندرووستیە باوەڕ پێکراوەکان دەردەچێت بۆ ژیانی رۆژانەمان بە جدی وەربگرین، هاوکات تا ئەو جێگا دەرفەتمان هەیە بە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی بە هانای کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بچین. دەوڵەتی داگیرکەری ئێران بۆ شاردنەوەی رەوشی نالەبار و ناسەقامگیری سیاسی، بەڕێوەبەری و دەسەڵاتداری خۆی بە شێوەی عەوامگەرایانە و بە مەزهەبی کردنی ئەم ڕەوشە هەوڵ دەدات کۆمەڵگە فریو بدات و کەڵک لەم دەرفەتە بۆ درێژ کردنەوەی ژیانی سیاسی خۆی وەربگرێت. هەر بۆیە نەیتوانیوە بێتە وڵامدەری پاراستنی ماڵوحاڵی گەلی کورد و گەلانی دیکەی ئێران، بێ بەرنامەیی و نەبوونی ئیمکاناتی پێویستی دەرمانی و بەڕێوەبەری پێویست لە لایەنی دەوڵەتی ئێرانەوە چارەنووسی کۆمەڵگای ئێرانی  بە گشتی خستۆتە مەترسی و تا دەچێت قۆناغەکە بۆ گەلی کورد وگەلانی دیکە مەترسیدار دەبێت.

جارێكیتر ساڵرۆژی لەدایكبوونی رێبهر ئاپۆ و دامەزراندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لە سەرجەم گەلی کورد وگەلانی ئازادیخوازی دیکە پیرۆز دەكەین، هاوکات سڵاو و حورمەتی خۆمان بۆ ئەو کەسانە دەنێرین کە لە بەرەکانی پێشەوەی بەرەنگار بوونەوەی ئەم پەتایە بۆ پاراستنی تاک وکۆمەڵگە گیانی خۆیان خستۆتە مەترسی و ئەرک و بەرپرسیارەتی کۆمەڵایەتی و سنفی خۆیان پێکدەهێنن، بە تایبەت ئێکیپی دەرمانی و دکتۆرانی دڵسۆز و هاوکات کەمپەینە خۆڕسکەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە بێ دوودڵی بە کەمترین دەرفەت بە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی، خۆبەڕێوەبەری شارەکان و گوندەکانی خۆیان ساز کردووە و کۆمەڵگەیان لەم قۆناغە بە رێکخستن کردووە.

ژ.ت