بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی یەک لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی ماوەی رابردووی شاری سنە لە ژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیتلاعات، رژێم بە بڵاوکردنەوەی هێز، شاری سنەی میلیتاریزە کردووە.
دوای بەمیدیایی بوونی هەواڵەکە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، ئیتلاعاتی رژێم هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەو جەوانە گیانبەختکردووە و بە ئوتمۆبێلێکی سپی لە جۆری سەمەند، بە زەبری سێ لە ئەندامانی ئیتلاعات، باوکی سارۆیان بۆ شوێنێکی نادیار گواستوەتەوە.
هەروەها سەرجەم هێڵەکانی تەلەفونی کەسوکاری سارۆ و دۆستانی نزیک لە بنەماڵەی قارەمانی یان دەستی بەسەردا گیراوە یان خود هێڵی پەیوەندی دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانیان لێ داخراوە.
بڕیار بوو ئەمڕۆ لە مزگەوت رێورەسمێکی سەرەخۆشی بۆ سارۆ بەڕێوەبچێت، بەڵام رژێم بە ناردنی هێز رێگریان لە بەڕێوەچوونی رێورەسمەکە گرت.
لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر ئەورێگریە و وەک بێدەنگ نەبوونێک هەمبەر ئەو تاوانە، چالاکوانانی مەدەنی و کەسایەتیەکانی شاری سنە، بانگیان لە هاولاتیان کرد تاکوو سەردانی ماڵی دایکی سارۆ لە مەیدانی نبوەت، شەقامی سیرووس، گردی بەهارمەست، کۆڵانی مزگەوتی سەدیقییە بکەن و وێڕای خاونداری لە بنەماڵەی قارەمانی، دژایەتی خۆیان بۆ ئەو تاوانەی رژێم نیشان بدەن.
لە ئێستاشدا سەرجەم رێگەکانی چوونە سنە بە توندی کۆنتڕۆڵ دەکرێت و هێڵی ئەنتەرنەتی کۆمپانیای مۆبایلی هەمڕاهێ ئەوەل داخراوە و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئاستەنگ کراون.
شایانی باسە، هەر ئەمرۆ ڕژێمی ئێران هەواڵی کوشتنی گەنجێکی کوردی بەناوی کیانوش زەندیی لە ئەنجامی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بە خانەوادەکەی ڕاگەیاندووە.
بەگوێرەی ئەو هەواڵە، رژێمی ئێران ئەو گەنجەی بەتەقەی ڕاستەوخۆ لە یەکێک لە خۆپیشاندانەکانی شاری سنەدا کوشتووە و هەڕەشەیان لە بنەماڵەکەی کردووە لەبارەی هۆکار و شێوەی کوژرانەکەی هیچ زانیارییەک بە میدیاکان رانەگەینن.
هەروەها پێیان وتوون، کە تەنیا ڕۆژێک بۆیان هەیە پرسەی بۆ دابنێن، زانرا پرسەی کیانووش زەندیی ئەمڕۆ لە مزگەوتی فرجەی سنە بەڕێوەچووە.