زانای ئایینی مامۆستا ئاسۆ قادر: هەولێریان کردووەتە قەفەسەوە و پشتگیریی دوژمن دەکەن

زانای ئایینی مامۆستا ئاسۆ قادر کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورکی بۆ سەر خەڵکی سڤیل شەرمەزار کرد و وتی: "هێرشەکانی سەر گەلی کورد لە مرۆڤایەتی و ئیسلامەتیدا جێگەی نابێتەوە. حکومەتی باشووری کوردستانیش پشتگیریی دوژمن دەکات".

لە ٢٦ حەزەیران/ ٥ی جۆزەردانەوە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر کوردستان زیاتر کرد. لە هێرشەکاندا شوێنى ژیان و ژینگەی هاووڵاتییانیان کردووەتە ئامانج، کۆمەڵکوژی دەکەن و بە زۆر خەڵک ناچار بە کۆچ دەکەن.

بێدەنگیی حکومەتی هەرێم لەدژی ئەو هێرشانە بەردەوامە، هەڵوێستی خەڵکی قەندیل لەدژی بەرپرسانی دەوڵەت و دەڵەتی داگیرکەری تورک زۆرتر دەبێت.

مامۆستا ئاسۆ قادر، زانای ئایینی و مامۆستای گوندی ئێنزێ وتی: "ئەو هێزانە کە دوژمنایەتیی کورد دەکەن، بە تۆپ و فڕۆکەی جەنگی هاووڵاتییانى مەدەنی بۆردومان دەکەن. ئەو ڕەفتارەیان لەناو ئیسلامەتیدا جێگەی نابێتەوە."

مامۆستا قادر سەرنجی ڕاکێشایە سەر بایەخی یەکێتیی نێوماڵی کورد و وتی: "لە دۆخێکی لەو شێوەیەدا دەبێت مرۆڤ و نەتەوە پێکەوە بژین، ئێستا دەسەڵاتەکان زوڵم و زۆرداری لەدژی گەلان دەکەن، وڵاتان داگیر دەکەن. جێگەی ئەو شتە لەناو دیندا نابێتەوە و قەبوڵ ناکرێت. خوا زوڵمی لەسەر خەڵک حەرام کردووە. دەبێت هیچ عەبدێک زوڵم بەسەر یەکتریدا نەسەپێنن و لە ئیسلامەتیدا خوێنڕشتن حەرامە."

قادر وتی، دەبێت هێزە داگیرکەرەکان دەست لە نەتەوە و دینەکان وەرنەدەن و وتی: "بەهۆی ئەوەی کە خودا زوڵمی حەرام کردووە، دەبێت خەڵک بە ئاشتی بژیت. من کوردم بە کوردی دەژیم، تۆ تورکی بە تورکی دەژی. هەموو کەسێک ئازادە کە بە کولتوری خۆی بژی. لەبەر ئەوەشە موسڵمانیش لەدژی ئەو هێرشانەیە، کە بە تانک و تۆپ و فرۆکە جەنگییەکان دەکرێن و نابێت بێدەنگ بن."

"ئەردۆغان بە ناوی ئیسلامەوە بە ئاشکرا زوڵم لە کورد دەکات"

مامۆستا ئاسۆ قادر لە دژی کۆمەڵکوژیی دەوڵەتی تورک بۆ سەر کورد هەڵوێستێکی تووندی دەربڕی و لەبارەی کۆمەڵکوژیی کورتەک لە مانگی حوزەیراندا وتی: "تاکە هۆکار ئەوەیە کە ئەو کەسانە بە کوردی قسە دەکەن. دوژمنایەتی کورد دەکات. ئەردۆغان و هاوکارەکانی دوژمنایەتی کورد دەکەن. دەبێت کوردی چوارپارچە بێدەنگ نەبن، هەستنەسەرپێ و خاکی خۆیان بپارێزن. رۆژێک دادێ ئەوانەی زوڵم لە خەڵک دەکەن سزا بدرێن لەلایەن خوداوە. ئەوانەی کە زوڵم لە مرۆڤ دەکەن بە دڵنیاییەوە سزا دەدرێن. ئەوانەی لەدژی کوردن، بە دڵنیاییەوە لە عەزابی قەهردا دەسووتێن."

"حکومەتی باشوور پشتگیریی دوژمن دەکات"

قادر بێدەنگیی حکومەتی باشووری شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند، هەولێر بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی بێدەنگە. قادر وتیشی: "چوار لای کوردستان وەکو قەفەسە. هەموو لایەک پڕ بووە لە دوژمن. بەتایبەتی کوردستانی عێراق وەکو قەفەسێکی لێهاتووە. دەتوانین نمونەی کەرکوک بهێنینەوە. بەهۆی ئەوەی کە گەلەکەمان یەک نییە، دەوڵەتی تورک داگیرکەری دەکات. ئێمەی کورد دەبێت ببینە یەک. دەبێت ئێمە لەدژی ئەو داگیرکارییە و کۆمەڵکوژییەکان بین. ئەگەر حکومەتیش پشتگیریمان بکات، سەردەکەوین. بەڵام حکومەتی باشووری کوردستان پشتگیریی دوژمن دەکات."

"دەبێت لێپرسینەوە بکرێت"

قادر لە کۆتاییدا وتی، نەتەوەپەرستیى ئایدیۆلۆژیک ناتوانرێت وەکو دینێک قەبوڵ بکرێت، وتی کورد، تورک، عەرەب، چەرکەز ببنە یەک، لەدژی زوڵم و کۆمەڵکوژیی سەر کورد هەڵوێستیان نیشان بدەن و لێپرسینەوە لەوانە بکرێت کە خوێنی کورد دەمژن.

ر.م