زانیاری لەبارەی ٤ زیندانی لە بەندیخانەی ورمێ نازانرێت

بە پێی راگەیێندراوێکی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، زانیاری لە بارەی ٤ زیندانی سیاسی کورد لە بەندیخانەی شاری ورمێ نازانرێت.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان رۆژی سێشەممەی رابردوو رایگەیاندبوو، ٤ زیندانی سیاسیی کورد بە ناوەکانی کەمال حەسەن رەمەزان، عەلی ئەحمەد سلێمان، ئەحمەد تەمویی و ئیبراهیم عیساپور کە لە ٤ی نیساندا بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ-وە گواستراونەتەوە بۆ ناوەندێکی ئەمنی، بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ مانگێکی تر درێژ کراوەتەوە.

ئەو چوار زیندانیە سیاسیە کوردە لە ٤ی نیسانەوە بێبەش کراوان لە چاوپێکەوتن و پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ خانەوادەکانیان و تا ئێستا هیچ زانیاریەک لەبارەیانەوە نازانرێت.

دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و تێکچوونی بارودۆخی بەندیخانەی ورمێ، لە ترسی ئەوەی زیندانیان چالاکی ناڕەزایەتی ئەنجام بدەن، ئەو زیندانیانەیان گواستووەتەوە بۆ ناوەندێکی دیکەی ئەمنی.

تا ئێستاش ئیتلاعاتی ورمێ و ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، دەڵێن ئەوان هیچ زانیاریەک لە بارەی ئەو ٤ زیندانیەوە نازانن.

بەر لە ئێستاش لە ساڵانی رابردوودا چەندین جار بۆ دروستکردنی تۆمەتی بێبنەما، ئەو ٤ زیندانیە لە بەندیخانەوە گواسترابوونەوە بۆ ناوەندە ئەمنیەکانی سەر بە ئیتلاعات و ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئەلمەهدیی سەر بە سوپای پاسداران لە شاری ورمێ و چەندین جار لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە.

 لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٢ هەر یەک لە عەلی ئەحمەد سلێمان و ئەحمەد تەمویی لەگەڵ ٣ زیندانی دیکەی سیاسی بە تۆمەتی بەشداریکردن لە چالاکیەکانی بواری مافی مرۆڤدا، بۆ ماوەی ٢ مانگ لە ناوەندی ئیتلاعات لە ژێر ئەشکەنجەدا بوون بۆ ئەوەی دان بەو تۆمەتە بێبنەمایانەدا بنێن.

ز.ش