فواد بێریتان هاوسەرۆکی کۆمەڵگای دیمووکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆدار سەبارە بە سێزدەهەمین ساڵیادی شەهید بوونی(علی محمدی) ناسراو بە زاگرۆس بێریتان بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد و باسی کەسایەتی و تایبەتمەندی ئەو شۆرشگێرەکرد و ڕایگەیاند:'' زاگرۆس بێریتان هەڤاڵێکی فیداکاری ناو بزاڤی ئاپۆیی بوو، هەمیشە لەسەر خەتی شەهیدان و ڕێبەر ئاپۆ بوو، چۆنیەتی شەهیدبوونی گەواهی دەری ئەو ڕاستیەیە کە دەیڵێم".
فواد بێریتان هاوڕێ و هاوسەنگەری تێکۆشەری مەزنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زاگرۆس بێریتانە، بێریتان لەسەرەتای قسەکانی دا کورتەیەک لە ژیان نامەی زاگرۆس بێریتانی بۆ خستینە ڕوو و وتی:
" هەڤاڵ زاگرۆس لە هەرێمی ئەردەڵان لە ساڵی ١٩٨١ لە شاری سنەی خۆڕاگروخوێناوی لە بنەماڵەیەکی وڵات پارێز و تێکۆشەر لە دایک بوو. هەڤاڵ زاگرۆس هەر لە منداڵیەوە هەتا ئەو کاتەی کە بزاڤی ئاپۆیی دەناسێت، هەمیشە لەناو گەڕان بەدوایی ڕێگایەک دا بووە کە بەدوای بەدەست هێنانی مافی ڕەوایە گەلەکەی دا ببێت. هەڤاڵ زاگرۆس وەک و ڕۆڵەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر زەخت و فشاری کۆماری داگیرکەری ئێراندا گەورە بوو، لەبەر ئەوە ڕق و کینەی بەرامبەر داگیرکەر لە منداڵیەوە دروست ببوو. هەڤاڵ زاگرۆس لە قۆناغی خوێندنی سەرەتایی هەتا قۆناغی ئامادەیی هەمیشە هەستی بە زەخت و گوشارەکانی ڕژێم دەکرد لەسەر گەلی کورد."
بێریتان باس لە چۆنیەتی ئاشنابوونی زاگرۆس بێریتان لەگەڵ بزاڤی ئاپۆییدا دەکات و دەڵێت:" هەڤاڵ زاگرۆس هەر لە قۆناغی ئامادەیی دا بوو، کە لە شاری سنە بزاڤی ئاپۆیی دەناسێت و دەست بە کار و خەبات دەکات، ئەو کاتە بزاڤی ئاپۆ خاوەن گۆڤاری وڵات بوو، کە ئەو کاتە بە زارەوەی سۆرانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاودەبوویەوە، هەڤاڵ زاگرۆس لەو قۆناغەدا بوو کە بە هەست و بیرو ڕامانی بزاڤی ئاپۆیی ئاشنابوو و هەوڵی ئەوەی دا کە بەدوای ئەو فکرە بکەوێت و بیدۆزێتەوە. هەڤاڵ زاگرۆس کەسێکی وەرزش وان بوو، هەر بۆیە هەڤاڵ زاگرۆس هەوڵی دروست کردنی تیمێکی وەرزشی بوو لە شاری سنە بۆ ئەوەی بتوانێت لەو ڕێگایەوە گەنجانی دیکەش بە ڕێکخستنەکانی بزاڤی ئازادیەوە ئاشنا بکات.
فواد بێریتان ئەوەشی وت کە:" دوای گرتنی ڕێبەر ئاپۆ لە ساڵی ١٩٩٩ کاتێک خۆپیشاندانەکان لە شاری سنە لە ئاستێکی بەرزدا بەڕێوەدەچوون، کاتێک کە خەڵکی خۆڕاگری سنەی خوێناوی ڕژانە کۆڵانەکان هەڤاڵ زاگرۆس دەیگێرایەوە کە ئەو کات هەستی بەوە کردووە کە چیدی نابێت ڕابووەستێت و دەبێت بەشداری شۆڕش ببێت".
زاگرۆس بێریتان دەبێت خوێندکارێکی هۆگری قوتابخانەی ئاپۆیی
فواد بێریتان دەڵێت:"هەڤاڵ زاگرۆس خۆی باسی ئەو قۆناغەی دەکرد کە وەك چۆن کەسێک شتێکی لێ ون بووبێت و لێ بگەڕێت هەتا نەی دۆزێتەوە واز ناهێنێت وابوو. هەڤاڵ زاگرۆس بە راستی ونکراوەکەی خۆی دۆزیەوە و ساڵی ٢٠٠٠ لە چیاکانی قەرەداغ بەشداری ناو ڕیزەکانی گەریلا بوو و یەکەمین هەنگاوی شۆڕشگێڕانەی خۆی بەرەو چیا سەر کەشەکان هەڵگرت. ئەو کاتە قەرەداغ شوێنگەی پەروەردەکردنی شەرڤانی نوێ بوو، هەر بۆیە هەڤاڵ زاگرۆس لەو ماوەیەدا لە قەرەداغ پەروەردە شەرڤانی نوێی بینی".
فواد بێریتان باسی ئەوەشی کرد:" دوای تەواو بوونی پەروەردەی شەرڤانی نوێ هەڤاڵ زاگرۆس گەڕایەوە چیاکانی کوردستان، سەرەتا وەک هەڤاڵێکی نوێ لە بەشی ڕاگەیاندندا کاری دەکرد. هەڤاڵ زاگرۆس بە قەڵەمە بەهێزەکەی، بە وشە جوانیەکانی توانی ئێش و ئازار و داخوازی کۆمەڵگاکەی لە نوسراوەکانیدا بەرجەستە بکات و ڕێگا چارەش پێشکەشی کۆمەڵگا بکات کە خۆی لە فکر و فەلسەفەی ڕێبەرئاپۆ دەگرتەوە، بەمەش توانیبووی کە ببێتە پردێک لە نێوان کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بزاڤی ئازادیخوازی گەلی کورد".
وەک هەڤاڵێکی کور بەشداری پەروەردەی ئەکادیمیای ژنی ئازاد دەبێت
فواد بێریتان دەڵێت:" لەسەر داخوازی ڕێبەر ئاپۆ کە ئەو کات ڕێبەر ئاپۆ داخوازی کردبوو کە هەڤاڵانی کوریش بەشداری پەروەردەی ئەکادیمیای ژنانی ئازاد بن، بۆ ئەوەی بتوانن کاریگەریەکانی فکری باوکسالاری و فێوداڵیزم و کۆمەڵگای دواکەوتیی کاڵ بکەنەوە و بتوانن کەسایەتی پیاوی ئازاد و مرۆڤی ئازاد بئافرێنن و لە گەڵ کەسایەتی ژنی ئازاد دا ئەو ناکۆکیانەی کە هەیە چارەسەری بکات. ڕێبەر ئاپۆ داخوازیەکی وەهای لە هەموو کادیرانی ڕێکخستن کرد. هەڤاڵ زاگرۆس داخوازی ڕێبەر ئاپۆ بە جێ گەیاند و لە گەڵ گروپێکی لە هەڤاڵانی کوڕ بەشداری پەروەردە هەڤاڵانی ژن بوو. هەڤاڵ زاگرۆس لەو پەروەردەیەدا توانی زیاتر لە ڕوانگەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ مەسەلەی ئازادی ژن و ئازادی ژن و پیاو قوڵببێتەوە. هەڤاڵ زاگرۆس لەو قۆناغەدا بوو کە بەو هەقیقەتە گەیشت کە کۆمەڵگایەکی ئازاد پەیوەستە بە ئازادی ژنەوە، لەبەر ئەوە هەڤاڵ زاگرۆس لەو قۆناغەدا تێکۆشانێکی چڕ و پڕ و ڕادیکاڵانەی بەڕێوەبرد".
فواد بێریتان باسی تێکۆشانی زاگرۆس بێریتان لە قۆناغی سەرلەنوێ بونیادنانەوەی پەکەکەی کرد و وتی:" هەڤاڵ زاگرۆس لە قۆناغی سەرلەنوێ بونیاد نانی پەکەکەدا جێگای کرد. دوای ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ پارادیگمای کۆن کە تەنها بە ڕێگای ڕزگاری نەتەوەیی سەرکەوتن بەدەست دێت، ئەو پارادیگمایەی هەڵوەشاندەوە و پارادیگمای نوێ پێشخست کە ئەویش سەرکەوتن بە نەتەوەیەکی دیمووکرات و ژنی ئازاد و کۆمەڵگایەکی ژینگەپارێز دەبێت، کاتێک ڕێبەر ئاپۆ بانگی کرد کە پەکەکە سەر لەنوێ بونیاد بنرێتەوە، هەڤاڵ زاگرۆس یەکێک بوو لەو کەسانەی کە لەو قۆناغەدا بە هەستیاریەوە ڕێنمایەکانی سەرۆک ئاپۆی دەخوێندەوە و یەکێک بوو لەو کادیرانەی کە توانی بەشدارێکی بەرچاو لەو قۆناغەدا بکات. هەڤاڵ زاگرۆس خۆی وەها پێناسەی ئەم قۆناغەی دەکرد کە وەک چۆن مرۆڤ جارێکی دیکە لە دایک دەبێتەوە، جارێکی دیکە ئەرک و بەرپرسیاریەتی نوێ دەگرێت و بە پارادیگما و ژیانێکی نوێ هەڤاڵ زاگرۆس بەشداری ئەو قۆناغەی کرد. من لەو کاتەدا بوو کە زۆرتر و لە نزیکەوە ئاشنای کەسایەتی هەڤاڵ زاگرۆس بووم و پێکەوە ژیانمان کرد، هەر چەندە پێشتریش یەکتریمان دەناسی و ئاشنای گەنجێکی ڕوناکبیری وەک هەڤاڵ زاگرۆس بووم. هەڤاڵ زاگرۆس هەمیشە گەنجێک بوو کە لەدوای گەران بەدوای پرسیارەکانیدا بوو، هیچ کات لاوازی قبوڵ نەدەکرد، لە هەر شوێنێک زوعفێک هەبوایە هەڤاڵ زاگرۆس هەوڵی چارەسەکردنی دەدا. هەڤاڵ زاگرۆس کەسایەتیەکی سادە و دڵنزم بوو، نموونەی بەرزی هەڤاڵێتی بوو لە ناوماندا".
فواد بێریتان ئەوەش دەڵێت:" تایبەتمەندیەکی دیکەی هەڤاڵ زاگرۆس ئەوە بوو کە هەمیشە ڕۆحی توڵهەڵدانەوە قسەی دەکرد، کاتێک کە قسەکەی دەکرد پەنجەکانی دەستی دەکرد بەیەک و وشەکانی جۆرێک لە تۆڵەسەندنەوەی پێوە دیاربوو، هەڤاڵ زاگرۆس لەسەرەتادا پاشناوی تۆڵهەڵدان بوو. دواتر دوای ماوەیەک پێی وتم پێم خۆشە ناوی بێریتان ببێت بە پاشناوم، دیاربوو کە هەڤاڵ زاگرۆس ڕۆحی بێریتان سەرکردەو پێشەنگی بزاڤەکەمانی جوان خوێندبووە وە کە لە خواکورگ تەسلیمی هێزە نۆکەرەکانی کورد نەبوو و لە شاخەوە خۆی فرێ دایە خوارەوە، لەبەر ئەوەبوو کە هەڤاڵ زاگرۆس پاشناوی بێریتانی بۆ خۆی هەڵبژارد، وەک خۆی دەیوت دەمەوێت ببم بە گەریلایەک کە لەسەر خەتی بێریتان بم".
ئەو گۆڕەی کە بۆ هەڤاڵە شەهیدەکەی سازکردبوو، ببوو بە ئارامگەی خۆی
فواد بێریتان باس لە چۆنیەتی شەهید کردنی شەهید زاگرۆس دەکات و دەڵێت:" هەواڵی شەهید کردنی شەهید شیار کۆتۆلمان بەدەست گەیشت، ئەو هەڤاڵە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەهید ببوو، ئاگادار کراینەوە کە جەنازەی ئەو هەڤاڵەمان دێتەوە بۆ مەنتیقەی خنێرە، لەبەر ئەوە پێویست بوو کە پۆلێک هەڤاڵ بچن و جەنازەی ئەو هەڤاڵەمان بهێننەوە. هەڤاڵ زاگرۆس ئەو کات زۆر پێداگری کرد کە خۆی بڕوات و جەنازەی ئەو هەڤاڵەمان بهێنێتەوە، بەڵام هەڤاڵان قبوڵیان نەکرد، هەڤاڵان بە هەڤاڵ زاگرۆسیان وت تۆ برۆ گۆڕی شەهید شیار ئامادەبکە و بەم شێوەیە بەشدارببە. لەم هەڵوێستە هەڤاڵ زاگرۆس دا ئەوە دیار دەبێت کە هەڤاڵ زاگرۆس خۆی بەرپرسیار دەبینی، کە کاتێک هەڤاڵێک شەهید بووە پێویستە خۆی بچێت و ئەو هەڤاڵە شەهیدە لەسەر شانی خۆی بهێنێت و بینێژێت. لەو کاتەدا هەڤاڵان چوون نەیان توانی جەنازەی هەڤاڵ شیار بهێننەوە، لەبەر ئەوە هەڤاڵ زاگرۆس جارێکی دیکە پێداگری کرد لەسەر ئەوەی کە بچێت و تەرمی ئەو هەڤاڵە ببینێتەوە، ئەو کات هەڤاڵان ڕێگەیان دا بەڵام بەداخەوە هەڤاڵ زاگرۆس ڕۆشت و لە ئەنجامی پیلانێکی پیسی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران دا هەڤاڵ زاگرۆس و هەڤاڵانی کەوتنە کەمینەوە، هەڤاڵ زاگرۆس زۆر بەگرانی بریندار ببوو، دوای ماوەیەک بەهۆی ئەوەی کە خوێنێکی زۆری لێ ڕژابوو هەڤاڵ زاگرۆس شەهید بوو. هەر لە تەنیشت ئەو گۆڕەی کە خۆی بۆ هەڤاڵەکەی هەڵکەندبوو نێژرا. هەڤاڵ زاگرۆس یەکەمین شەهیدی قۆناغی سەر لەنوێ بونیادنانەوەی پەکەکە بوو، کە هەر ئەو کات هەڤاڵانی ناوی حەقیقەراری ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان لێ کرد. یەکەمین شەهیدی دامەزاراندنی پەکەکە هەڤاڵ حەقیقەرار بوو، یەکەمین شەهید سەرلە نوێ دامەزراندنەوەی پەکەکە هەڤاڵ زاگرۆس بێریتان بوو کە لە ڕۆژی ٢١/٧/٢٠٠٥ لە خنێرە شەهید ببوو. لە ساڵیاد شەهید بوونی هەڤاڵ زاگرۆس دا پەیمانی خۆمان بە شەهیدانی ڕێگای ئازادی دوپات دەکەینەوە و بەڵێین دەدەین کە کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیمووکرات و مرڤی ئازاد بونیاد بنێین".
ک-ش