ساڵح گەدۆ: ئەو ٢٠ ساڵەی خەباتی ئیمراڵی لە ئاستی ١٠٠ ساڵدایە

ساڵح گەدۆ سکرتێری گشتیى پارتى چەپی دیموکراتیکى کوردی سوریا وتى "تەنها بەرخودانى ئیمراڵی بۆ خۆی قارەمانێتییەکى گەورەیە".

عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە ٢٠ی تەمووزی ١٩٧٩ / ٢٩ی پووشپەڕ تاوەکو ٩ی تشرینى یەکەمی ١٩٩٨ / ١٧ی رەەزبەر لە سوریا و رۆژئاواى کوردستان مایەوە. لەو ماوەیەدا سیاسەتمەدارانى کوردیش چوون بۆ لای و لە نزیکەوە پێى ئاشنا بوون. یەکێک لەو سیاسەتمەدارانە ساڵح گەدۆیە.

ساڵ گەدۆ تەمەنی ٧٣ ساڵە و سیاسەتمەدارێکى خاوەن ئەزموونە. لە تەمەنی گەنجێتی و قۆناغی خوێندنى ئامادەییەوە تاوەکو ئێستا لە ناو حیزبی چەپی دیموکراتیکى کوردی سوریادایە و ئێستاش سکرتێری گشتیى ئەو حیزبەیە.

 

ساڵح گەدۆ لە ساڵی ١٩٨١دا عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردی بینیوە و لەبارەیەوە وتى "رۆشنبیرێکى گەورە و شۆڕشگێڕێکى گەورە و بەهێز و راستەقینە بوو. بیری لە بەرژەوەندیى کەسی نەدەکردەوە. بە بەردەوامیى بیری لە داهاتوی گەلەکەى دەکردەوە... ئەو رۆح و جدیەتە لەگەڵ سەرۆک زۆر بەهیز بوو".

"٣٧ ساڵ پێش ئێستا لە شام پێى ئاشنا بوو"

سیاسەتمەدار ساڵح گەدۆ وتى "من ٣٧ ساڵ لەوە پێش بۆ جاری یەکەم سەرۆک ئاپۆم لە شام (دیمەشق) بینی. ئەوە بۆ من شەرەفێکى گەورە بوو. هەڤاڵێکى تریشم لەگەڵ بوو. دواى ئەوەى بینیمان، من بە هەڤاڵانى خۆم و سەرۆکى حیزبەکەم وت 'ئەو گەنجە، گەنجێکى جدییە و کار و ئەرکی گەورەى خستووەتە سەر شانی خۆی'. دواى کاتژمێر و نیوێک لە چاوپێکەوتنەکەمان من بەو ئەنجامە گەیشتم. وتم 'ئەو کار و ئەرکى گەورە سەردەخات و هیواداریشم تیایدا سەرکەوتو بێت'. بە ڕاستى لەو هەلومەرجەدا سەرکەوتن کاریکى زۆر قورس و دژوار بوو. لەبەر ئەوەش دەموت 'ئەو مرۆڤە کار و ئەرکی گەورە و شکۆمەندانەى خستووەتە سەر شانی خۆی و تیایدا سەردەکەوێت، بەڵام چۆن؟".

گەدۆ وتیشی "دواتریش دەرفەتى ئەوە رەخسا کە زۆر جار لە شام و دەورووبەری شام دا چاوم بە ئۆجالان بکەوێت. لە هەر چاوپێکەوتنێکدا جدیت زۆرتر دەبوو و هاوکاتیش حیزت گەورەتر و بەرفراوانتر دەبوو. هەزاران گەنجی کچ و کوڕ بەشداریى حیزبەکەیان دەکرد".

 "با لە بەردەم شۆڕش دا نەبێتە ئاستەنگ"

ساڵح گەدۆ ئەوەشى وت، بۆ ئەوەى شەڕی نێوان پاتی کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) و رزگاریخوازانى نەتەوەیی کوردستان (کوک) کۆتایى پێ بهێنرێت لە ساڵی ١٩٨٥دا کۆمیتەیەکى ٤ کەسی بە نوێنەرایەتیى ١٧ حیزب لە هەر چوارپارچەى کوردستانەوە دروستکرا، ئەویش یەکێک بوو لە ئەندامانى کۆمیتەکە.

گەدۆ وتیشی "ئێمە چووین بۆ لاى سەرۆک و دانیشتین. سەرۆک وتی 'رێکنەکەوتن، بەڵام پێکهەڵپژان کۆتایى پێدێت. داواى ئێمە ئەوەیە 'با لە بەردەم شۆڕش دا نەبنە ئاستەنگ. ئێمە بەرپرسیارێتیى شۆڕشمان لە ئەستۆ گرتووە. با کوک و حیزبەکانى تر پشتیوانى و هاوکاریمان بکەن' ئیتر سەرۆک بڕیاریدا و کێشەکە کۆتایى پێهات".

"حیزبەکانى رۆژئاوای بە گرنگ دەزانی"

گەدۆ ئاماژەى بەوەکرد، ئۆجالان حیزبەکانى رۆژئاواى بە گرنگ دەزانى و لەوبارەیەوە وتی "پێى وتم، هەڤاڵ ساڵح داواى ئیمە ئەوەیە کە حیزبەکانى ئێوە لە یەکتر نزیک ببنەوە. خاوەنداری لە یەک بکەن و پشتیوانى یەکتر بن و یەکێتیى خۆتان دروست بکەن. ئێمە لە هەموو شتێک زیاتر، زۆرترین پێویستیمان بە یەکێتى هەیە'. نێوانیشى بەو شێوەیە لەگەڵ حیزبەکانى باشووری کوردستاندا باش بوو. بۆ ئەوەى ئەو رێکنەکەوتن و ناکۆکییەى لەوێ روویدابوو چارەسەر بکات، بۆ رێککەوتن و یەکێتییان یارمەتیدەریان بوو. بۆ ئەوەى ناکۆکیى نێوان کوردان کەم بێتەوە لە هەوڵدا بوو".

"بەرخودان لەو دوورگەیەدا تەنها بۆ خۆی قارەمانییەکە"

ساڵح گەدۆ سکرتێری گشتیى پارتى چەپی دیموکراتیکى کوردی سوریا باسی ئەوەشیکرد، دیلکردنى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە دواى ٢ مانگی تر ٢٠ ساڵ پڕ دەکاتەوە و وتى "لە دونیادا رێبەرێکى تر نییە و نەبووە، کە ٢٠ ساڵ لە ناو دەریایەکدا و لە دوورگەیەدا بە تەنها زیندانی کرابێت، بەڵام سەرباری ئەوەش رۆژ بە رۆژ گەورەتر و بە شکۆتر دەبێت. ئەو ٢٠ ساڵەی خەباتی ئیمراڵی لە ئاستی ١٠٠ ساڵدایە. دۆخی سەرۆک لە دۆخی نێڵسن ماندێلا و رێبەرانى تری گەلانى تر جیاوازترە. لە دەستى دەوڵەتێکى دڕندەدایە، کە بە دوورە لە رۆح و بەهاکانى مرۆڤایەتى. بەرخودانەکەى لەو دوورگەیەدا تەنها بۆ خۆی قارەمانییەکى گەورەیە. دەبێت گەلی کورد و هەموو گەلانى جیهان ئەوە بزانن، کە پێویستە مرۆڤ بە رێزەوە سەری لە بەرامبەردا بۆ دابنەوێنێت".

"هەموومان لەیلا گیوڤەنین"

ساڵ گەدۆ سەرنجی خستە سەر چالاکییەکانی مانگرتن لە خورادن لە ئەوروپا و سەرتاسەری جیهان و وتی "لە باکوور، رۆژئاوا، رۆژهەڵات و باشوور هەمووان بۆ سەرۆک ئاپۆ لە چالاکیدان. دەوڵەتی تورک بە دڵنیاییەوە تێکدەڕوخێت. بە دڵنیاییەوە دەوڵەتى تورکی فاشیست ناتوانێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت. بە دڵنیاییەوە پرۆژەکەى سەرۆک ئاپۆ سەردەکەوێت. ئێمە بە رێزەوە بۆ چالاکییەکەى هەڤاڵمان لەیلا گیوڤەن سەر دادەنەوێنین و پشتیوانیى لێدەکەین. ئێمە دەڵێین "ژن و گەل هەمووى لەگەڵ تۆدایە، ئێمە لەگەڵ تۆداین، تۆ هەر بژی لەیلا".

ر.م