ماوەی ٤٠ رۆژە ڕێكخراوی نوێگەر بۆ گه‌شه‌پێدانی هونەر، ئامادەکاری بۆ سازكردنی فێستیڤاڵی سورنا ده‌كات. دوای نیوه‌ڕۆی ئەمڕۆ بە ئاماده‌بوونی كۆمه‌ڵێك هونەرمەندی بەشداری فێستیڤاڵه‌كه و سەرپەرشتیار و بەرێوه‌بەرانی فێستیڤاڵه‌كه، كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامه‌وانی ساز كرا. ڕێكخه‌ران ڕایانگه‌یاند، سبەینێ (٢٥ی تشرینی یه‌كه‌م\٣ی گه‌ڵاڕێزان) كاتژمێر ١٦ لە هۆڵی تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی فێستیڤاڵه‌كه به سەپەرشتی ڕێکخراوی نوێگه‌ر و بە پشتیوانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ڕۆشنبیریی سلێمانی دەستپێده‌كات و ٢ ڕۆژ ده‌خایه‌نێت.
ڕێباز قادر بەڕێوه‌به‌ری بەرهەمی هونەری فێستیڤاڵی سورنا ڕایگه‌یاند، خۆشحاڵین کە توانیومانە سەرجەم کولتوورە جیاوازەکانی باشووری کوردستان لە فێستیڤاڵێكدا له پایته‌ختی ڕۆشنبیری کۆبکەینەوە.
هاوكات هەردی سه‌میر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی فێستیڤاڵه‌كه ڕایگه‌یاند: ئامانجی فێستیڤاڵاكه پاراستنی کولتووری موزیکی کوردییە لە باشووری کوردستان. چونکە بەردەوام هێڕش لەسەر کولتووری گەلەکەمان هەیە. هەروەها گوتیشی، لە یەکەم فێستیڤاڵماندا توانیومانە سەرجەم كولتووره جیاوازه‌كانی باشووری کوردستان کۆبکەینەوە.
ناوبراو ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، بیر لەوە ده‌كه‌نه‌وه بتوانن بۆ جاری داهاتوو کولتووری سێ پارچەكه‌ی دیكه‌ی کوردستانیش لە فێستیڤاڵه‌كه‌دا كۆبكه‌ینه‌وه. بۆ ئەو مەبەستەش پێویستییان بە هاوکاری زۆر لایه‌ن و سپۆنسه‌ر دەبێت.
لە فێستیڤاڵی كولتووری سورنا-دا، ١٢ گرووپی گۆرانی و موزیك لە هەریەکە لە شار و ناوچه‌كانی سلێمانی، کەرکووک، دهۆک، ڕانیە، هەڵەبجە، مەخموور، چەمچەماڵ، شەنگال، کۆیە، هەورامان و چەند ناوچەیەکی دیکە بەشداریی ده‌كه‌ن و هەریەکەیان بەرهەمی ده‌ڤه‌ری خۆیان لە فێستیڤاڵەکەدا پێشکەش دەکەن.
فێستیڤاڵەکە ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت و ڕۆژانە کاتژمێر ١٦-١٩ به‌ڕێوه‌ده‌چێت. هەر گرووپێکیش دوو بەرهەمی تایبەت بە خۆی پێشکەش ده‌كات.
s.m