ستران عەبدوڵڵا: لە تورکیا زێهنییەتێکی دژه کورد هەیە

ستڕان عەبدوڵڵا، سەرنووسەری ڕۆژنامەی کوردستان نوێ، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسەکەمان، ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر عەفرین، ئەرکی ڕۆژنامەوانی لە کوردستان، ڕۆڵی ڕووسیا، یەکیەتیی نێوان بەشەکانی کوردستان و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی هەڵسەنگاند.

 

ستران عەبدووڵڵا، ڕایگەیاند: ''داگیرکەرانی کوردستان دەربارەی کورد، هەموویان وەکوو یەک دەفکرن. لەوانەیە کورد لە بیر و بۆچوونەکانی خۆیاندا هێندێک جیاواز بن و کێشەی هەر بەشێک بە شێوازێکی جیا لێکدەنەوە. بەڵام داگیرکەران وا بیر ناکەنەوە و کێشەی کورد لە هەرجێیەک وەکوو یەک دەبینن.بە تایبەتی دەولەتی تورکیا کە بەشی هەرە گەورەی کوردستان لە وڵاتەکەی ئەو دایە، هەر لە زەمانی ئاتاتورکەوە هەتا ئێستا خاوەنی یەک بیرکردنەوەن کە ئەگەر لە ئەفریقا-ش دەوڵەتێکی کوردی درووست بێت، لە دژی بوەستنەوە. بەو هۆیەشە سەرەڕای ئەوەی کە عەفرین لە خاکی وڵاتێکی دیکەدایە و تورکیا مافی ئەوەی نییە دەستدرێژی بکاتەسەری، پەلامار دەدرێ. ئەوە لە ئەنجامی هەمان عەقڵییەتی مێژوویی تورکەکانە. بۆ ئەوە پێویستە بۆچوونی ئێمەش کوردستانی بێت و هیچ جیاوازییەک نەخەینە نێوان کەرکووک، عەفرین، قامیشلۆ و مەهاباد. لەوانەیە کە ئەرکی هەر ڕێکخراوە وبەشێک جیاواز بێ، بۆ وێنە گەریلا لە شوێنک و پێشمەرگەش لە شوێنێکی دیکەوە کوردستان بپارێزن، بەڵام دەبێ بە یەک چاو سەیری عەفرین و هەر شوێنێکی دیکەی کوردستان بکرێت".

عەبدوڵڵا، دەربارەی ئەرکی ڕۆژنامەوانی کوردەوە وتی: ''نابێ ئەرکی ڕۆژنامەوانی کورد تەنیا درووست کردنی هەواڵ بێت، پێویستە ڕۆژنامەوانی کورد، خاوەنی خوێندنەوەیەکی مێژوویی لەسەر ڕووداوەکان بن. یانی تۆ ئەگەر وەکوو ڕۆژنامەوانێک لە مێژوو تێنەگەی، نرخاندنەکانیشت ڕۆژانەیە و قووڵ نییە. هێندێک شتی نەتەوەیی هەیە کە ڕۆژنامەوانی کورد ناتوانی بێ‌لایەن بێ و دەبێ هەڵوێستێکی نەتەوەیی هەبێت. دەبێ وەکوو ڕۆژنامەوانی گەلێکی بندەست خەبات بکات و ڕاستیی ڕووداوەکان ئاشکرا بکا''.

عەبدوڵا، وتەیەکی مارکس-مان وەبیردێنێتەوە کە وتوویەتی؛ ''پێویستە کۆمۆنیست و چەپی گەلی سەردەست یارمەتی گەلی بندەست بدەن". عەبدوڵڵا دەڵێ؛ ئێستا بۆ ئێمە کە گەلێکی بندەستین، چۆن دەبێ بەنێوی ڕۆژنامەوانییەوە خۆمان بێ‌لن پێشان بدەین؟

''کوردستان وڵاتێکی داگیرکراوە. ئێمە دەمانەوێ بە ڕێبازی ئاشتییانە کێشەکانمان چارەەسەر بکەین. بەڵام داگیرکەر لەدژی ئەو داوا ڕەوایەی ئێمەیە. هەر بۆیە پێویستە ڕۆژنامەوانی کورد ئەو ڕاستییە ببینێت و بەپێی ئەو ڕاستییە هەڵسوکەوت بکات. گەورەترین حەقیقەت ئەوەیە کە سەرەڕای ئەوەی گەلی کورد، گەلێکی ئاشتیخوازە و قەت هێرشی نەکردۆتە سەر هیچ کەسێک و خاکی هیچ کەسێکی دیکە، لە هەموو لایەکەوە ژینۆساید دەکرێت. ئەو شتانە ئەرکی ڕۆژنامەوانی کوردی قورستر کردووە و شتێکی کە تۆ ئەوڕۆ دەینووسی، بەیانی دەبێتە بەشێک لە مێژوو. دەبێ ڕۆژنامەوانی کورد خۆی شەرمەزاری مێژوو نەکات''.

ستران عەبدوڵڵا باسی لە ڕەفتاری خراپی ڕووسەکان لەگەڵ کێشەی کورد کرد و وتی: هێرشی سەر عەفرین-یش وەکوو هێرشی سەر مەهاباد، لە ئەنجامی سیاسەتی ڕووسەکان پێکهات. دوژمن بەتایبەتی ڕۆژەکان دیاری دەکەن. بۆ وێنە لە ساڵڕۆژی لە سێدارەدانی 'شێخ سەعیدی پیران'دا، سزای لە سێدارەدانیان بەسەر ئۆجالاندا سەپاند. یان لە ٧٢هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری مەهاباددا، بە ٧٢ فڕۆکە هێرشیان کردە سەر عەفرین. ئەوانە شتێکی بە ڕێکەوت نییە.

هەموو گەلانی دیکە بۆ ئەوەی ئایین لە بەرژەوەندی خۆیاندا بەکار بێنن، بوونە موسوڵمان. بەڵام کورد زۆرێنەیان موسوڵمانی هەرە باشن. ئێستا بۆ لە ناوبردنی کورد، لە مزگەوتەکانیان نزا دەکەن و دەپاڕێنەوە. بۆچی هێندێک لە موسوڵمانانی ئێمە ئەو شتانە نابینن و وەکوو خەڵکێکی فریوخواردوو هەڵسوکەوت دەکەن؟ ئەوەش ئەرکی ڕۆژنامەوانی کوردە کە ئەو شتانە ڕوون کاتەوە.

''تورکیا نێوەڕاستی دارێکی گرتووە و هەر دوو سەرەکەی دیکەی بەرداوە. نە شیعە ئەوەندە بەهێزن و نە کوردیش ئەوەندە لاوازە، بەڵام دیتمان چی ڕوویدا. تورکیا هاوکاری داعش-یان کرد و لە زۆر شوێن شەڕ هاتە ئاراوە. ئێستاش لەدوای نەمانی داعش، تورکیا بۆخۆی ڕاستەوخۆ هێرش دەکات. لە عێراقیش هەمان ئەو شتە ئێران و تورکیا بە یەکەوە کردیان. هێندێک جار جێگۆڕکێ دەکەن. سیاسەتێکی ئەوان دەربارەی کوردی باش و کوردی خراپ هەیە. هەر دوو وڵات کوردی تایبەت بەخۆیانیان دەوێ. لە سەردەمی شای ئێرانیشدا هەر وابوو و لەدژی کورد هیچ نەگۆڕاوە". عەبدوڵڵا، وتیشی: چۆن ئێران، تورکیا، سووریا و عێراق لە دژی کورد تەواوکەری یەکترین، پێویستە پارتیی و لایەنە کوردییەکانیش لە بەرانبەری ئەواندا یەکگرتوو بن و بە بەرپرسیاریەتییەکی نەتەوییەوە بجووڵێنەوە.

ستڕان عەبدوڵڵا، باسی لە بەرخۆدانیی عەفرین کرد و وتی: ''ئەردۆغان چەند شاری کوردانی وێران کرد. لە خورماتو چیان بەسەر کورد هێنا، ئێستا عەفرین تۆڵەی هەموو ئەوانەیان لێدەکاتەوە. مێژووی کورد ئاوایە. لە جێیەک لێیاندە و لەناویان ببە، لە جیەکی دیکە سەرهەڵدەدەنەوە و لە هەمبەرت دەوەستنەوە. ئەوەی کە ئێستا لە ڕۆژاوا هەیە، ئەو ڕاستییەیە".

عەبدوڵڵا، دەربارەی کێشەکانی نێوان حکوومەتی باشووری کوردستان و حکوومەتی ناوەندی عێراق دەڵێ: ''باشووری کوردستان، قەوارەیەکی فێدراڵییە. داگیرکەر ئەگەر بیانەوێ دەتوانن دەستکاری قورئان-یش بکەن چ بگات بە یاسای بنەڕەتی. بە باوەڕی من هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەو شتانەی کە ڕوویانداوە، پێویستە هەم لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی گفتوگۆ بکات و لە هەمان کاتدا دەبێ یارمەتیدەری گەلی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان-یش بێت. یەکێک لەو هەڵانەی کە پارتیی دێموکراتی کوردستان- پەدەکە کردی ئەوە بوو کە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ حکوومەتی عێراق ڕاگرت و لە جیاتی ئەوە بەبێ ئەوەی هیچ مسۆگەرییەک لە ئارادابێ، گەشەی بە پەیوەندی خۆی لەگەڵ تورکیا دا. پێویستە ئێمە ئەو هەڵانە ڕاست کەینەوە. ئێمە ئێستا بمانەوێ و نەمانەوێ، بەشێکین لە عێراق و لە هەمانکاتدا بەشێکیشین لە گەلی کورد. کورد لە هەر پارچەیەک پێویستە هەم لەگەل گەلی کورد لە بەشەکانی دیکە و هەمیش لەگەڵ ئەو گەلانەی لەو وڵاتانەدا دەژین، کار و سیاسەت بکات.

ستڕان عەبدوڵڵا، سەرنووسەری ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ''ئەوە بۆ یەکیەتی نیشتیمانی کوردستان-یەنەکە-ش ڕاستە. دەبێ لەگەڵ هەموو لایەک لە دانوستان دابێت. پێویستە کە یەنەکە لەسەر هێڵی 'مام جەلال' خەبات بکات. لە باشوور هەوڵدرا هەموو شتێک بە گوێرەی خواستی بارزانی بچێتە پێش، بەڵام وا نابێ. بەهۆی ئەو شتانەوە هێندێک کێشە لەنێو یەنەکەدا درووست بوو. کێشەکانی نێو یەکێتی نیشتیمانی لە هەمان کاتدا کێشەکانی کوردستان-یشن. لاواز بوونی یەنەکە بە واتای بەهێزبوونی پەدەکە و ئەردۆغانە و لەوانەیە ببێتە هۆی شەڕی براکوژی. بۆ ئەوەش پێویستە هەموو کەس و لایەنێک پشتیوانی لە یەنەکە بکات. دەبێ هەموو کەس لەو ڕاستییە تێبگات و دەبێ بە شێوازێکی نوێ و بە خوێندنەوەیەکی نوێ و بە ڕۆحێکی کوردستانی تێبکۆشین".