سلێمانی... لەو شوێنەی دەمهات عەگید و جەمیل ئەحمەد شەهیدکران، ئاگری نەورۆز کرایەوە

لەسەر شاخی گۆیژەی سلێمانی، لەو شوێنەی کە دەوڵەتی تورک لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ دوو کادری کەجەکەی تێدا شەهیدکرد، ئاگری نەورۆز لەلایەن تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستانەوە کرایەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر شاخی گۆیژەی شاری سلێمانی، لەو شوێنەی کە دەوڵەتی تورک دەمهات عەگید و جەمیل ئەحمەد، کادرانی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکەی تێدا شەهیدکرد، ئەنجومەنی سلێمانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان ئاگری نەورۆزی کردەوە.

ئاگرەکە لەلایەن دایکی شەهیدێکەوە کرایەوە و جگە لە ئەندامانی تەڤگەری ئازادیی، ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی سلێمانیش بەشداربوون لە کردنەوەی ئاگرەکەدا.

ئازاد عومەر، هاوسەرۆکی هەرێمی سلێمانی تەڤگەری ئازادیی بە ڕۆژنیوزی وت:"ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەماتوانی هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو ئەم جەژنە پیرۆزبکەین، بۆیە بڕیارماندا لێرەدا ئاگر بکەینەوە و پەیام بە داگیرکەران بدەین کە ناتوانن ئیرادەی گەلەکەمان بشکێنن".

ف.ق