سوپای توركیا هه‌ڕه‌شه‌ی سووتاندنی گوندنشینانی چه‌مێ ئه‌لكا ده‌كات
سوپای توركیا چه‌ندین ڕۆژه هێرشی نه‌ژادپه‌رستانه ده‌كاته سه‌ر گوندی چه‌مێ ئه‌لكا و هه‌ڕه‌شه‌ی سووتاندنی گوندنشینان ده‌كات.
سوپای توركیا چه‌ندین ڕۆژه هێرشی نه‌ژادپه‌رستانه ده‌كاته سه‌ر گوندی چه‌مێ ئه‌لكا و هه‌ڕه‌شه‌ی سووتاندنی گوندنشینان ده‌كات.
ماوه‌یه‌كه له ٦٥ گوند و لادێی سنووری ناوچه‌ی لیجه و دێرا هێنێ-ی سه‌ر به ئامه‌د هاتووچۆ قه‌ده‌غه كراوه. بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی هاتووچۆ له ٤ی تشرینی یه‌كه‌م\١٢ی ڕه‌زبه‌ر ڕاگه‌یه‌نرا و هه‌مان ڕۆژ ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی ده‌ستی پێكرد.
گوندی چه‌مێ ئه‌لكا كه ئۆپه‌راسیۆن تیایدا زیادی كردووه، له‌ژێر گه‌مارۆ دایه. سوپای توركیا هێرشی نه‌ژادپه‌رستانه ده‌كات و هه‌ڕه‌شه له هاوڵاتییان ده‌كات و چه‌ندین هاوڵاتیشی ده‌ستگیر كردوون. به گوێره‌ی زانیارییه‌كان سه‌رووی گونده‌كه به‌رده‌وام له لایه‌ن سه‌ربازانه‌وه بۆمباران ده‌كرێت و ئه‌و ئاگره‌ی به‌ر له ٢ ڕۆژیش له دارستانی گونده‌كه كه‌وته‌وه تا ئێستا به‌رده‌وامه.
له لایه‌كی دیكه‌وه ئاو و كاره‌با و پێداویستییه گرینگه‌كانی ژیان به گوندنشینان نادرێن. ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی كه له هۆڵكه‌كاندان و ناخرێنه ده‌ره‌وه، بارودۆخیان خراپه و گوندنشینان مه‌ترسی له‌ناوچوونی ئاژه‌ڵه‌كانیان هه‌یه. هێزه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیای داگیركه‌ر زیانی زۆریان به میوه، سه‌وز و باخی گوندنشینان گه‌یاندووه و ده‌ستیشیان به‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كان و خۆراكی هاوڵاتییاندا گرتووه و بۆ خۆیان بردووه.
هاوكات گوندنشینان به سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵیان ڕاگه‌یاند، سه‌ربازه‌كان به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن‌یان لێ ده‌كه‌ن و پێیان ڕاگه‌یاندنوون: «ده‌تانكوژین. هه‌مووتان ده‌خه‌ینه ماڵێك و ئاگرتان تێبه‌رده‌ده‌ین.»
ئۆتۆمبێله زرێپۆشه‌كان به‌رده‌وام به نێو گونده‌كه‌دا ده‌سوڕێنه‌وه و هێشتا چاره‌نووسی هه‌ردوو هاوڵاتی محه‌مه‌د عه‌لی ئۆیوونلوو (٨٢ ساڵان) و محه‌مه‌د ئۆیوونلوو (٤٥ ساڵان) نازانرێت كه به‌ر له ٢ ڕۆژ له لایه‌ن ئه‌و هێزانه‌وه ده‌ستگیر كراون.
s.m