سوپای تورک لە گوندەکانى پیرانى ئامەد دەستی بە ئۆپەراسیۆن کرد

سوپای تورکی داگیرکەر لە گوندەکانى پرێژمان، شنگرک، هەریدان و تۆنەکراگ لە باکووری رۆژئاواى ناوچەى پیرانى ئامەد دەستی بە ئۆپەراسیۆنى سەربازیی بەرفراوانکرد.

ئۆپەراسیۆنەکەى سوپای تورکی داگیرکەر لە ناوچەى پیرانى ئامەد بە بەشداریى سەدان سەرباز و بە پشتیوانى چەندین کۆپتەری سەربازی و لۆجستى بەڕێوەدەچێت.

ئۆپەراسیۆنەکە لە شەوی رابردووە دەستیپێکردووە و ئەو گوندانەى ناوچەى پیران لەلایەن ئەو سوپا داگیرکەرەوە گەمارۆ دراون.

سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ و لە ئەنجامى بەردەوامیى ئۆپەراسیۆنەکەى سوپای تورکدا شەڕ لە ناوچەکە روویداوە، بەڵام لەبارەى وردەکاریى شەڕەکەوە زانیارى لە بەردەستدا نییە.

بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکەوە هاووڵاتییانى ئەو گوندانە ناتوانن لە گوندەکانیان بچنەدەرەوە و تەنانەت رێگاشیان پێنادرێت پێداویستیى رۆژانەى ژیانیان دابین بکەن.

ر.م