سۆران عومەر: هێشتا هەرێمی کوردستان دروست نەببوو کە پەکەکە لێرە بوو

سۆران عومەر پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان لەبەرانبەر لێدوانی بەرپرسانی پەدەکە ناڕەزایی دەربڕی و ڕایگەیاند، هێشتا هەرێمی کوردستان دروست نەببوو کە پەکەکە لێرە بوو.

کەمپینی کۆکردنەوەی ئیمزا بۆ دەرکردنی سەربازانی سوپای داگیرکەری تورک لەسەر خاکی باشووری کوردستان و عێراق بە پێشەنگایەتی ژنانی گەنجی تێکۆشەر و گەنجانی وڵاتپارێز لە چوارچێوەی هەڵمەتی 'برووخێ'ی سەفەربەری حەفتانین بەردەوامە. کەمپینەکە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بەردەوامە. تا ئێستا بە هەزاران ئیمزا کۆکراونەتەوە. ژمارەیەکی زۆر لایەنی سیاسیش پشتگیری لە کەمپینەکە دەکەن.

سۆران عومەر پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستاندا پشتگیری لە کەمپینەکە کرد و لەبارەی هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ ئاژانسەکەمان (ANF) قسەی کرد.

'دەوڵەتی تورک بە ئاشکرایی، داگیرکاری ئەنجام دەدات'

سۆران عومەر هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورکی شەرمەزار کرد و ئاماژەی بە داگیرکەری تورکدا و وتی،"سەربازانی تورک سنورەکانی هەرێمی کوردستانیان تێپەڕ کردووە. تورکیا خۆی ئاشکرای کردووە کە لە هەولێر، سۆران و دهۆک ٣٦ بارەگای سەربازی و هەواڵگری هەیە. ئەمە داگیرکەریەکی ئاشکرایە. بەداخەوە ماوەیەکی زۆرە تورکیا بارەگای لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە."

'٢٠٠٣ بڕیاری دەرکردنی سەربازانی تورک درابوو'

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشکرد، لە ڕووی یاساییەوە هیچ بناغەیەک بۆ مانەوەی سەربازانی تورک لە باشووری کوردستان نییە، بەڵام بەهۆی نەبوونی هەڵوێستی جددی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەربازانی تورک لە هەرێم جێگیر بوون وتی،"بۆیەش وایلێهاتووە کە حکومەتی هەرێم وەک ئەرکێک شوێنی پەکەکە دیار بکات و دواتر بۆردومان بکرێن."

'مافی تورکیا نییە خاکی هەرێم بۆردومان بکات و سەرباز بهێنێت'

سۆران عومەر پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی هەروەها لەبارەی قسەکانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کە وتبووی،'تورکیا بەهێزە، باش لە ئامانجەکانی دەدات. پێویستی بە هەواڵگری ئێمە نییە' وتی،"هۆکارەکەی ئەوە نییە کە تورکیا بەهێزە و پەکەکەش لە هەرێمە. ئەوە نابیتە هۆکاری ئەوەی هێرشەکان ڕەوا ببینرێن. مافی تورکیا نییە خاکی هەرێم بۆردومان بکات و سەرباز بهێنێت.

'ڕێککەوتنی ٥٠ ساڵەی نێوان پەدەکە و تورکیا وایکردووە پەدەکە لەبەرانبەر هێرشی داگیرکەری بێدەنگ بێت'

سۆران عومەر وتیشی،"شەڕەکە لە هەرێمی کوردستانە. بێهەڵوێستی دەسەڵاتداران بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بۆ ڕێککەوتنی ٥٠ ساڵە دەگەڕیتەوە کە لەبارەی نەوتەوە لەگەڵ تورکیا ئیمزایان کردووە. ئەوە بووەتە هۆکار کە پەدەکە سەربازانی تورک بێنێتە سەر خاکی هەرێم. لەناو ئەو ڕێککەوتنە هەندێک خاڵی ئەمنی ئیمزاکراون کە لەبارەی پەکەکەن. ئەوەش لەبارەی هەواڵگریە. بۆ ئەوەی تورکیا پەدەکەی خۆش بوێت، هەموو شتێک بۆ تورکیا کراوەیە. ئەوەش وایکردووە کە ڕێککەوتنی ئابوری و ئەمنی وابکات کە سەربازانی تورک بۆ هەرێم بهێنرێن.

'هەرێمی کوردستان دروست نەببوو کە پەکەکە لێرە بوو'

لە کۆتایی قسەکانیدا سۆران عوبەر دەشڵێت،"هەرێمی کوردستان دروست نەببوو کە پەکەکە لێرە بوو. پەکەکە لەسەر خاکی هەرێمی کوردستانە. ئێرە خاکی کوردستانە. چۆن ئێمە پارچەکانی تر وەک خاکی کوردستان دەبینین، ئەوانیش بەم شێوەیە ئێرە وەک خاکی خۆیان دەبینن. خۆی هەرێمی کوردستان دروست نەببوو کە پەکەکە لەسەر خاکی کوردستان بوو."

ف.ق