سۆزدار ئاڤێستا: هەر کەس رۆڵی لە کوشتنى مام زەکیدا هەبوو بێت ئاشکرا دەبێت

سۆزدار ئاڤێستا ئەندامى دەستەى سەرۆکایەتیى گشتیى کەجەکە رایگەیاند، لەبارەى کوشتنى زەکى شەنگالییەوە لێکۆڵینەوەیەکى ورد بەڕێوەدەچێت. ئاڤێستا سەرنجی خستە سەر رۆڵی هێزە هەرێمییەکان لە هێرشەکەدا بۆ سەر مام زەکى شەنگالی.

سۆزدار ئاڤێستا ئەندامى دەستەى سەرۆکایەتیى گشتیى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) نرخاندنی لەبارەى هێرشی ١٥ی ئاب لە شەنگال کە تیادا مام زەکى شەنگالی ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە و ئەندامى دەستەى بەرێوەبەریى کۆمەڵگەى ئێزیدی شەهید بوو کرد.

ئامانجی ئەو هێرشە چی بوو؟ کێ و چۆن بەشدارییان لەو هێرشەدا کرد؟ مام زەکى شەنگالی بۆ شەنگال و بۆ کۆمەڵگەى ئێزدی و بزووتنەوەى ئازادی چ مانایەکیان هەیە؟ خەونى مام زەکى شەنگالی چۆن بەدیدەهێنرێت و چەندین بابەتى تر لەلایەن سۆزدار ئاڤێستا ئەندامى دەستەى سەرۆکایەتیى گشتیى کەجەکەوە شیکردنەوەیان بۆ کرا و وەڵامى پرسیارەکانى بە ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) دایەوە.

ئاڤێستا رایگەیاند، لەسەر ئەو هێرشەى لە ١٥ی ئابی ٢٠١٨دا لە شەنگال ئەنجامدرا و مام زەکى شەنگالی تیایدا شەهیدبوو لێکۆڵینەوەیەکى ورد بەڕێوەدەچێت و راشیگەیاند "بۆ ئەو بابەتە لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە. لە لێکۆڵینەوەکەدا بابەتى وەک ئەو فڕۆکەکان لە کوێوە هاتن؟ چەند کیلۆمەتر بە ئاسمانەوە بوون و لە دووریى چەند کیلۆمەترەوە هاتبوون؟ فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى هێرشبەر (SÎHA)یان بەکارهێناوە؟ ئەو فڕۆکەیە (SÎHA)ی دەوڵەتى تورکیا لە ئێستادا ناتوانێت ئەو مەودا دوورە ببڕێت لە تورکیاوە بێت بۆ شەنگال، چونکە تواناى فڕینى ئەو رێگا دوورەى نییە. گومان لەسەر هەستانى شوێنى ئەو فڕۆکانە دروستبووە. یەکڕاست بۆچوونەکان دەچن بۆ بەکارهێنانى بارەگاکانى دەوڵەتى تورک لە باشووری کوردستان بۆ ئەنجامدانى ئەو هێرشە و هەستانى فڕۆکەکان لەو بارەگایانەوە".

لە ١٥ی ئابدا لە شەنگال بە هۆی هێرشى دەوڵەتى تورکەوە مام زەکى شەنگالی شەهید بوو. ئێوە وەک بزووتنەوەى ئازادی لێکدانەوەتان بۆ ئەو هێرشە چییە؟

 بەبۆچوونى من دەبێت مرۆڤ ئەو فەرمانانە کە لە دژی کۆمەڵگەى ئێزدی دەرکراون بە باشی لێکبداتەوە. هۆکاری ئەو فەرمانانە بۆ کوشتارکردن، کۆمەڵکوژکردن و سڕینەوە و پاکتاوکردنى کۆمەڵگەى ئێزدیمان بووە. هۆکاری ئەنجامدانى ئەو هێرشانەش لە دژی ئێزدییەکان، دوورکەوتنەوەی هێزە باڵادەستەکانە لە حەقیقەتی کولتوری ئیسلامى، چونکە فیکری ئیسلامێتى بە شێوەیەک تێکەڵ بە سیاسەت کراوە، کە ئیسلامێتییان خستووەتە خزمەت دەسەڵاتە سیاسییەکەیانەوە و لەو رێگەیەوە دەسەڵات ئیسلامى کۆنترۆڵکردووە و خۆیشى زاڵکردوە بەسەر حەقیقەتى کولتوری ئیسلامیدا. لە ئێستا بە دواوە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دا هەر کۆمەڵکوژییەک بەرامبەر بە کۆمەڵگە روو بدات پشتبەستوو دەبێت بەو بنەما و هۆکارانە کە کۆمەڵگەى ئێزدییان پێ کۆمەڵکوژ کرد. وەک کوردی رەسەن، رەگ و ریشەى کورد، زمانەکەی، رۆشنبیرییەکەی، داب و نەریتی کوردانەیان تاوەکو رۆژی ئەمڕۆ لە ئامێز گرتووە. لەو بارەیەوە رێبەر ئاپۆ دەڵێت، ئێمە ئەمڕۆ قەرزاری کۆمەڵگەى ئێزدی و عەلەوین. بە تایبەت قەرزاری ژنانین، چونکە ئەوان کوردبوونیان بە زیندوویى راگرت. لەسەر ئەو بنەمایانە کاتێک مرۆڤ سەیر دەکات ئەو بەش و لایەنەى کە بە بەردەوامی خواستویەتى کوردبوون بسڕێتەوە، رۆشنبیریى کوردی، زمانەکەى، مێژووەکەی بسڕێتەوە و لە رەگ و ریشەوە کورد لە ناو ببەن، یەکەم ئامانجیان ئەوە بووە هێرش بکەنە سەر کۆمەڵگەى ئێزدی.

زەکى شەنگالی هێزى ئێزدییەکانى بونیاتنا

ئەوەى لە ٧٣ فەرماندا کوشتار کراوە و سەدا ٦٠ی دانیشتوانى کۆمەڵکوژکراون ئێزدییەکانن و ئێستا هەموو کۆمەڵگەى ئێزیدى ژمارەیەکی زۆر کەمیان لێ ماوەتەوە. بە سەرتاسەری جیهاندا بڵاوبوونەتەوە. هەموو ئامانجیان بۆ سەر خاکى کوردستان لێدان بووە لە ئێزیدخان و لە شەنگال ئێزدییەکانیان ناچاری کۆچبەری و ئاوارەیى کرد. تاوەکو ئەو ناوچەیە بکەوێتە ژێر دەستى ئیسلامیى توندڕەوی وشک، بکەوێتە دەستى عەرەب، ئەو عەرەبانەى کە زۆربەیان بە عەقڵییەتى داعش دەجوڵێنەوە، چونکە مرۆڤ ناتوانێت بە گشتی ئەوە بەرامبەر بە کۆمەڵگەى عەرەب بڵێت و دروستیش نییە. ئامانجی یەکەمیان لە کەسایەتیى هەڤاڵ زەکى شەنگالیدا کردنە ئامانج و لێدانى کۆمەڵگەى ئێزدی بوو. کۆمەڵگەى ئێزدی لە ساڵی ٢٠١٤دا لە بەرامبەر هێرشى داعشدا بۆ جارێکیتر و بە پێشەنگایەتى هەڤاڵ زەکى شەنگالی و بزووتنەوەى ئازادی هەڵمەتى شۆڕشگێڕانەیان خوڵقاند. ئەوەى پێشەنگایەتیى ئەو هەڵمەتەى لە دژی داعش کرد هەڤاڵ زەکى بوو. هەم لە رووی سەربازییەوە و هەم پاراستنى کۆمەڵگەیەکیان رێکخست و لەوەشدا رۆڵێکى راست و دروست و گەورەى گێڕا. قەناعەتى بە کۆمەڵگەى ئێزدی کرد و رۆڵەکانى ئەو کۆمەڵگەیە لە ناو هێزى پاراستندا رێکخست، کە بەراستى کارێکى ئاسان نەبوو، چونکە تاوەکو ئێستا کۆمەڵگەى ئێزدی نەبوون بە سەرباز و هێز بۆ خۆیان. بۆ ئەوەى هێزى پاراستنى شەنگال بونیات بنێێت دەبوایە قەناعەتى بۆ دروست بکردنایە و هەڤاڵ زەکی رەنجێکى زۆر بۆ ئەوە دا تاوەکو هێزى پاراستنى شەنگال دروست بوو.

دەیانەوێت شەنگالێک بەبێ ئیزدی و ئیزیدخان دروست بکەن

دەوڵەتى تورک راستەوخۆ دەستى لەو هێرشەدا هەیە، مرۆڤ دەتوانێت بڵێت دەوڵەتى تورک خۆی لە بەرامبەر خۆبەڕێکخستنکردنى کۆمەڵگەى ئێزدیدا پێڕاناگیرا؟

راستە، چونکە پاراستنى خۆى بونیاتنا، چونکە ئیرادەى سیاسیى خۆی سەلماند، ئەنجوومەنى خۆبەڕێوەبەریى دیموکراتیکى خۆی دامەزراند. چونکە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا دیپلۆماسیى خۆى پێشخست و خۆشیان بەرپرسیاری کۆمیتەى دیپلۆماسیى خۆیان بوون. دیپلۆماسیی لەگەڵ گەلی عەرەب، تورکمان، لەگەڵ شیعە ئەنجامدا و لەر رێگەیەوە یەکێتیى گەلانى بونیات دەنا. لە کەسایەتیى گەلی شەنگال دا یەکێتیى گەلانی لە شەنگال بونیات دەنا. هۆکارى ئەو هێرشە لە کەسایەتیى هەڤاڵ زەکی دا لە بنەڕەتدا بۆ ئەوە بوو، کە رێگەى لە فەرمانى ٧٣هەم گرتبوو و رێگای نەدا جارێکیتر لەوێدا ئیرادەى ئێزدییەکان تێبکشێت. توندوتیژییەکەى داعش ئامانجی ئەوە بوو کە ئیرادەى ئێزدییەکان تێکبشکێنێت و جارێکیتر کۆمەڵگەى ئێزدی لەسەر خاکى خۆی راماڵێت و کۆچبەریان بکات. ئیتر شەنگال چۆڵ بکەن لە ئێزدی. ئیتر شەنگالێکى بێ ئێزدی و ئیزیدخان و بێ خودی شەنگال دروست بکەن. لەو رێگەیەوە دەیانویست کۆمەڵگەى ئێزدی لەیەکتر داببڕن، بەڵام ئەو بەهاناوە چوونە کە هەڤاڵ زەکى بە هەڵوێستى بەهێز و کاریگەرییەکى گەورەوە خوڵقاندی پلانەکانى ئەوانى تێکدا. لەبەر ئەوەش هۆکاری سەرەکى بوو بۆ ئەوەى کە فاشیزمى دەوڵەتى ئاکەپە هەڤاڵ زەکى بکاتە ئامانج.

گەلی ئێزیدخان هێرشەکەى ٣ى ئابی ٢٠١٤ بە بەردەوامیى فەرمانەکانى تر لەسەر خۆیان پێناسە دەکەن، بەڵام زۆر حیزبی سیاسی و لایەن و کەسایەتی لەبارەى ئەو هێرشەوە راگەیاندراوێکیشیان بلاونەکردەوە. بە بۆچوونى ئێوە رۆڵى حیزبەکانى باشوور، ئەمریکا و حکومەتى عێراق لەو هێرشەدا لە چ ئاستێکدایە؟

ئەوە بە روونی دیارە، شەنگال لە خاکى عێراقدایە. بەپێى ماددەى ١٤٠ی دەستووری عێراق و پێش فەرمانەکەش ئەو ناوچەیە ناوچەى کێشە لەسەر بوو. لەسەر بەشی کوردستان نییە. یانى کێشەکەى بە تەواوی چارەسەر نەبووە. لە شەنگال و لە دەشتى نەینەوادا کۆمەڵگەى جیا جیا ژیان بەسەر دەبەن. ئەگەر قبوڵکردنى ئەمریکاى تیادا نەبوایە فڕۆکەى تورکەکان نەیاندەتوانى بچنە سەر شەنگال. دیسانەوە ئەگەر پشتگیریى هەواڵگری و سیخوڕی و نزیکایەتیى هەرێمى تیدا نەبووایە، نەیدەتوانى لەوێ پرۆسەى چاودێریکردن و هێرش ئەنجام بدەن. کاتێک مرۆڤ بەپێى ئەو بنەمایانە سەیری هێرشەکە دەکات، هەم دەوڵەتى عێراق، هەم حکومەتى هەرێمى کوردستان و هەمو ئەمریکا رۆڵیان لەو هێرشەدا دەردەکەوێت، بەڵام مرۆڤ هەر چەند ئەوانە بە روونیش باس بکات، بەڵام هێشتا هەندێک شت هەیە کە بە تەواو روون نەبووەتەوە.

لەو بارەیەوە لیکۆڵینەوە بەڕێوەدەچێت. بۆ نمونە لە لێکۆڵینەوەکەدا بابەتى وەک ئەو فڕۆکەکان لە کوێوە هاتن؟ چەند کیلۆمەتر بە ئاسمانەوە بوون و لە دووریى چەند کیلۆمەترەوە هاتبوون؟ فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى هێرشبەر (SÎHA)یان بەکارهێناوە؟ ئەو فڕۆکەیە (SÎHA)ی دەوڵەتى تورکیا لە ئێستادا ناتوانێت ئەو مەودا دوورە ببڕێت لە تورکیاوە بێت بۆ شەنگال، چونکە تواناى فڕینى ئەو رێگا دوورەى نییە. گومان لەسەر هەستانى شوێنى ئەو فڕۆکانە دروستبووە. یەکڕاست بۆچوونەکان دەچن بۆ بەکارهێنانى بارەگاکانى دەوڵەتى تورک لە باشووری کوردستان بۆ ئەنجامدانى ئەو هێرشە و هەستانى فڕۆکەکان لەو بارەگایانەوە. ئەوە سەد لە سەد دێتە پێشەوە، بەڵام پێویستە ئەوە روون و یەکلایى بێتەوە. بۆ ئەوەش دەوڵەتى عێراق رۆژێک پێش هێرشەکە لە چاوپێکەوتندا لەگەڵ دەوڵەتى تورکیا. ئەوەى لە ناوەرۆکی چاوپێکەوتن و دانیشتنەیاندا چی روویداوە دەبێت روون بێتەوە. رەنگە هەوڵیاندابێت کۆمەڵگەى ئێزدی و حکومەتى عێراق رووبەڕووی یەکتر بکەنەوە و ئەوەش لە پێناو یارییەکانى خۆیاندا. بێگومان بەبێ ئەوان نایاندەتوانى ئەو هێرشە ئەنجام بدەن. لە مانایەکى تردا رەنگە وتبێتیان ئێمە هێرش دەکەینە سەر شەنگال و لە بەرامبەردا ئێمەش ئاوی دیجلەتان بۆ بەردەدەینەوە و دەست لە تەلعەفەر نەدەن و ئێمەش دەست لە کەرکوک وەرنادەین. ئەو شوێنانەى لە ژێر کاریگەریى دەوڵەتى تورکدان لە رووی ئابوورییەوە تۆزێک کۆیان بکەنەوە. هەموو ئەوانە لەگەڵ هێرشکردنە سەر شەنگال روویاندا و بڵاوکرانەوە.