سینەماکاری كورد ڕه‌حیم زه‌بیحی و برایەکی ژیانیان لەدەست دا

ڕەحیم زەبیحی سینه‌ماكاری بەناوبانگی کورد لە شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕووداوێکی هاتووچۆی گوماناویدا لەگەڵ برایەکیدا ژیانی لەدەست دا.

ئەمڕۆ (هه‌ینی) لە ناوچەی نێزەڕۆی شاری بانە له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان سینه‌ماكاری كورد ڕەحیم زەبیحی و کەیوان زەبیحیی برای، ئۆتۆمبێلەکەیان وەرگەڕا و ئاگری گرت، بەو هۆیەوە هەردووکیان ژیانیان لەدەست دا.

بەشێک لە ماڵپەرە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات و هاوڕێیانی زەبیحی لە تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، باسی ئەوە ده‌كه‌ن کە تەرمی سووتاوی هونەرمەند ڕەحیم زەبیحی و براکەی بە دەستبەستراوی لە ئۆتۆمبێله‌كه‌دا دۆزراونەتەوە، به‌مه‌ش گومانی کوشتنی بە ئەنقەستی ئەو دوو برایە‌ ده‌كرێت‌.

ڕەحیم زەبیحی لە شاری بانە لەدایک بووە و یەکێکە لە سینەماکارە دیاره‌كانی کورد. له‌ گرینگترین به‌رهه‌مه‌كانی زه‌بیحی؛ کورتە فیلمەکانی «هاوار»، «سەتەلایت»، «کۆتایی شەڕ»، «ئەو پیاوەی کە چوو بۆ سەیران»، «ساتە مەزادکراوەکان»، «تیرۆریستێک دادەبەزێ»، «ڕۆژی دوایی»، «ئیسترێس»، «سەمای ڕەنگەکان»، «ژانی دابڕانی ئەبەدی»، فیلمی «وه‌ڵاتی ئەفسانە» و چەند بەرهەمێکی دیكه‌ی سینەمایی کە لە چەندین فێستیڤاڵی سینەمای ناوچەیی و جیهانیی گرینگدا نمایش كراون و خه‌ڵاتیان وه‌رگرتووه‌.

s.m