سێ زیندانی سیاسی دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە

بە پێی زانیاریەکان لە زیندانی پیتی (L)ی ئەسپی گرەسوونی تورکیا ٣ زیندانی سیاسی بە شێوەیەکی دەوری دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە.

ڕاگەیەنرا لە زیندانی پیتی (L)ی ئەسپی گرەسوونی تورکیا فشاری لەسەر زیندانیانی سیاسی زیادی کردووە.

زیندانیان بە تەلەفۆن خانەوادەکانیان ئاگادار کردووەتەوە کە بە هۆی سزای دیسیپلینەوە بەرپرسانی زیندان دەستیان بەسەر کتێبەکانیاندا گرتووە و ڕاپێچی زیندانی تاکەکەسیان دەکەن.

زیندانیان ڕایانگەیاند، ڕووبەڕووی مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونەتەوە و بەرپرسانی زیندانەکان ڕێگە نادەن بچنە هەوشەی زیندانەکە و سەردانی پزیشک بکەن. هەروەها ئاماژەیان بەوەکرد، دەرمانیان نادەنێ و سوبهی ئاکتاش، ئاراس ئاسلان و سەرهان ئاککوشیش لە ١٨ی ئازارەوە دەستیان بە چالاکی مانگرتن بە شێوەیەکی دەوری کردووە.

خانەوادەی زیندانیان لەبارەی دۆخی زیندانیان داوایان لە ڕێکخستنەکانی مافەکانی مرۆڤ کرد دەستوەردان بکەن و بەنیازن سەردانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ بکەن.

ف.ق