سەبری ئۆک: داگیرکەریی سەدە لە قۆناغی تێکشاندن و پاکتاوبووندایە

سەبری ئۆک ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی کەجەکە وتی، پاکتاوکردنى فاشیزمی ئەردۆغان دەبێتە هۆی پاکتاوکردنی داگیرکەریی سەدە. وتیشی "پێشهات و گەشەسەندنەکان رێک بەو رێڕەوەدا دەڕۆن. رەنگە ئەمەش دوا شەڕی ئێمە بێت لەگەڵ کۆماری تورکیادا".

سەبری ئۆک ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان وتی، بەهاری راستەقینەی گەلانی رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بە پاکتاوکردنی فاشیزمی ئەردۆغانی دوژمنی دیموکراسی و بە پاکتاوکردنى نەتەوە دەوڵەت و دەسەڵاتەکەیان بەدی دێت و ئێستاش لەو پرۆسەیەدان.

ئۆک رایگەیاند، فاشیزمی ئەردۆغان، کە نوێنەرایەتیى عەقڵییەتى داگیرکەریی سەدە دەکات، هەبوون و داهاتووی خۆی لەسەر چۆکشکاندنی کوردان و پاکتاوکردنی بزووتنەوەى ئازادی بونیاتناوە و چووەتە قۆناغێک، کە گەڕانەوەى بۆ نییە. راشیگەیاند "بە تەواوەتی کەتوەتە پرۆسەى تێکشکاندن و داڕمانەوە و بۆ ئەوەشە بەو شێوەیە بە زۆر خۆڕاگری دەکات".

ئۆک سەرنجی خستەسەر سوریا و وتى، چارەسەریی راست و ئاسان، چارەسەریی دیموکراتیکە، کە لە نێوان بەرێوەبەریی باکوور – رۆژهەڵاتى سوریا و شام دا لە زووترین کاتدا پرۆسەى دانوستانی چارەسەریی هەمیشەی دابنێن.

ئۆک وتی "ئەگەر بەو شێوەیە بێت ئەوا جنیڤ دەچێتە سوریا، یان شام".

سەبری ئۆک ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی کەجەکە وتی "دانوستانەکانى ئاستانا و سۆچی رۆحی ئەردۆغان، پوتین و روحانییە. ئەو رۆحە بە ناوی چارەسەری کاری زیندوکردنەوەى هێڵی نەتەوە دەوڵەتە، کە کورد بە نەبوو دەزانێت و حسابی بۆ ناکات، ئەگەر ناوەکەى بگۆڕێت، یان نەگۆڕێت هیچ لەو رۆحە ناگۆڕێت و ئەوان کار بۆ پاراستنى ئەو رۆحە دەکەن.

هەمووشیان جنیڤ قبوڵ دەکەن، زۆرێک لە چەتەکان کە پێیان دەڵێن 'ئۆپۆزسیۆن' و ئەو چەتانە، کە زۆربەیان لە ژێر کاریگەریی تورکیادان بەشداری لەو دانوستانانەدا دەکەن.

پلاتفۆرمی مۆسکۆ هەیە. ئەو پلاتفۆرمە لە ژێر کاریگەریی رژێمدایە. لە لیژنەى ١٥ کەسی جنێڤ دا بە ٤ کەس نوێنەرایەتیان هەیە.

پلاتفۆرمی ریاز هەیە. ئەو پلاتفۆرمە نوێنەرایەتیى 'ئۆپۆزسیۆن' دەکات. ٨ کەس دەنێرێت بۆ دانوستانەکانى جنێڤ، کە هەموو دانوستانکارەکان لە ١٥ کەس پێکدێن، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی نێوان سعودیە و تورکیاوە تاوەکو ئێستا چەند ناوی گروپی پلاتفۆرمی ریاز گۆڕاوە.

هەروەها داوا هەیە بۆ ئەوەى پلاتفۆرمی قاهیرە، یان کۆنگرە زیندوو بکرێتەوە. ئیدعا دەکرێت کورد لەوەدا بەشدارە. گەلانی باکوور – رۆژهەڵاتی سوریا دەیانەوێت بەشداری ئەو کۆنگرەیە ببن. پلاتفۆرمی قاهیرە ٤ کەس دەنێرێت بۆ دانوستانەکانى جنێڤ، کە لە ١٥ کەس پێکدێت.

بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا ئەو هەموو پلاتفۆرمانە بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان چاوپێکەوتن ئەنجام دەدەن، بەڵام خاڵی گرنگ ئەوەیە کورد و گەلانی باکوور – رۆژهەڵاتى سوریا بۆ چارەسەر هەم خاوەن پرۆژەن و هەمیش لە هەموان ئامادەترن و ئەو مافەشیان هەیە. بەڵام هەم بەهۆی گوشارەکانى کۆماری تورکیا و هەم بەهۆی نزیکایەتى نایەکگرتوانەى ئەمریکا و هاوپەیمانى نێودەوڵەتى و باجدان بە رووسیا لەبەر کۆماری تورکیا، کورد و بەڕێوەبەریی باکوور – رۆژهەڵاتی سوریا لە جنێڤ ئامادە نین. جنێڤێک، کە کورد لە باکوور – رۆژهەڵاتی سوریای تیادا نەبێت، ئەستەمە ببێتە چارەسەر. ئەوەش لە جنێڤ دا باسی لێوە دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا و ئەوەندەى ئێمە دەیزانین، تاوەکو ئێستا هیچ چارەسەرییەکیان بۆ نەکراوە.

دۆخی کۆماری تورکیای داگیرکەر و چەتە فاشیستەکانى لە سەرێکانی، گرێسپی و ئیدلب ئەوە دەسەلمێنێت، کە ئەو هێزەى پێی دەوترێت 'ئۆپۆزسیۆن'، بوونی نییە. ئەردۆغان وتەبێژی بۆ هەمویان دەکات و لە بریی هەموویان قسە دەکات. داعش، بەرەی نوسرە و سوپای ئازاد، کە سەر بە ئەردۆغانن خۆیان بە سەر ئەردۆغاندا بە خاوەن مافیش دەزانن.

لەو دۆخەدا کە 'ئۆپۆزسیۆن' پرژوبڵابوون و ریسوا بوون، چارەسەری راست و دروست چارەسەریی دیموکراتیکە، کە خۆبەڕێوەبەریی خۆسەر لە باکوور – رۆژهەڵاتی سوریا و شام بە خێرایی دەست بە قۆناغی دانوستانی چارەسەری هەمیشەیى بکەن. ئەگەر بەو شێوەیە بێت ئەوا جنێڤ دەچێتە سوریا، یان شام. بۆ ئەوەش رووسیا دەبێت لە قسە زیاتر بە راستی بە رۆڵی خۆی هەستێت، شامیش نابێت وا بجوڵێتەوە، کە لە ٩ ساڵی رابردوودا هیچ شتێک رووی نەداوە و بە نزیکایەتیی راستەقینە و واقعیانە رێگا بە رووی چارەسەریدا بکاتەوە. لە دۆخێکى پێچەوانەدا هەڵبژاردنێک بە بێ کوردان و بەڕێوەبەریی باکوور – رۆژهەڵاتی سوریا رووبدات ئەوە یانی رووسیا و شام هەر لەسەرەتاى رێگاکەدا درۆڕاون. لە بریی ئەوەى شام ئەو راستییە ببینێت دەڵێن، 'ئێمە هەزار جار لەگەڵ کوردان دانیشین هیچی لێ بەدی نایەت' ئەوەى ئەسەد کاری عەقڵ نییە. هەروەها ئەوە نابەرپرسیارییە. دەبێت عەقڵییەتى بەعس، کە تا ئێستا نکۆڵی لە کوردان دەکات بگۆڕێت. ئەوەندەى ئێمە دەیزانین کورد و بەرێوەبەریی باکوور – رۆژهەڵاتی سوریا بۆ چارەسەری کراوە و ئامادەن. کورد و بەڕێوەبەریی باکوور – رۆژهەڵاتی سوریا ئاگاداری رۆڵ و پێگەى رووسیان، بۆیە دەبێت رووسیا ئەوە لەو بوارەدا بە کردەوە جێبەجێ بکات. لەگەڵ ئەوەشدا زۆر سەرنجڕاکێشە کە ئەمریکا و هێزەکانى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى تاوەکو ئێستا بۆ کوردان و بەڕێوەبەریی خۆسەر لە باکوور – رۆژهەڵاتی سوریا لە رووی سیاسییەوە هیچ هەڵوێستێکى باشیان نیشان نەداوە. کورد و بەڕێوەبەریی باکوور – رۆژهەڵاتی روسیا بە دڵنیاییەوە ئێستا شیکاری بۆ هەموو ئەو دۆخانە دەکات".

ئۆک لە بەردەوامی قسەکانیدا سەرنجی خستە سەر گرنگیى یەکێتیى کوردان و وتی:

"ئێستا یەکێتیى نەتەوەیى کورد بۆ گەلەکەمان لە هەموو کاتێک زیاتر گرنگە. پرسی هەبوون و ئازادیی گەلەکەمان لە رۆژەڤدایە. لەبەر ئەوەش یەکێتیى نەتەوەیى بۆ کوردان زۆر پێویستە و چارەنووسسازە. کاتێک مرۆڤ بیر لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، فیدراسیۆنی رووسیا، یەکێتیى ئەوروپا و یەکێتیى ئەفریقا دەکاتەوە، ئەو کوردانەی نەک تەنها بەسەر چوار پارچەدا دابەش بوون، بەڵکو تانوپۆیان لەبەر یەک هەڵوەشاندونەتەوە، سەرباری ئەوەى تێکۆشانی ئازادی و هۆشمەندیی نەتەوەیى، یەکێتیى نەتەوەیى و ناسنامەى نەتەوەیى بەرەوپێشچووە، بەڵام هێشتا بونیاتنانی یەکێتیى نەتەوەیى لە دۆخێکدایە، کە دەبێت بە وردی قسەى لەسەر بکرێت و کاری بۆ بکرێت. گەلی کورد زۆر زۆر پارچە کراوە، دابەشکردنی گەلی کورد کە خاوەن پێگە نییە، من ناڵێم ئەوە چارەنووسە، ناڵێم ئەوە دۆخێکە و لێی تێناگەین، بەڵکو مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، ئەوە چ قەیرانێکە کە کورد هێشتا ئازاری قورسی نەبوونی یەکێتیى دەچێژێت. بە دڵنیاییەوە ئەوە پەیوەندیى بە تایبەتمەندیی داگیرکەریی سەد ساڵەوە هەیە و پەیوەندیی بە کاریگەریی ئەو داگیرکەرییە بە سەر چین و توێژەکانى کوردەوە هەیە. لەبەر ئەوەش ئێمە کردومانە و نەمانکردووە، بەڵام هێشتا ئەوەمان بۆ تێکنەشکاوە. هەموو پێشهاتەکان و گەشەسەندنەکان، کۆمەڵگە و مێژوو، فەرمان بە رێکخستن و سیاسەتمەدارانى کورد دەکات، کە دەبێت کورد بە خێرایی و دەستوبرد یەکێتیى خۆی بونیات بنێت. ئەوە داوا و خەونی هەموو کوردێکە. کێ لەوە هەڵبێت، خۆی لە کاروبارەکانى بشارێتەوە و لە ئەستۆیان نەگرێت، مێژوو و کۆمەڵگە لێی خۆش نابن. رێبەر ئپۆ زۆر کاریکردووە بۆ یەکێتیى نەتەوەیی. هەموو کات فیکر و رامانى خۆی خستووەتەڕوو. رێبەر ئاپۆ زۆرترین کاریکرد بۆ یەکێتیی کوردان. تاوەکو تێگەیشتن لە دیالکیتیکى نێوان پارچەکانى کوردستان دروست نەبێت زۆر قورسە کە هەر پارچەیەک بە تەنها خۆی بتوانێت داهاتووی خۆی دیاری بکات. هەر دەستکەوتێک لە هەر پارچەیەک تاوەکو مرۆڤ بە دەستکەوتی هەموو پارچەکانی نەبینێت پێشخستن و گەشەپێدانی قورس دەبێت. خۆی لە خۆیدا هێزە داگیرکەرەکان بەپێى ئەو دیالکتیکە سیاسەتى خۆیان داڕشتووە و سیاسەتەکەیان لەو چوارچێوەیەدا لە دژی کورد بەڕێوەدەبەن.

ڕاستە: بۆ یەکێتی نەتەوەیی لە ساڵی ٢٠١٣ دا هەنگاوێکی زۆر گرنگ نرا. کێشەکە وەک ئەوە بینرا کە بە تەنها سەرۆکایەتی کۆنگرەیە. ڕێبەر ئاپۆ ڕێگایەکی پێشنیاز کرد. ناوەکانیشتی دیار کرد و بەڕێز بارزانی و لەیلا زانای وەک هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی پێشنیاز کرد. پێشنیازەکەی ڕێبەر ئاپۆ ڕاستەوخۆ بە بەڕێز بارزانی راگەیەنرا. بەڵام رەتکرایەوە. دواتر دەرکەوت کە دەوڵەتی داگیرکەری تورکە ئاستەنگی دروست دەکات. ئاشکرایە ئەمریکا و هێزە نێودەوڵەتیەکانیش ڕۆڵیان هەبوو. رێک ئەو کاتە لەدژی داعش گیانی سەفەربەری دروست ببوو. گەریلاکانی کوردستان لە خانەقینەوە تا شەنگال و مەخموور بەرخۆدانێکی گەورەیان پیشاندا. تا ئەو ڕدەیەی بەڕێز بارزانی چووە مەخموور. بە پێویستی زانی دەستخۆشی لە هێزەکانی گەریلا بکات. ئەوانە ڕووداوی باش بوون. بەڵام کاتێک دەوڵەتی داگیرکەری تورک فشاری لەسەر بەڕێوەبەرایەتی باشوور دروست کرد، هەڵوێستیان گۆڕی. تا ئێستاش قسەکانی ئەردۆغان کە لە کاتی ڕیفراندۆمی باشووردا بە بەڕێوەبەرایەتی پەدەکەی وت، لە گوێماندا دەزرینگێتەوە. کاتێک بابەتەکە دەبێتە ستاتۆی ئازادی کورد و یەکێتی و ئیرادەی هاوبەشی کورد ، سەرەتا دەوڵەتی داگیرکەری تورک و هێزە سەردەستەکان هەڵوێست و سیاسەتی هاوبەش بەڕێوەدەبەن. لەبیریان کرد چی ڕوویدا و دواتر پەدەکە وتی، "ئەگەر پەکەکە لە ڕۆژئاوا نەبایا، تورکیا دەستی بە داگیرکردن و قڕکردن نەدەکرد. بەڵام پەکەکە لە ئیدلب نەبوو و لە لیبیا نەبوو. پێویستە دەست لەو عەقڵیەتە هەڵگرن.

داهاتووی بەئابڕۆ و دەستکەوتی هەمیشەیی بە تەنها بە ئیرادەی هاوبەشی گەلەکەمان و بە هێزی گەل دروست دەبێت. ئێستاش کاتی ئەوەیە. لەبەرئەوە ڕۆڵی ڕۆشنبیر و هونەرمەندان کە لە چوار پارچەی کوردستان دەیگێڕن گرنگە. زۆر گرنگە کە لە چوار پارچەی کوردستان بزوتنەوەی گەنجان و ژنان ئیرادەی هاوبەش دروست بکەن. ئەو کەسایەتیانەی کە کۆمەڵگا خۆشیانی دەوێت، ڕۆشنبیر و هونەرمەندان پێویستە ڕۆڵی خۆیان بگێڕن. لە چوار پارچەی کوردستان لە دەروەی وڵات پێویستە ڕێپێوان، میتینگ و چالاکی ئەنجامبدرێن. پارتە سیاسیەکان و سەرۆکەکان پێویستە بەیەکەوە قسە بکەن. ئەوانەی ڕۆڵی خراب دەگێڕن پێویستە ڕەخنەیان لێبگیرێت و جارێکیتر هانیان بدەن بەشداری لە خەباتی یەکێتی نەتەوەیی بکەن.

ئۆک ئاماژەی بە دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد کرد و ئەوەی خستەڕوو، هەموو هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆ ئەوەیە 'کوردی مردوو' زیندوو و 'کوردی کۆیلە' ئازاد بکات. نە تەنها گەلی کورد، دەیەوێت گەلانی تورکیا بەرەو ژیانێکی ئازاد و دیموکرات بکات و بۆ دیموکراتبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێدەکۆشێت. لەبەرئەوەش مۆدێل و چارەسەری پێشکەش دەکات. هەموو ژیانی خۆی بۆ ئەوە خەرج کرد. بۆ ئەوەی لەگەڵ دەوڵەتی تورک پەیوەندی و چارەسەریەک دروست بکات. دەستی بە گەڕان کرد. بۆ ڕۆشنبیرکردنی کۆمەڵگای تورکیا پڕۆژەی چارەسەری و دیالۆگی پێشکەش کرد.

ئۆک باسی لە ڕنج  و هەوڵەکانی ئۆجالان کرد و وتی، "ئەگەر بوترێت هەوڵ و ڕەنجی ڕێبەر ئاپۆ بەفیڕۆ چووە، سەد لەسەد هەڵەیە. نەهاتنی دەوڵەتی تورک بەرەو چارەسەری بە واتای بەفیڕۆچوونی هەوڵ و ڕەنجی ڕێبەر ئاپۆ نایەت. بە پێچەوانەوە بۆ گەلان دەرفەتی گەورە، بەهای گەورە، تێکۆشانێکی گەورە و پڕۆژە و هێڵێکی بۆ داهاتوو پێشکەش کرد. هەموو شتێک تاقیکرانەوە، دەبێت لە ڕووی دەوڵەتی تورکەوە هیچ ئەنجامێک بەدەستنەهێنرابێت. دوژمنی دیموکراسی کە بە ئایدۆلۆژی تورک – ئیسلام دەجووڵێتەوە، خۆی ڕادەستی ئەرگەنەکۆن کردووە، ئەردۆغان هەندێک جار ئەرگەنەکۆن بەکاردەهێنێت  و هەندێک جاریش ئەرگەنەکۆن ئەردۆغان بەکاردەهێنێت. لەوانەیە لە لایەن دەوڵەتەوە هیچ بەرەوپێشچوونێک رووی نەدابێت، یان بۆ چارەسەری، سوود لە ئەقلی دەوڵەت وەرنەگیرابێت، بەڵام دەتوانین بڵێین لە سەر ئاستی کۆمەڵگا، پەیوەندییەکانی کۆمەڵگا بۆ چارەسەری هەستیارییەکی باشی دروست کردووە. فاشیزمی ئەردۆغان کەوتووەتە رێگایەک کە گەڕانەوەی نییە. تەمسیلی زیهنییەتی سەدساڵەی قڕکردن دەکات. هەموو مانەوە و بوونی خۆی لەسەر چۆکپێدانانی کورد و لەناوبردنی بزوتنەوەی ئازادی بونیاد ناوە. نزیکایەتی ئەو بەرامبەر رێبەر ئاپۆش لەسەر ئەم بنەمایەیە. هەڵوێستی دەوڵەتی تورک لە بەرامبەر رێبەر ئاپۆ، هەمان هەڵوێستی بەرامبەر بزوتنەوەی ئازادی و گەلی کوردە. گۆشەگیری تەواو و رێگریکردن، بە واتای لەناوبردنی تەواوی پەکەکە دێت. بۆیە بۆ ئەم مەبەستەش هەموو ئامادەکارییەکی کردووە. تەواو لە سەروبەندی شکستدایە. چونکە لەناوبردنی فاشیزمی ئەردۆغان، واتە لەناوبردنی زیهنییەتی قڕکەری سەد ساڵە. هەموو بەرەپێشچوونەکان لە سەر ئەم بنەمایەن و لە تێکۆشانی ٤٥ ساڵەی ئێمەدا لەوانەیە دوایین شەڕمان بێت لەگەڵ دەوڵەتی تورک. راستە لەم قۆناغەدا قوربانی گەورەمان داوە، بەڵام هاوکات فاشیزمی ئەردۆغان نەگەیشتووەتە ئامانجەکانی. بەڵکو بە پێچەوانەشەوە کەوتووەتە قۆناغی رزین و هەڵوەشانەوە. ئەو قەیرانە قوڵانەی کە تورکیا تێی کەوتووە، ئەو بارودۆخە لێڵە سیاسییە و هاوکات پشتگوێخستی لە لایەن جیهانەوە، ئەمانە هەمووی ئەنجامی تێکۆشانی قارەمانانەی ئێمەن.

رێبەر ئاپۆ هەمیشە لایەنگری چارەسەرییەکی دیمۆکراتیک بووە. هەمیشە بۆ گەلی کورد لە ناو تێکۆشاندا بووە، بۆ ئەوەی شوێنێکی بۆ بکاتەوە. هەوڵی گەیاندنی کورد بۆ ئەوەی ببێت بە خاوەنی ئیرادە و بگات بە ئاستی تێکۆشان و هەروەها خۆڕاگرییەک کە لە جیهان دەنگ بداتەوە، گەورەترین قوربانییەکانی رێبەر ئاپۆن کە بۆ گەلی کورد بەدەستی هێناون."

ئۆک هەروەها تیشکی خستە سەر رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە ئیمرالی و هاوکات بۆ ئەوەی گۆشەگریی بە تەواوی کۆتایی پێ بێت، ئاماژەی بە تێکۆشانی گەلی کورد و دۆستانیان کرد و وتی:"دەبێت سەرەتا هەموو کەسێک ئەمە بزانێت، لە ئیمرالی هیچ رووداوێک لە خۆیەوە روو نادات. هەر شتێک روو دەدات سیاسییە. هەموو شتێک لە وێ واتایەکی هەیە. سولەیمان سۆیلو لە خۆیەوە لە سەر کەناڵەکانی تەلەفیزیۆن ناڵێت،'لە ئیمرالی ئاگر کەوتووەتەوە بەڵام کوژایەوە'. دەیانەوێت لە هەڵوێستی گەلەکەمان تێبگەن. دەیانەوێت گەلەکەمان لەسەر کۆمەڵێک بابەت رابهێنن. کاتێک بینییان ناڕەزایەتییەکان تەشەنەیان سەند و گەورە بوون، بە باشیان زانی کە خانەوادەی رێبەر ئاپۆ چاوپێکەوتنی لەگەڵدا ئەنجام بدات. گەلەکەمان لە یەک کاتدا لە سەرتاسەری کوردستان و لە دەرەوەی وڵات ناڕەزایی دەربڕی. ئەوەی گرنگە ئەوەیە؛ دەبێت لە ئێستا بەدواشەوە، بەو شێوەیە بێت. یان لەوانەیە رێگا نەدرابا خانەوادەی رێبەر ئاپۆ چاوپێکەوتنی لەگەڵدا ئەنجام بدات. گومان لەوەدا نییە کە ئەم هەواڵە بە مەبەستی سیاسی بڵاو کراوەتەوە, بەڵام خۆیان تێکەوتن. قسەکەی رێبەر ئاپۆ کە وتی، تەندروستی و مۆڕاڵم باشە، ئەویش سیاسی یە. تەنها لە ناو گۆشەگیریدا نییە. دەبێت گشت گەل و دۆستانمان بەردەوام لە چالاکیدابن. لە کەسایەتی رێبەر ئاپۆدا هەموو گەل و تەنانەت هەموو مرۆڤایەتی گۆشەگیر کراوە. پێویستە هەموو کەسێک، بە تایبەت گەلەکەمان بۆ بەدەستهێنانی شکۆ و ئازادی و دواڕۆژی خۆی، هەڵسێتە سەر پێ. دەبێت هەموو چالاکییەکانمان لەسەر بنەمای ئازادی رێبەر ئاپۆ بەڕێوە بچن. هەموو شتێک بەستراوە بەم بابەتەوە."