سەبری ئۆک: کورد پێشەنگی سەدەی نوێیە

سەبری ئۆک ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی کەجەکە سەرنجی خستەسەر سەرلەنوێ دیزاینکردنەوەى رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رایگەیاند، گەلانی هەرێمەکە ئێستا وەک ١٠٠ ساڵ لەوە پێش بێ ئیرادە و بێ رێکخستن و بێ هێز نین.

سەبری ئۆک ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی کەجەکە سەرنجی خستەسەر سەرلەنوێ دیزاینکردنەوەى رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رایگەیاند، گەلانی هەرێمەکە ئێستا وەک ١٠٠ ساڵ لەوە پێش بێ ئیرادە و بێ رێکخستن و بێ هێز نین. راشیگەیاند "کورد، کە لە سەدەی رابردوودا بە نەبوویان دەزانی ئێستا بە رۆڵی پێشەنگایەتیی لە ئەستۆیە".

سەبری ئۆک ئەندامی دەستەى بەرێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لەبارەى دۆخی سوریا و باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) دوا.

کورد پێشەنگی سەدەی نوێیە

ئۆک رایگەیاند، ئەو شەڕەی لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دا روو دەدات وەک "جەنگی جیهانیی سێیەم" پێناسەى بۆ دەکرێت و لایەنێکى ئەو شەڕە بۆ بەرژەوەندیی هێزە هەژمونگەرا نێونەتەوەییەکانە و شەڕێکى بە وەکالەتە.

ئۆک راشیگەیاند، تاکە رێگای چارەسەری بە دیموکراتیکردنی رۆژهەڵاتى ناوەڕاستە و وتی "لەو رووەوە دەبێت مرۆڤەکان لە هەموو کاتێک زیاتر ئومێدوار و بە بڕوا بن، لە هەموو کاتێک زیاتر جۆش و خرۆشیان هەبێت و بڕوایان بە سەرکەوتن هەبێت. لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا رێنسانسێکى گەورە روودەدات. تێکۆشانێک، کە پارادیگمای نەتەوەی دیموکراتیکى رێبەر ئاپۆ بەڕێوەدەبات، هەموو گەلی هۆشیارکردووەتەوە و پێشەنگایەتیی بۆ دەکات. هێڵی رێبەرایەتى و پێشەنگایەتیى بۆ دەکات".

ئۆک سەرنجی خستەسەر سەرلەنوێ دیزاینکردنەوەى رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رایگەیاند، گەلانی ناوچەکە هاوشێوەی سەدەی رابردوو  بە بێ ئیرادە، بێ رێکخستن و بێ هێز پێشوازی لە قۆناغەکە و پرۆژەکە ناکەن. ئەوەشی راگەیاند "ئەو کوردانەى سەدەیەک لەوە پێش بە نەبوو دەزانران و حسابیان بۆ نەدەکرا، ئێستا بە بونیاتنانی ژیانی دیموکراتیک و تێکۆشانی دیموکراتیکبوونی رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بە خواست، باوەڕ، بڕاو و بە بڕیار و پێداگرییەکى گەورەوە بە پێشەنگایەتى هەستاوە".

'تاڵانی و داگیرکەریی ئەردۆغان لە تاڵانکاری و داگیرکەریی عوسمانییەکانیش زیاترە"

سەبری ئۆک لەبارەى شەڕی ئیدلبەوە وتی "دواى ئەو رووداوانەى لە ئیدلب روویاندا دۆخی سوریا چووە قۆناغێکى ترەوە. ئەردۆغان لە لێدوانەکانیدا بە ئاشکرا هەڕەشەی دەکرد و دەیوت 'ئەگەر هێزەکانى رژێمى سوریا لە کۆتایى مانگی شوبات دا نەکشێنەوە بۆ هێڵی دواى خاڵە چادێرییەکانمان، ئەوا سەر بەسەر جەستەیانەوە نامێنێتەوە'. ئەردۆغان سیاسەتى داگیرکەری و تاڵانی و فاشیستییانە بەڕێوەدەبات. بۆ ئەوەش هەندێک دەڵێن، ئەردۆغان بە رۆڵی خەلیفەکانى عوسمانى هەڵدەستێت، بەڵام وا نییە، ئیمپراتۆریایی عوسمانى داگیرکەر بوو، بەڵام تەنها ئابووریی تاڵان دەکرد، بەڵام ئەردۆغان جگە لە تاڵانکردنی هەمەلایەنەی ئابووری و تێرنەخواردنی بەو تاڵانکارییە، سیاسەتی دەستبەسەرداگرتنی سیاسی و سەربازیش بەڕێوەدەبات. یانی دەیەوێت داگیرکەری و تاڵانییەکەى هەمیشەیی بکات. لە عەفرین زانکۆیان دروستکردووە و دەستیان بە پرۆسەى تواندنەوە و ئاسیمیلاسیۆن کردووە. سیستمی بەڕێوەبەریی دەوڵەتى تورکیان تیادا دروستکردووە. لە ناوچە داگیرکراوەکانى تریش هەمان سیاسەت بەڕێوەدەبەن. ئەوەش بە هاوکاری و لە رێگەى چەتە فاشیستەکانى داعش و بەرەی نوسرەوە ئەنجام دەدات. لە کاتى داگیرکردنى عەفرین دا چەتە فاشیشتەکانیان دایە پێش خۆیان. لە سەرێکانی  و گرێ سپی نزیکەى ٢ هەزار چەتە کوژران، بەڵام کوژرا و برینداری سوپای داگیرکەری کۆماری تورکیا، یانی ئەوەى بڵاوکراوەتەوە زۆر کەم بوو. فاشیزمی ئەردۆغان بەکارهێنانی چەتە فاشیستەکان لەشەڕدا بۆ خۆی بە هێزێکى زۆر گەورە دەزانێت. دەوترێت لە لیبیا زیاتر لە ٢٠٠ چەتە کوژراون، بەڵام کوژراوانى سوپای کۆماری تورکیای داگیرکەر کەمە. ئەردۆغان ئەو چەتە فاشیستانە دەبات بۆ شەڕ و دەیاندا بە کوشت و دواتریش بازرگانی و سەودایان پێوە دەکات. شەڕی ئەمدواییەى ئیدلب بەو شێوەیە و لەو چوارچێوەیەدا بوو.

ئەردۆغان بەو تایبەتمەندییەى خۆیەوە، راستیى سیاسەتی ئێستای جیهان و ناوچەکە بۆ هاوسەنگیی سیاسی بە شێوەیەکی بێ ئەخلاقانە بۆ خۆی بەکارهێنا. تورکیا سەرنجی سەرمایەى نێونەتەوەیى رادەکێشتە سەر خۆی. ئەردۆغان ئەوەش بە باشی بەکار دەهێنێت. لە گرنگیی ژئۆپۆلتیک و ستراتیژیکی پێگەى تورکیا تێدەگات و ئەوە بەکار دەهێنێت".   

ئۆک باسی ئەوەیکرد، دەوڵەتی تورک لەگەڵ ئەمریکا، ئەوروپا و ناتۆ پەیوەندییەکى بەهێز و ستراتیژیی هەیە و وتی "ئەردۆغان بە تێگەیشتن لەوە سوود لە جیاوازییەکانى نێوان رووسیا و ئەمریکا وەردەگرێت. بەشێوەى کاتیش بێت هەندێک ئەنجامی لەوە بەدەستهێناوە".

'ئەردۆغان لە خراپترین دۆخ و پێگەى قەیراواناوی و خراپدایە'

ئۆک ئاماژەى بەوەکرد، ئەردۆغان ئیدی لەو بابەتەدا تەنگاو بووە و ئەوەشی وت "بە تایبەتى بەهۆی سیستمی مووشەکیی ئێس ٤٠٠ەوە ناتوانێت لە ئیدلب پشتیوانییەکى بەهێز لە ئەمریکا و ناتۆ وەربگرێت. لەلایەکى تریشەوە ناتوانێت لە دژی رووسیا شەڕێکى ئاشکرا بکات. بۆیە مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، ئەردۆغان لە دۆخێکى زۆر قەیراناوی و خراپدایە. ئەردۆغان لە ئیدلب چەتەکانى نوسرە و گروپە چەتەکانى تری بەردایە رووسیا و هێزەکانى رژێم و خواستى لە رێگەى ئەو هێرشانەوە بۆ بابەتى دانوستانی چاوەڕوانکراو لەگەڵ رووسیادا ببێتە خاوەن پێگەیەکى بەهێز. روونە نەیتوانى مەزەندەى ئەوە بکات، کە رووسیا بە توندی وەڵامی دەداتەوە. لە راستیدا ئەگەر رووسیا لەو دوو رۆژەی دوایدا ئاسمانی سوریای بە رووی تورکیادا نەکردایەتەوە، ئەوا ئەردۆغان تووشی شکستێکى راستەقینە دەبوو و چەتەکان لەبەر یەک هەڵدەوەشانەوە. سوپای داگیرکەری تورک زیانی زۆر گەورەتری بەردەکەوت و ئەگەری ئەوەش هەبوو بە ناچاری و بە شکستەوە لە ئیدلب بکشێتەوە، بەڵام کردنەوەى ئاسمانی سوریا لەلایەن رووسیاوە بەرووی دەوڵەتى تورکدا، بۆ ئەردۆغان بووە رێگایەکى دەربازبوون. سەرباری ئەوەش دەوترێت سوپای داگیرەکەری تورک لە شەڕی ئیدلب دا نزیکەى ١٢٠ سەربازی کوژراون و بریندار بوون. بێگومان ئەوە بۆ دەوڵەتى تورک دۆڕان و شکستێکى گەورەیە".

'ئەردۆغان لە مۆسکۆ دۆڕا'

ئۆک ڕاشیگەیاند، ئەردۆغان لەم ئەنجامەی زیاتر لەبەرچاو نەگرت، بۆیە چووە بەر دەرگای مۆسکۆ و قاچی پوتین و وتی، "ئاشکرایە ئەردۆغان لە مۆسکۆ لە ڕووی مۆڕالەوە تێکچووە و لە ڕووی دەروونیشەوە دۆڕاوە. دەستی لە ڕێگای ئێم٥ هەڵگرت، ڕێگای ئێم٤ بۆ حکومەتی سووریا کرایەوە. سەرائیب کەوتە دەستی هێزەکانی رووسیا و ڕژێم. سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی لە ئیدلب هەرێمێکی زۆریان لەدەستدا. واتە ئەردۆغان لە مۆسکۆ دۆرڕا. ئەگەر ئەردۆغان و چەتەکانی لە ئیدلب سەربکەوتبانا لە ڕووسی سیاسی و سەربازیەوە بۆ ڕووسیا و ڕژێمی سوریا دەبووە شکستێکی گەورە. لە ئیستادا ئەگەر نەڵێین تێکچوون، بەڵام دەتوانین بڵێن دۆڕاون و سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی لە ڕووی سیاسی و سەربازیەوە دۆڕان.

'ئەردۆغان لەدژی شۆڕشی ڕۆژئاوا هەموو شتێک دەکات و هەموو شتێک پێشکەش دەکات'

ئیدلب ستراتیژیە. ڕووسیا و ڕژێم دەستی لێهەڵناگرن. ڕێککەوتنی ئەردۆغان – پوتین سەرتاسەریە. چاوەڕێکراوە کە لە ماوەیەکی نزیکدا هێزەکانی سوریا و ڕوسیا دەست بە هەڵمەتێکی تر بکەن. ئەردۆغان بەوە دەزانێت و ئاگاداریشە کە ناتۆ ناتوانێت راستەوخۆ بکەوێتە ناو ئەو شەڕە. لەبەرئەوە تەنگاو بووە. بە تەنها کارتێک لەدەستیدا ماوە. ئەویش کوردە. بوونی ئازادی و ستاتۆی ئازادی کورد و مۆدێلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریایە. ئەردۆغان لە سوریا حساب لەسەر ئەمانە دەکات. بۆ ئەوەی شۆڕشی ڕۆژئاوا لەناوبچێت دەتوانێت هەموو شتێک بکات و هەموو شتێک پیشکەش بکات. بۆیە نەوتی سوریای کردە ڕۆژەڤ، بۆئەمەش لەگەڵ ئەمریکا و ڕووسیا دەستی بە هەوڵەکانی کرد. هەڵوێستی ئەمریکا و ڕووسیاش لەسەر ئەو بابەتە، بابەتێکی ترە. ئەگەر فاشیزمی ئەردۆغان لە ئیدلب تێکبچێت، چەتە فاشیستەکانیشی لەناودەچن. بۆیە دۆخەکە بۆ ئەوان مەترسیدارە و دۆناغەکە بەردەوامە.

'کورد ئیدی هاوسەنگیەکان دیاریدەکەن، هیچ هێزێک ناتوانێت پشتگوێیان بخات'

لەبارەی ڕۆڵی کورد و هەڵوێستی ئەمریکا و ڕووسیا لەبەرانبەر کورد ئۆک وتی، "لە ئیستادا کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاوەن بەرزترین عەقڵیەتی دیموکراسیە، پێداگیری لەسەر ژیانی دیموکرات و ئازاد دەکات، خاوەن بڕیار و هێلێ تێکۆشانن. ئەمە زۆر گرنگە. لەوەشگرنگتر ئاستی ئازادی، پەروەردە، عەقلیەت و بەرخۆدانی ژنانی کوردە. هەروەها کورد ئەو گەلەیە کە دوور لە نەتەوەپەرستی ئەتنیکی، زایەندی و مەزهەبی و هەوڵی دیموکراسی و ئازادی دەدات. بۆیە ڕێگا بۆ کورد کراوەیە. بۆیە ئەو کوردەی لە سەدەی ٢٠ سا شکستیخوارد، لە سەدەی ٢١ دا سەردەکەوێت و سەدەی ٢١ سەدەی کوردە. ئێمە مافدارین. کورد لە ئاستێکدایە کە کاریگەری لەسەر هاوسەنگیە سیاسی و سەربازیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنێت، هەروەها هەندێک جار هاوسەنگیەکان دیاریدەکات. تێکۆشانێکە کە نە ئەمریکا و نە ڕووسیا ناتوانن پشتگوێی بخەن. بەلام بە واتای ئەوە نایەت کە ئەو هیزانە بە شێوەیەکی ئەرێنی نزیکی کورد دەبنەوە. لە بابەتی سیاسەتی کورددا یان هەڵوێستیان بەرانبەر کێشەی کورد ، ناتوانین بڵێین ئەمریکا و ڕووسیا خاوەن دۆسیەیەکی باشن. نمونەی مەهاباد هەیە، پەیمانی جەزائیری ١٩٧٤ هەیە، پیلانگێڕی نێودەوڵەتی هەیە. ڕووسیا نە لەکاتی ڕیال سۆسیالیزمدا و نە لە ئیستادا بە شێوەیەکی هەستیار هەڵوێستی بەرانبەر کیشەی کورد و گەلی کورد نیشاندا. ئیستا دەبینێت و هندێک تێدەگات، نابێت کورد پشتگوێبخات، لەبەرئەوەی لە چوار وڵات کاریگەریان هەیە و خاوەن ئەو تایبەتمەندیانەن کە باسمان کرد. دەبینرێت ڕووسیا بە شێوەیەکی کاتی و کۆنژۆنکتوری دەجوولێتەوە. ئێمە دەزانین کە تا چ رادەیەک دەتوانێت خۆی لەم دۆخە ڕزگار بکات.

لەبارەی هەڵوێستی ئەمریکا بەرانبەر کورد ئۆک وتی، "ئەمریکا هەموو کاتێک خیانەتی لە کورد کردووە. پەدەکە خۆشی لەبارەی ئەمریکاوە دەڵێت، 'زۆر جار خیانەتی لە کورد کردووە'. مەبەستی پەدەکە بێگۆمان پەیوەندیەکانیەتی لەگەڵ ئەمریکادا. ئەمریکا بێگۆمان بە شێوەیەکی ئایدۆلۆژی و سنوردار نزیکی کورد دەبێت."

'گەلی کورد باوەڕی بە خۆی هەیە، بێ کورد کێشەکە چارەسەر نابێت'

ئۆک وتی، "کێ چی دەڵێت، گرنگ نییە، ئەگەر کورد و گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەناو هاوکێشەکاندا نەبن، نە کێشەکە بە تەواوەتی چارەسەر دەبێت و بێگۆمان چارەسەریش نابێت. گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەم بارەیەوە باوەڕی زۆریان بە خۆیان هەیە و پشتڕاستن. کاریگەری شۆرشی ڕۆژئاوا ، تێکۆشانیان لەدژی داعش، بە تایبەتی وێرەکی، قاڕەمانی ژنانی کورد لە بەرخۆداندا لەناو رای گشتی ئەمریکا و مرۆڤایەتیدا جێگایەتی تایبەت و گەورەی کردووەتەوە. لەسەر ئەم راستیە، ئەمریکا لە جێگەی پشتگریی ئاشکرا بداتە کوردانی رۆژئاوا، هیچ نەبێت بۆ رێککەوتنی کوردانی ڕۆژئاوا (ڕۆژئاوا – ئەنەکەسە) دەتوانێت ڕۆڵ بگێڕێت. لەژێر ئەو حساب، سیاسەت و پلانە جیاوازەکاندا ، بێگۆمان ئێمە باش دەزانن هەندێک شتی تر هەیە.

کورد هەرچەند بەهێز بێت، زیاتر لە دیموکراتیکبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەتوانن ڕۆڵ بگێڕن، هەروەها لەسەر ئەو بناغەیە دەتوانن پەیوەندی لەگەڵ ڕووسیا، ئەمریکا و هێزەکانی تر دروست بکەن.

ف.ق / ژ، ت