"سەر بۆ هێرشەکان دانانەوێنین"

بەڕێوەبەرانى هەدەپە و هاووڵاتییانى ئامەد لە چالاکیى مانگرتن لە خواردندان و پێش ئەوەى دەستگیر بکرێن لە لێدانیاندا بۆ (ANF)  ناڕەزایەتییان لە دژی بێدەنگی حکومەت لە ئاست چالاکییەکەى لەیلا گیوڤەن خستەڕوو و رایانگەیاند، سەر بۆ هێرشەکان نانەوێنن.

رژێمى ئاکەپە – مەهەپە بۆ تێکشکاندنی چالاکییەکانى مانگرتن لە خواردن کە لە زیندانەکان و بارەگاکانى هەدەپەدا لە باکووری کوردستان و تورکیا دەستیان پێکردووە، دەستیکردووە بە سەپاندنی گوشار و ملهوڕیى زیاتر. لەو چوارچێوەیەدا لە ئامەد، ئێلح و وان هەزاران پۆلیس هێرشیان کردە سەر ئەندامانى بزووتنەوەى ژنانى ئازاد (تەژەئا - TJA)، دایکانى ئاشتی و هاووڵاتییانى مانگرتوو و چالاکوانان و دەستگیریان کردن. سەرباری ئەوەش هەموو ئەو کەسانەى دەستگیرکراون هیچ یەکێکیان دەستی لە مانگرتنەکەى هەڵنەگرتووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامن لە مانگرتنەکەیان.

دواى دەستگیرکردنی ٢٥ ئەندامی تەژەئا و دایکانى ئاشتی لە ئامەد، کە لە چالاکیى مانگرتن لە خواردندا بوون، هەدەپە دوێنێ بە بەشداریى ٥٠ کەس دووبارە دەستیکردووە بە ئەنجامدانى چالاکیى مانگرتن لە خواردن تاوەکو گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لاببرێت، بەڵام حکومەتى فاشیستیى ئاکەپە – مەهەپە خۆیان لە بەرامبەر ئەو ئیرادە و پێداگرییەی بەڕێوەبەران و هاووڵاتییان پێڕانەگیرا و هەزاران پۆلیس و بە ئۆتۆمبێلی زرێپۆشەوە هێرشیان کردەنە سەر و بارەگاکەیان گەمارۆدا و ٥٠ بەڕێوەبەر و هاووڵاتییان دەستگیرکرد.

ئەو بەڕێوەبەرانەى هەدەپە و هاووڵاتییان، کە بەشداریى چالاکیى مانگرتن لە خواردندا بوو بوون پێش ئەوەى دەستگیر بکرێن ناڕەزایەتییان لە دژی بێدەنگیی حکومەت بەرامبەر بە چالاکییەکەى لەیلا گیوڤەن خستەڕوو. راشیانگەیاند، داواى لەیلا گیوڤەن داواى گەلە و سەریش بۆ گوشار و ملهوڕی و هێرشەکان دانانەوێنن.

 

"ئێمە مافدارین و دەبێت گۆشەگیری نەمێنێت"

محەمەد عەلی ئاڵتن کایناک هاسەرۆکى هەدەپە لە ناوچەى سووری ئامەد رایگەیاند، ماوەی ٣٦ رۆژە لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) و پەرلەمانتاری جۆلەمێرگ بۆ نەهێشتنى گۆشەگیریى قورسی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە چالاکیى مانگرتن لە خواردنی بێسنووردایە.

راشیگەیاند "گۆشەگیری لە کەسایەتیى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورددا بەرامبەر بە گەلی کورد ئەنجام دەدرێت. داواکەى لەیلا گیوڤەن داواى گەلە و دەبێت گۆشەگیری نەمێنێت. حکومەتى فاشیستیى ئاکەپە – مەهەپە بۆ بۆ تێکشکاندنی ئەو چالاکییانەى کە بە سەرتاسەری وڵاتدا بڵاودەبنەوە، دەستیکردووە بە هێرشکردن و هاووڵاتییان دەستگیر دەکات. بە هێرش و دەستگیرکردن و زیندانیکردن گەل سەر دانانەوێنێت. لە شوێنێک گوشار و ملهوڕی هەبێت لەوێش بەرخودان دەبێت. چەندین پەرلەمانتار، هاوسەرۆک شارەوانی و هەزاران سیاسەتمەداری کورد لە زیندانەکاندان. روویەکى تری ئەم هێرشانە بۆ ترسیان دەگەڕێتەوە لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکان. ئاکەپە باش دەزانێت گەلی کورد لە هەڵبژاردندا شارەوانییەکان لە قەیوم پاک دەکەنەوە. لەبەر ئەوەش دەیانەویت هێزی هەدەپە تێکبشکێنن و ملهوڕانە و بە چاوسوورکردنەوە هێرش ئەنجام دەدەن. دایکانى ئاشتی بە زەویدا رادەکێشن و دەستگیریان دەکەن. ئەوە نیشانی دەدات، کە ئاکەپە کۆتایى پێهاتووە. ئێمە مافدارین و سەریش دەکەوین".

"چالاکییەکانمان بەرفراوانتر دەکەین"

هاووڵاتی حەجی حەسەن ئویام رایگەیاند "چالاکییەکەیان بە هەموو شوێنێکدا بڵاودەکەنەوە و فراوانیان دەکەن. ئەمڕۆ ٥٠ کەس دەستی بە چالاکیى مانگرتن لە خواردن کردووە، سبەی ٧٠ کەس بەشداریى چالاکیى مانگرتن لە خواردن دەبێت. هیچ هێزێک ناتوانێت چالاکییەکەمان تێکبشکێنێت. ئێمە گەلێکى مافدارین و کۆتاییمان پێنایەت. تاوەکو گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و پەرلەمانتارەکانمان لانەبرێت چالاکییەکەمان درێژەى دەبێت. هێزەکانى دەوڵەت هەر چەند هێرش بکەنە سەرمان، ئێمە بەو ئەندازەیە خۆمان بەهێزتر دەکەین".

"ئێمە بە هێرشەکان کەم ناکەین"

محەمەد تاش هاوسەرۆکى هەدەپە لە ناوچەى فارقینی ئامەد رایگەیاند "ماوەی ١٩ ساڵە بەشێوەیەکى بەرنامە بۆ داڕێژراو عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد گۆشەگیریى بەسەردا سەپێنراوە. گۆشەگیری بە چ رادەیەک چڕ بکەنەوە بەو رادەیە قەیرانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست چڕتر و قورستر دەبێتەوە. تاوەکو گۆشەگیریى رێبەر ئۆجالان کۆتایى پێنەیەت، رۆژهەڵاتى ناوەڕاستیش بە ئارامی ناگات. دەبێت رۆژێک زووتر گۆشەگیریى قورسی سەر رێبەر ئۆجالان لاببرێت. ئاشتی و ئارامی بۆ هەموو گەلان پێویستە. چەند هێرش بکەن، چەند دەستگیر بکەن ئێمە زیاتر بەرخودان و خۆڕاگری و بەرەنگاری دەکەین. تاوەکو بە ئامانجەکانمان دەگەین بەردەوام دەبین لەسەر چالاکییەکانمان. داواکەى لەیلا گیوڤەن و داواکانى هەموو یلکراوانى ئازادی، داواکانى ئێمەن. ئێمە بە هێرش کەم ناکەین، بەڵکو تاوەکو دێت ئێمە زیاتر دەبین، چونکە ئێمە مافدارین".

"ئێمە نیگەرانین"

نیازی ئەردۆغان هاوسەرۆکى هەدەپە لە ناوچەى لیجەى ئامەد وتى "رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە چڕی گۆشەگیریى بەسەردا سەپێنراوە. لە ٢٧ی تەمووزی ٢٠١١ / ٥ی گەلاوێژەوە تاوەکو ئێستا پارێزەران و لە ٥ی نیسانی ٢٠١٥ / ١٦ی خاکەلێوە تاوەکو ئێستا شاندی ئیمراڵی و لە ١١ی ئەیلولی ٢٠١٦ / ٢١ی خەرمانانەوە بنەماڵەکەى نەیانتوانیوە چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن. هیچ ئاگاییەکەمان لە  رێبەر ئۆجالان نییە و بۆ دۆخی لە نیگەرانیداین. گۆشەگیرى لە کەسایەتیى رێبەر ئۆجالان دا لە دژی هەموو گەلی کورد بەڕێوەدەچێت. ئەگەر ئەمڕۆ رێبەر ئاپۆ ئازاد ببێت ئەوە هەموو گەلی کوردیش ئازاد دەبێت".

"گۆشەگیری تاوانى دژ بە مرۆڤایەتییە"

ساکینە قەرەدەنیز هاسەرۆکى دەبەپە لە ناوچەى سووری ئامەد ناڕەزایەتیى لە دژی گۆشەگیریى سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نیشاندا و رایگەیاند "گۆشەگیری تاوانى دژ بە مرۆڤایەتییە و ئێمە بە دڵ و بە گیان لەگەڵ لەیلا گیوڤەن داین. ئێمە لێرەین و ئیمە دەبین دەنگی هاوارەکەى لەیلا گیوڤەن".

"دەستکەوتەکانى ژنان گۆشەگیر کراوە"

مەدیا کارتاڵ چالاکوانێکى ژنە و رایگەیاند، گۆشەگیریى سەر رێبەر ئاپۆ چەند چڕ و قورس بکرێتەوە هاواری ژنانیش ئەوەندەى تر بەرزتر و بەهیزتر دەبێت و راشیگەیاند "ئێمە هەرگیز لە بەرامبەر هێرشەکاندا سەر دانانەوێنین. ئامانجی سەرەکیى گۆشەگیرییەکە، دەستکەتەکانى ژنانە و ژنانیش ئەو گۆشەگیرییە تێکدەشکێنن".

هاووڵاتییەکى تر بە ناوی محەمەد یەمان وتی، لەم گەردوونەدا نمونەیەکى تری وەک ئەو گۆشەگیرییەى سەر ئۆجالان بوونی نییە و تاوەکو گۆشەگیری کۆتایى پێنەیت ئەوا بەردەوام دەبین لە ئەنجامدانى چالاکییەکانمان بە شێوازى جۆراوجۆر.

ر.م