کامپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی لە مەخمور ماوەى ١٠ مانگە لە ژێر گەمارۆدایە و پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) رێگا نادات بە هیچ شێوەیەک کەلوپەل و خواردن و پێداویستی و دەرمان بگاتە کامپەکە. هاوکات هێرشی دەوڵەتى تورک و چەتەکانى داعش بۆ سەر کامپەکەش بەردەوامیی هەیە. سەرباری رێگرییەکانى خاڵەکانى پشکنینی پەدەکە رێکخراوی هاوکاریی مرۆیی مام کاروانێک هاوکاریی خۆراکی گەیاندە کامپەکە.
لەوبارەى گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ کامپی مەخمور فەلاح ساڵح عەبدوڵا لە رێکخراوی هاوکاریی مرۆیی مام و چیچەک جەنگیز هاوسەرۆکی ئەنجوومەنى گەل لە مەخمور لێدوانیان دا.
چیچەک جەنگیز رایگەیاند، بەهۆی ئەو هاوکارییانەوە سوپاسی رێکخراوی هاوکاریی مرۆیی مام دەکەن و وتی "ئێمە داوا لە هەموو کەس و رێکخراوە مرۆییەکان دەکەین، کە دەستی هاوکارییان بۆ هەموو ئەو کەسانە درێژ بکەن، کە پێویستییان بە هاوکاری هەیە".
"بەردەوام دەبین لە پێشکەشکردنی هاوکارییەکان"
فەلاح ساڵح عەبدوڵا بەرپرسی رێکخراوی هاوکاریی مرۆیی مام رایگەیاند، دڵخۆشن بەوەى توانیویانە ئەو ئەرکەى خۆیان جێبەجێ بکەن. راشیگەیاند "ئێمە هاوکاریی دەزگای مرۆیی مام-مان گەیاندە کامپی مەخمور، کە خەڵکی باکووری کوردستانی تیادا دەژی. کامپەکە لە هەموو لایەکەوە گەمارۆدراوە و ئابلۆقەى خراوەتەسەر".
فەلاح ئەوەشی راگەیاند، هاوکارییەکانیان بۆ باشوور و بەشەکانى تری کوردستان بەردەوامیی دەبێت.
فەلاح ساڵح عەبدوڵا داواى لە حکومەتى عێراق و حکومەتى هەرێمی کوردستان و نەتەوە یەکگرووەکان و رێکخراوە نێونەتەوەییەکان کرد، کە هاوکاری بگەیەننە کامپی پەنابەرانی مەخمور.
"مەخمور لە دۆخێکى قوس و دژواردایە"
نەدا ئەحمەد محەمەد ئەندامی کۆمیتەى پەیوەندییەکانى دەرەوى مەخمور سوپاسی رێکخراوی مرۆیی مامی کرد بۆ هاوکارییەکانیان و وتی "کامپی مەخمور لە دۆخێکى قورس و دژواردایە. نزیکەى ١٠ مانگە گەمارۆ بەسەر کامپەکەدا سەپێنراوە. بەو بۆنەیەوە بانگەوازمان بۆ هەموو رێکخراوەکانى مافی مرۆڤ و حکومەتى ناوەندیی عێراق ئەوەیە، کە بە ئەرکی خۆیان هەستن".
دواى پێشکەشکردنی وتەکان، فەلاح ساڵح عەبدوڵا بەرپرسی دەزگای هاوکاریی مرۆیی مام و چیچەک جەنگیز هاوسەرۆکی ئەنجوومەنى گەلی کامپی مەخمور سوپاسنامەیان پێشکەشی یەکتر کرد.
ژ.ت