سەربازانى تورکیا هەڕەشە لە گوندنشینانى لیجە دەکەن

نزیکەى هەفتەیەکە لە ناوچەی لیجەى ئامەد ئۆپراسیۆنێکى سەربازیى سوپاى تورکیا بەردەوامە. سەربازە ئۆپراسیۆنچییەکان هەڕەشە لە گوندنشینانى ئەو ناوچەیە دەکەن و رێگایان پێنادەن لە ماڵەکانى خۆیان بچنەدرەوە.

ماوەی ٦ رۆژە ئۆپراسیۆنى سوپاى تورکیاى داگیرکەر لە لیجە بەردەوامە. ئۆپراسیۆنەکە لە رۆژی یەکشەممەى رابردووە دەستیپێکردووە و سنوورەکانى گەڕەکى کۆرمک، باراڤ، مزاگ و سەپەنی و ناوچە شاخاوییەکانى ئەو قەزایە گرتووەتەوە.

ئۆپراسیۆنەکە بە پشتیوانیى هێزى ئاسمانى بەڕێوەدەچێت و پارێزگارى دەوڵەتى کۆماری تورکیاى داگیرکەر لە رۆژی پێنجشەمەوە لە ٦٥ دێ و لادێی سنووری ناوچەى لیجە و دارا هێنێ قەدەغەى هاتووچۆ و چوونەدەرەوەى هاووڵاتییانى لە ماڵەکانی خۆیان راگەیاندووە.

ئۆپراسیۆنەکە بەشێوەیەکى تایبەت لە بیرلک، شەنلک و سەپەنی لیجە بەرفراوانکراوە. هەموو جۆرە جموجوڵێکى هاووڵاتییان قەدەغەکراوە و سەربازەکان لە ناو گەڕەک و کۆڵانی گوندەکاندا جێگیرکراون و دەستیان کردووە بە سوکایەتیکردن بە هاووڵاتییان و بە بەردەوامی هەڕەشەش لە هاووڵاتییان دەکەن.

سەربازانی رژێمەکەى ئەردۆغان بە بەردەوامى هەڕەشە لە هاووڵاتییان دەکەن و رێگا بە هاووڵاتییان نادەن لە ماڵەکانى خۆیان بچنەدەرەوە.

بەپێى سەرچاوە هەرێمییەکان لەو گوندانەدا ژمارەیەک هاووڵاتی لەلایەن سەربازەکانى رژێمى ئەردۆغانەوە دەستگیرکراون.

ر.م