سەربازانی تورک تەقەیان لە شوانێکی ناوچەى چاڵدران کرد و برینداریان کرد

سەربازانی سوپای تورکی داگیرکەر لە ناوچەى چاڵدران لە پارێزگای وان لە باکووری کوردستان تەقەیان لە ئۆرهان هانای کرد، کە سەرقاڵی کۆکردنەوەى مەڕەکانی بوو و برینداریان کرد.

ئۆرهان هانای لە گەڕەکی داڤان لە ناوچەى چاڵدران لە پارێزگای وان بەهۆی تەقە و دەستڕێژی سەربازانی سوپای تورکی داگیرکەرەوە بریندار بوو.

هانای دوێنێ ئێوارە لە کاتژمێر ١٩:٠٠ دا بۆ ئەوەى مەڕەکانی خۆی کۆبکاتەوە چووە نزیک بنکەى سەربازیی سوپای تورک لە نزیک گەڕەکەکەیان و سەربازانی ناو بنکە سەربازییەکەش تەقەیان لەو هاووڵاتییە کرد و برینداریان کرد. بنەماڵەى ئۆرهان هانای رایانگەیاند، ئۆرهانیان بردووە بۆ نەخۆشخانەی حکومیی ناوچەکە و دوای چارەسەکردن بردویانەتەوە بۆ ماڵەوە.

مستەفا هانای برا گەورەی ئۆرهان هانای رایگەیاند "مەڕەکانمان هەموو کات بۆ لەوەڕ بەرەو لای سنوور و ئەو بنکە سەربازییەوە دەڕۆن. کاتێک مەڕەکان لە گەڕانەوەدا بۆ ماڵەوە دوا بکەون ئێمە دەڕۆین کۆیان دەکەینەوە و دەیانهێنینەوە. دوێنێش مەڕەکانمان چووبوون بۆ ئەو شوێنە هەمیشەییەى خۆیان و لەوێ لەوەڕابوون، براکەشم ئێوارە رۆیشتبوو کۆیان بکاتەوە و بیانهێنێتەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام لەلایەن سەربازەکانەوە تەقەى لێکرا و بریندار کرا".

ژ.ت