سەرحەد قادر بەڕێوبەری پێشووی پۆلیسی شارۆچکە و شارەدێکانی کەرکوک ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک لە کەرکوک هێزێکی هەزار کەسیی دروستکردووە بەناوی پاراستنی بارەگاکانی بەرەی تورکمانییەوە و چەک و تەقەمەنییان لەلایەن تورکیاوە بۆ دابیندەکرێت و بەشێکیشیان لە تورکیا ڕاهێنانیان پێ کراوە.
سەرحەد قادر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز باسی مەترسیەکانی دەستوەردانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە کەرکوک کرد و و ڕایگەیاند، لەڕووی سیاسیی و ئەمنییەوە لە کەرکوک مەترسی لەسەر کورد هەیە.
سەرحەد قادر دەڵێت،" لە ساڵی ٢٠٠٣ بەدواوە دەوڵەتی تورکیا لە کەرکوک ڕۆڵی هەبووە، لە ڕێگای بەرەی تورکمانی ڕۆڵی هەبووە، چەندين جار بەرپرسانی تورکیا سەردانی کەرکوکیان کردووە، تازەترین هەنگاو کە ناویانە ئەوە بوو قەیسەریی کەرکوک لەدوای سووتانی تورکیا نۆژەنی کردەوە. هێزێکیشیان هەیە کە زیاتر لە هەزار کەسە بەناوی پاراستنی بارەگاکانی بەرەی تورکمانی لە یایچی، تازەخورماتوو، بەشیر و چەرداغلوو و ئومەتە و چەند شوێنێکی تر جێگیرکردووە و چەک و تەقەمەنییان لەلایەن تورکیاوە بۆ دابیندەکرێت و بەشێکیشیان لە تورکیا ڕاهێنانیان پێ کراوە، حکومەتی هەرێم و عێراقیش ئاگاداربوون."
ف.ق