سەردانی شوێنەوارە مێژوویەکان بۆ گەل بە پارەیە و بۆ سەربازان خۆڕاییە

پارەی سەردانى دوورگەى ئاختمارا ساڵی پار ١٥ لیرەی تورکی بوو و ئەمساڵ دیسانەوە سەردانەکەیان گرانکردەوە و کردیان بە ٢٥ لیرەی تورکی. سەردانی ئەو ناوچە مێژووییە بۆ هاووڵاتیان بە پارەیە و بۆ سەربازانیش خۆڕاییە.

سەردان و گەڕان بە شوێنە مێژوویی و دێرینەکانى وان ئیدی کراون بە پارە. لێوارەکانى دەریاچەى وان لەلایەن دەزگا فەرمییەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە. قەڵاى کچێ، گردی سەیر، دورگەى ئاختنامار و قەڵاى وان چەند ناوچەیەکى گرنگ و مێژووی و کولتورین لە وان و ئێستا سەردانی ئەو شوێنانە بۆ هاووڵاتییان کراوە بە پارە و ئەمساڵیش بڕی پارە بۆ سەردانکردنى ئەو شوێنانە زیادکراوە. دانیشتوانى وان کاتێک دەیانەوێت بچن بۆ شوێنە مێژووییەکانى خۆیان ناچار دەکرێن پارەیەکى زۆر بۆ سەردانکردنى ئەو شوێنانە بدەن.

سەردانى شوێنە مێژووییەکانی وان لە کاتژمێر ١٩:٠٠ ەوە قەدەغەیە. ٢ ساڵ لەوە پێش لەلایەن فەرماندەى جەندرمەی وان و بەڕێوەبەرایەتیى رۆشنبیری و گەشتیاریی وانەوە رێبەرێک بڵاوکرایەوە. بەپێى ئەو رێبەرە سەربازان دەتوانن بەبێ پارە سەردانی ئەو شوێنە مێژووییانە بکەن. هاووڵاتییان و رێکخراوى چەڤ دەر ناڕەزایەتییان لە دژی بەرزکردنەوەى بەهای سەردانى شوێنە مێژوییەکان لەسەر هاووڵاتییان دەربڕی و داوایان لە پارێزگاری وان کرد، کۆتایى بەو سزادانەى گەل بهێنێت.

کالچک: نابێت مێژووی گەل بە گەل بفرۆشێتەوە

عەلی کالاچک سەرۆکی چەڤ دەر لە وان ناڕەزایەتیى لە دژی ئەوە دەربڕی و رایگەیاند، لە هەموو شوێنێکى جیهان بۆ پاکوخاوێنی و پاراستنى شوێنەوارە مێژووییەکان پارەیەکى کەم لە سەردانکاران و هاووڵاتییان وەردەگیرێت، بەڵام لە وان پارە وەرگرتن لە خەڵک بە مەبەستى بەدەستهێنانى سوود و قازانجە.

کالچک وتی "ئەوە دەرەنجامی ئەو سیاسەتەیە کە هەموو شتێک بە پارە دەزانێت".

لە خێزانێکى ٤ -٥ کەس، کە لە دەرەوەى وان دێن بۆ سەردانى ئەو شوێنەوارە مێژووییانە و دوورگەى ئاختامار بڕی ١٠٠ لیرەى تورکییان لێدەسەنرێت. بەڕێوەبەرانی گەشتیاری لەو رێگەیەوە بە گەشتیارەکان دەڵێن، مەیەن بۆ وان. ئەو ناوچانەى وان ئیتر هەر وەک ناوێک ماونەتەوە. تاکە ئامانجیشیان ئەوەیە کە لایەنگرەکانى خۆیان لەو دۆخە سودمەند بکەن، لە شوێنێکى وەک کادۆکایای وان پارەى کەم لە سەردانکاران دەسەنرێت، دەبێت ئەو یاسایانە بۆ هەموو شوێنەکان وەک یەک بن و دەبێت ناوچە مێژووییەکان بە رووی گەل دا کراوە بن.

ئەمساڵیش بەهای سەردانکردنى دوورگەى ئاختامار لە ١٥ لیرەى تورکییەوە بووە بە ٢٥ لیرەی تورکی، دەبێت هەر کەسێک بۆ سەردانى قەڵاى وان بڕی ١٠ لیرەى تورکی بدات، لە سەردانکردنی قەلاى کچێ دا هاووڵاتییان ناچار دەکرێن، کە پارە بە کافتریا و ریستورانتەکان بدەن.

ژ.ت