سەردەمی دیکتاتۆریەت لە ئێران و تورکیا بەسەرچووە

سەردەمی دیکتاتۆرەکان لە ئێران و تورکیا بەسەر چووە و بەرەو کۆتاییە. گەلی کوردیش پێشەنگایەتی دەکات، هەربۆیە زۆرترین هێرش بۆ سەر گەلی کورد هەیە.

هەردوو دەوڵەتنەتەوەی ئێران و تورکیا لەسەر لێواری هەڵدێڕیکی قووڵن. هێزە سەرمایەدارەکان لە ساڵوەگەڕی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی لەدژی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالاندا هەوڵیان دا بۆ بەرژەوەندی خۆیان پێگەکانیان لە ناوچەیەکە قایمتر بکەن. بۆ جێبەجێکردنی ئەو پلانانەشیان ئەوەیان بە پێویست زانی کە هەردوو هێزی کاریگەری ناوچەکە کە تورکیا و ئێرانن، بخەنە ژێر کۆنترۆلی خۆیان، لە ڕێگەی ئەوانەوە تەواوی ناوچەکە داگیر بکەن. لە هەردوو شەڕی جیهانیشدا هەمان کاریان کرد و هەموو جوگرافیای هەرێمەکەیان لە ڕێگەی ئەو دوو هێزە سەرەکییەوە خستە ژێر دەستی خۆیان. ئەمڕۆکەش دەیانەوێت هەمان سیاسەت و پلان جێبەجی بکەن و لە ڕێگەی هەمان دوو دەوڵەتنەتەوە پلانەکەیان جێبەجێ بکەن. بە تەمێکردنی هەردوو دەوڵەتەکە ئەو پلانەی ئەوان مومکینە. بە دروستکردنی داعش قۆناغی بەکارهێنانی تورکیا ڕوونتر دەرکەوت. وەکچۆن لە سەدساڵی ڕابردووش بە پێشخستنی بیردۆزی تورکپەرستی، سیاسەتی لەناوبردن و قڕکردنی دژی گەلانیان بەڕێوەبرد، ئەمڕۆکەش هەمان کار دووبارە دەکەنەوە. بێگومان بەهۆی ئەو عەقڵییەتەی کە هەیە چ لە سەردەمی عوسمانییەکان و چ لە سەردەمی دروستبوونی کۆماریشدا هەتا ئێستاش ئەو زەمینەیە ڕەخساوە، زیاتر بەکاریهێناوە و کراوە بووە بۆی. داعش بە ئەنقەست و بە مەبەست لە باوەشی تورکپەرستی فاشیست بەخێو دەکرا و پەروەردە دەکرا. تا ماوەیەک خۆیان ئەو هێزەیان گەورە کرد، لەژێر دەسەڵاتی خۆیان دابوو. بەڵام لەوە بەدوا دەوڵەتی داگیرکەری تورک و ئەو چەتانەی کە بەناوی جۆراجوجۆر پشتیگریان دەکات و بە تەواوی لە تورکیا پەروەردەکران، کۆنترۆل ناکرێن. لەوانەیە بە هەڕەشە و سزای جارجار هەوڵ بدرێت ئەو فاشیزمەی کە هەیە بکەوێتە ژێر کۆنترۆڵ، بەڵام ئەوە مومکین نییە. ئەو مارە کاتێک تولەمار بوو سەری پان نەکرایەوە، کە گەورە بووە هێرش بۆ خاوەنەکەی دەکات یانیش دەکوژرێت. ئەردۆغان لەگەڵ چەتەکانی ئێستا لە حاڵەتێکی لەو شێوەیەدان.

ئەردۆغان لە شەڕی سوریادا وەکو پێویست بەکارهێنرا. ئینجا ئەویش بەشی ناکات بێگومان. هێشتا ئامانجی سەرەکی زلهێزە نێونەتەوەییەکان جێبەحێ نەبووە. دەبێت کاریگەریی تورکیا و ئێران لە ناوچەکە زۆر کەم بکرێتەوە، لە ئاستێکدا کە بتوانن شەڕی دابەشکردنی خۆیان لەنێوان خۆیاندا دابەش بکەن. بۆ ئەوەی بگەنە ئامانجە سەرەکییەکەیان شەڕی سوریایان دیسان خۆش کردووە. بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورکیا بەشی خۆی ماندوو ببێت و بکەوێتە ژێر کۆنترۆلیان، پێویستە لە شەڕی سوریادا پەرێشان بێت بۆ ئەوەی پێویستی بەوان بێت و بکەوێتە ژێر دەست و پێیان. ئەوەی ئەمڕۆش دەکرێت هەر ئەوەیە. ئەردۆغان وای دەبینێت کە ڕووسیا و ئەمریکا ڕێگەی بۆ خۆش دەکەن و دەیەوێت هەتا بتوانێت بچێتە ناو خاکی سوریا. بەڵام ئێستا کەوتوەتە سەرشۆڕییەکی وەها کە ئیتر گەڕانەوەی زۆر سەختە.

ئێرانیش وکو تورکیا دەبێت لەژێر کۆنترۆل دابێت. شەڕی سوریا، خۆپیشاندان لە لوبنان و عێراق هەمووی ئامادەکاریی شەڕن لەدژی ئێران و لاوازکردنی. گرنگترینیان ئەوەیە کە دەوڵەتی تورکیا نەک تەنیا لە سوریا بەکاردەهێندرێت، لە عێراقیش لە قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان شیعە و سونە بەکاردەهێنریت و لاوازییەکانی لە بابەتی میساقی میللی دا بەکار دەهێنرێن. هەرچەند تورکیا لە سوریا لاواز بکرێت، هێندەش لە قۆناغەکەدا لەبەرانبەر ئێران بەکار دەهێنرێت. ترامپ لە چاوپێکەوتنەکەی دواییدا ویستی تورکیا ناچار بکات کە لە بەرانبەر ئێران هەلوێستێکی پراکتیکی بنوێنێت. بۆ ئەوەش یەکسەر دوای دیدارەکان لە ئەمریکا، دەستپیکردنی خۆپیشاندانەکانی ئێران جێگەی هەڵوەستەیە. واتە دۆخێک کە چاوەڕوان دەکرا. بێگومان گەمارۆی سەر ئێران، گەیشتوەتە ئاستێک ئیتر خەلکی ئێران ئەو دۆخەی پێ قەبوڵ نەدەکرا و دەبوایە لە دژی ڕژێم سیاسەتە هەڵەکانی ڕاپەریبوایەن. گەل ڕاپەریووە، داواکارییەکانیان تەنیا بە بەنزینەوە سنووردار نییە. چەندین هۆکار هەن بۆ ڕاپەرینی گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان. هێزەکانی دەرەوە بە تایبەتی ئەمریکا و ئیسرائیل چیان لە سوریا کرد، لە ئێرانیش بە پشتیوانی هەندێک وڵاتی عەرەبی و تورکیا جارێکی دیکە گروپی چەتە دروست دەکەن و پلانەکەیان لەسەر ئێران جێبەجێ دەکەن. خۆپیشاندانەکانی ئێران لەوانەیە بەپشتگیری یان دنەدانی هەندێک هێز جێبەجێ ببێت، بەڵام بە هەر هۆکارێک بێت گرنگ نییە، لە سەر شەقام ئیرادەی گەل هەیە کە داوای ئازادی و ژیانی ئازاد دەکات. ڕژێمی ئێرانیش لەناویشیاندا ئەو کەسانەی دەیاەوێت ڕاپەرینی گەلی ئێران لە واتای خۆی دوور بخەنەوە، تەىنیا وەکو گورگێک لە کەمینی نێچیرەکەیان دان.  چ تورکیا لە بەرانبەر ئێران بەکار بهێنرێت، چ ئێران ئالۆز بێت، هەردوو دۆخەکە بۆ گەلانی ئازادیخواز هەلێکی مێژووییە کە ئالای سۆسیالیزمی ڕاستەقینە لەسەر خاکی میزۆپۆتامیا هەڵبکرێت. کاتی هاتووە گەلانی ژێر زوڵم و داگیرکەریی دەوڵەتنەتەوەکانی ئێران و تورکیا بە بەهرەوەرگرتن لە تێکۆشانی گەلانی کوردستان کە ئاشکرایە کاریگەرییەکەی زۆر گەورەی هەیە، خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاریی بکەن. هەروەها نەهێڵن بەدەستی زاڵم، ناپاک و نەخۆشەکانی دەسەڵاتداریی لەسەر خاکی خۆیان، ببنە قوربانی شەڕی دابەشکاریی زلهێزەکان. دۆخی ئێران ڕاستەوخۆ کاریگەری بەسەر تورکیاوە دەبێت. بۆ ئەوەش لە ئێران خەڵک لەناو کۆڵانەکان لەدژی هاوار دەکەن، لە تورکیا هەمان شتیان دەوێت. ڕاپەرین و بەرخۆدانی گەلانی ئێران و تورکیا دەتوانێت نەک تەنیا چارەنووسی ئەو گەلانە، بەڵکو دەتوانێت چارەنووسی تەواوی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕێت. دۆخی عێراق، لوبنان و ئەفغانستانیش دەتواێت بگۆڕێت، بۆ ئەوەش پێش هەموویان کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەواوی گەلانی ئێران هەنگاوی یەکەمی کۆتاییهێنان بە تەمەنی زوڵم و فاشیەت دەنێن. وەکچۆن بەرخۆدانی گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا چەندین پلانی ئەو هێزانەی پووچەڵ کردەوە و لەبیری ئەوەی کە خۆی کۆڵانی خنکاو و دەخنکێنێت، ڕاپەرین بە ئیرادە و بە بەردەوامی خەڵکی ئێرانشی چەندین پلانیان پووچەڵ دەکاتەوە. ئەگەرنا هەمووکەس دەیەوێت ڕاپەرینی ئێران بەپێی بەرژەوەندی خۆی بەکاربهێنێت. وەکچۆن بە کۆنترۆلکردنی ڕژێمی پادشایی گەلانی ئێران چەندین ساڵ بەکارهێنران، ئەمڕۆکەش دەیانەوێت هەمان شت بکەن. سەردەمی دیکتاتۆرەکان لە ئێران و تورکیا بەسەر چووە و بەرەو کۆتاییە. گەلی کوردیش پێشەنگایەتی دەکەن، هەربۆیە زۆرترین هێرش بۆ سەر گەلی کورد هەیە. بەهۆی ڕاپەڕین لە ڕۆژهەلاتیش، زۆرترین دۆخی نائاسایی لە شارەکانی ڕۆژهەڵات تووند کراوە، ڕژێم لە کوردستان لە دڵەڕاوکێیەکی گەورەدایە. کورد لە ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا، باشور و باکور چارەنووسی هەموو ناوچەکە دەگۆڕن و کۆتایی بە دیکتاتۆریەت دەهێنن.

ف.ق