سەرما ژیانی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی کرماشانی تاڵ کردووە

سەرەڕای ئەوەی دوو مانگ بە سەر بوومەلەرزەکەی کرماشاندا تێپەڕیووە، هێشتا لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە لە دۆخی خراپدا دەژین و سەرما ژیانی لێ تاڵ کردوون.

ە ڕۆژی ١٢ی مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوودا بوومەلەرزەیەک بە گوڕی زیاتر لە ٧ پلەی ڕێختەر کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی هەژاند و لە ئەنجامیدا هەزاران کەس گیانیان لەدەست دا و برینداربوون، لێقەوماوانی ئەو بوومەلەرزەیە هێشتا نەگەڕاونەتەوە دۆخی ئاسایی و بەبێ خزمەتگوزارییە حکومییەکان لە دۆخێکی زۆر سەختدا دەژین.

لێقەوماناوانی بوومەلەرزەکە لە وەرزی ساردی ئێستادا بەبێ کابینە و گەرمکەرەوە دەژین، هەروەها بێبەشن لە هەموو کەرەستەیەکی تایبەت بە تەندروستی بۆ لێقەوماوان.

ژنانی بەساڵدا چوو لە سەرپێل زەهاو کە تووشی نەخۆشیی وەکو شەکرە و گورچیلە بوون، پێویستییان بە چاودێریی بەردەوامیی پزیشکی هەیە، بەڵام دەستیان ناگات بە ناوەندەکانی تەندروستی و نەخۆشخانەکان، ڕۆژ لەدوای ڕۆژیش دۆخیان نالەبارتر دەبێت.

 

هاوڵاتیانی لێقەوماوی سەرپێڵ زەهاو کە بەتەواوەتی بێهیوا بوون، لە خزمەتگوزاریییە حکومییەکان، داوا لە ناوەند و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەن، بە هانایانەوە بچن و فریایان بکەون.

ئەوە لە کاتێکدایە، کە حکومەتی ئێران قەدەغەی کردووە، کە هیچ یارمەتییەک لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بگاتە دەستی لێقەوماوان.