سەرۆکی دەزگای مام:"حکومەتی هەرێم تاوان بەرامبەر کەمپی مەخمور ئەنجام دەدات
فەلاح سەڵاح سەرۆکی دەزگای مرۆیی مام ڕایگەیاند:" ئەو گەمارۆیەی حکومەتی هەرێم لەسەر کەمپی پەنابەرانی مەخمور سەپاندویەتی تاوانە".
فەلاح سەڵاح سەرۆکی دەزگای مرۆیی مام ڕایگەیاند:" ئەو گەمارۆیەی حکومەتی هەرێم لەسەر کەمپی پەنابەرانی مەخمور سەپاندویەتی تاوانە".
ماوەیەک لەمەوبەر دەزگای مرۆیی مام لە ژێر ناونیشانی ئاشتی، پێکەوە ژیان و گەشەپێدان هاوکاری پێشکەشی کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی کرد لە مەخمور، دەربارەی وردەکاری پێشکەشکردنی هاوکاریەکانیان دۆخی گەمارۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەر کەمپی مەخموور، سەرۆکی دەزگای مرۆیی مام (MHF) بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)قسەی کرد.
سەرۆکی دەزگای مرۆیی مام(فەلاح سەڵاح) دەربارەی کار و چالاکیەکانی ئەو دەزگایە ڕایگەیاند:"دەزگای مرۆیی مام دەزگایەکی ناحکومی قازانج نەویستە، تۆمارکراوە لە فەرمانگای ڕێکخراوە ناحکومیەکان لە شاری هەولێر. لە ئێستاشدا لە بەغداد تۆمار دەکرێت و بە ئاڕاستەی نێودەوڵەتیبوون دەچێت، بەشێک نیە لە هیچ ئۆرگانێکی حیزبی هیچ لایەنێکی سیاسی. خزمەتگوزاریەکانی لە ژێر دروشمی ئاشتی، پێکەوەژیانی و گەشەپێدان پێشکەش دەکات".
دەربارەی هاوکاریەکانی دەزگای مرۆیی مام بۆ کەمپی مەخمور و هەڵسەنگاندنی ڕەوشی پەنابەران لە کەمپەکە ڕایگەیاند:"کەمپی مەخمور یەکێک لەو کەمپانەیە کە لە دوای نەوەتەکانی سەدەی ڕابوردووەوە لە لایەن حکومەتی عیڕاقەوە بە فەرمی ناسراوە، ئەم کەمپە کۆمەڵێک ئاوارەی باکوری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان لەخۆ دەگرێت کە پێکهاتوون لە کۆمەڵێک خەڵکی سڤیل و کۆمەڵێک خەڵکی مەدەنی. ئەو ڕەوشەی لە کەمپی مەخمور هەیە سەرباری بێدادی و بێکاری و بێدەرەتانی و دوری لە وڵات و ئاوارەیی بەداخەوە ڕەوشی کەمپی مەخمور بەم دواییە چۆتە قۆناغێکی دیکە و هەنگاوی بەرەو قۆناغێکی دیکە ناوە. کۆمەڵێک ئابڵوقە لەسەر ئەو کەمپە جێبەجێ دەکرێت کە ئابڵوقەیەکی زۆر بێویژدانانە و زاڵمانەیە لە لایەن تێکڕای ئەو کەسانەی کە هۆکاری ئەو ئابڵوقەیەن".
'بەداخەوە هیچ ڕێکخراوێک هاوکاری کەمپی مەخمور ناکات'
سەبارەت بە ڕێگریەکان و ئاستەنگیەکانی کەمپی مەخمور فەلاح سەڵاح ڕایگەیاند:"ئێمە دەزانین کەمپی مەخمور لە ژێر کۆنترۆڵ و سایەی حکومەتی عێراقیدا بوە، بەڵام بەداخەوە ئەوەی کە مایەی نیگەرانیە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەک لە شێوەکان وایکردوە کە ئابڵوقە لەسەر ئەو کەمپە دابنرێت بەوەی کە ئەو خەڵکەی لە کەمپەکەدا هەیە نەتوانێت بچێتە دەرەوەی کەمپەکە یاخود نەتوانن بژێوی ژیان پەیدا بکەن و گوزەران بکەن بچنە هولێر یاخود شارەکانی دیکەی کوردستان. ئەم کەمپە پێشتر لە لایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانەوە بە تایبەت لە لایەن هەر یەک لە UN و CR و ئەو ڕێکخراوانەی کە بونیان هەیە لەوێ هاوکاری دەکران، بەڵام بەداخەوە لەژێر کاریگەری سیاسی بێت یاخود ناوچەیی یاخود هەر کاریگەریەک بێت ڕێکخراوەکانی UN پاشەکشەیان کردوە و لە ئێستادا هاوکاری خەڵکی سڤیلی کەمپی مەخمور ناکەن. هاوکات لە لایەن حکومەتی عێڕاقەوە بەشە خۆراکێک بۆ ئەو کەمپە تەرخانکرابوو کە مانگانە هاوشێوەی خەڵکی عێڕاق بەشە خۆراک بەسەر خەڵکی کەمپەکە دابەش ئەکرا لە ئێستادا ئەوەش نەماوە".
'دەوڵەتی تورکیا ئەو کەمپە بۆمبەباران دەکات'
لە درێژەی قسەکانی سەرۆکی دەزگای مرۆیی مام وتیشی:" لە دە مانگی ڕابردودا کەمپی مەخمور ڕەوشی بە تەواوەتی بەرەو خراپتر ڕۆیشت لە ڕووی تەندروستی و مرۆیی و هەژاری، کەمپێک لەسەر باری هەموو ئەمانە زۆرجار دەوڵەتێکی وەکو تورکیا دێتە ناوجەرگەی خاکی عێڕاق و لەوێ کۆمەڵێک خەڵکی سڤیل لە کەمپەکە بۆمبەباران دەکات و دەبێتە مایەی شەهیدبونی خەڵک. بۆیە ئێمە وەکو دەزگای مرۆیی مام سەرباری هەموو ڕێگریەکان و ئەو فشارانەی کە لەسەر دەزگاکەمان هەیە، بەڵام کاری لە پێشینەی ڕێکخراوەیی مەدەنی بریتیە لەوەی کە کێ شایستەیە بەبی جێاواز لە بیرکردنەوە لە ڕەگەزی یاخود لە ئاینی کە پێویستی بە هاوکاریە دەبێت تۆ هاوکاری بیت".
هەروەها وتیشی:"ئەوەی کە ئێمە بینیمان لە کەمپی مەخمور دوابەدوای ئەو ئابڵوقەیەی کە لە سەر کەمپی مەخمور هەیە دەزگای مرۆیی مام بە خۆشحاڵیەوە توانی ئەو ئابڵوقەیە بشکێنێت و کۆمەڵێک هاوکاری خۆراک و کۆمەڵیک هاوکاری دەرمان بگەیەنێت بەم کەمپە. ئەوەی کە ئێمە کردومانە بە تەنها ئەرکێکە هەرکەسێکی دیکە خاوەن پرنسیب و بەرنامە و ویژدان بێت، دەبێت ئەمە بکات هەر لایەنێک بێت. بۆیە کەمپی مەخمور حاڵەتێکە یاخود دیاردەیەکە پێش هەمو کەس دەبێت ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان ئاوەڕی لێ بدەنەوە، حکومەتی عێڕاقی نابێت لەژێر گوشاری تورکیا هیچ کارێکی نامرۆڤانە دەرحەق بە خەڵکی کەمپی مەخمور بکات، لەسەرووی هەموشیانەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان. حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەگەر بەردەوام ئابڵوقە بکاتە سەر ئەم کەمپە ناچێتە قالبی بێویژادنیەوە بەڵکو ئەچێتە قالبی تاوانەوە، بۆیە ئەمە تاوانە بەرامبەر ئەو خەڵکە سڤیلانە دەکرێت، لەبەر ئەوەی ئەو خەڵکەی لەوێیە خەڵکی چەکدار نین بەڵکو منداڵ و پیر و خێزانن لەوێ ژیان ئەکەن بۆیە پێویستیان بە هاوکاری هەیە".
'دانانی ئابڵوقە لەسەر ئەم کەمپە بەواتای مردنی خەڵکی کەمپەکە دێت'
فەلاح سەڵاح دەربارەی مەترسیەکانی سەر کەمپی مەخمور ڕایگەیاند:"ئەگەر پێویستیان بە هاوکاریش نەبێت هیچ نەبێت نابێت ڕێگریان لێ بکرێت بۆ ئەوەی بچنە دەرەوە کار و کاسبی و کرێکاری بکەن بۆ ئەوەی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان دابین بکەن. ئەمان لێرە ئیقامەیان هەیە و لە تێکڕای عێڕاقدا دێن و دەچن بەڵام دانانی ئابڵوقە لەسەر ئەم کەمپە بەواتای مردنی خەڵکی کەمپەکە دێت کە زیاتر لە ١٣ هەزار مرۆڤ تیایدا ژیان ئەکا. لێرەوە داوا لە تێکڕای ڕێکخراوە مرۆییەکان دەکەین بە تایبەتی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و حکومەتی عێڕاق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە بێنە دەنگ لەبەرامبەر ئەو نادادپەروەریەی بەرامبەر کەمپی مەخمور ئەکرێت".
'فریای کەمپی مەخموور بکەوەن'
هەروەها وتیشی:" کەمپی مەخمور نوێنەرایەتی لە لایەنێکی سیاسی ناکات بەڵکو ئەوەی هەیە کۆمەڵێک خەڵکی پەنابەرنی سیاسین، بیرمان نەچێت ئێمە وەک باشوری کوردستان لە ئێران پەماهەندە بوین لە وڵاتانی دیکە پەنابەر بوین بۆیە ئەم خەڵکانەی لە کەمپی مەخمور هەن نەوەکانیان لێرە لە دایک بوە، بەو شێوازە مامەڵەکردن دژی هەمو پرنسیب و بنەماکانی مافی مرۆڤە دژی ئایینە دژی خواستەکانی مرۆڤە و دژی کورد بونە و دژی هەموو ئەو چەمکانەیە کە مرۆڤی ئازادی خواست باوەڕی پێیەتی، تکامان وایە خەڵکی بەویژدان، ڕێکخراوە ناوەندیەکان و نێودەوڵەتیەکان، حکومەتی هەرێم و پەرلەمان تکایە فریای خەڵکی کەمپی مەخمور بکەون. ڕاستە لە ئێستایە خەڵکی هەرێمی کوردستان لە بارێکی نائاساییدایە بە هۆی پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت بەڵام ئەولەویاتی کار ئەوەیە کە خەڵکانێک هەن لە کەمپی مەخمور ئابڵوقەیان لەسەرە و ئەو ئابڵوقەیەش واتای مردنە. ئێمە وەکو دەزگای مرۆیی مام پێمان وایە ئەمانە پێویستە ژیان بکەن ئەمانە جێگای ڕێزن و ئەو هاوکاریانەی ئێمە لە چوارچێوەی ئەرکێکی مرۆیی جێبەجێکراوە و بەردەوامیش دەبێت".
فەلاح سەڵاح دەربارەی تۆمەتەکانی ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی بەرەی تورکمانی لە عێراق بەرامبەر دەزگای مرۆیی مام کە گوایە کەس نازانێت چی گواستوەتەوە بۆ کەمپی پەنابەرانی مەخمور ڕایگەیاند:" لە گریمانەیەکدا دەبو قسەکانی ئەرشەد ساڵحی ڕاست بێت بەڵام ئێمە سێ ڕۆژ پێش ئەوە خواردنی هاوشێوەی کەمپی مەخمورمان بۆ دووزخورماتو بردوە، دووز کە شاری پێکهاتەکانە وەک کورد و عەرەب و تورکمان قایمقامیەتی دووز هاوکارێکانی لێمان وەرگرتوە کە تورکمانە. لەوێ خواردنمان دابەشکردوە بەسەر کوردەکان، عەرەبەکان و تورکمانەکان قسە لەسەر ئەمە ناکات، قسە لەسەر ئەوەش ناکات کە بیست ڕۆژ پێش ئەوە لە شاری کەرکوک لە ڕێگەی ئیدارەی شارەکەوە گەورەترین دەعمی کەرتی تەندروستیمان کردوە بەوەی کە کەرەستەکانی خۆپارێزیمان پێشکەش بە شاری کەرکوک کردوە بە مەبەستی هاوکاری کردنی کەرتی تەندروستی. ئەوەی کە ئەرشەد ساڵحی ئاماژەی پێدەکات ڕاکردنە لە ڕاستینەی سیاسی و کۆمەڵایەتی تورکمان و پەنابردنە بۆ بابەتی دیکە".
دەبێت ئەرشەد دادگای بکرێت
هەروەها وتیشی :"دووبارەشی دەکەمەوە کەمپی مەخمور کەمپێکی مەدەنیە و ئەوەی دەزگای مرۆیی مام کردویەتی بریتیە لە گەیاندنی هاوکاری مرۆیی لە ڕۆژدا بە تێپەڕبون بە خاڵەکانی پشکنینی حکومەتی عێڕاقیدا و بە ئاگاداربونی حکومەتی عێڕاقی بە ئاشکرا گەیشتۆتە کەمپی مەخمور. بۆیە ئەوەی ئەرشەد ساڵحی دەیکات تەنیا بەلاڕێدابردنی بابەتە مرۆییەکەیە و لەم جۆرە مرۆڤانە زۆرن، دەبێت حکومەتی عێڕاقی قسە لەسەر ئەوە بکات کە کەسێک ئەمە تێروانین و ئایدیای بێت بەرامبەر بە ژیان کە دەستەی مافی مرۆڤ بێت لە عیڕاق، دەبێت لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێت و دادگایی بکرێت"
لە ٢٢ نیسانی ئەمساڵ دەزاگای خێرخوازی مام (MHF) کاروانێکی لە خواردن و دەرمان بۆ کەمپی ئاوارەکانی شەهید ڕۆستەم جودی (مەخموور) نارد، کە زیاتر لە دە مانگە ئەو کەمپە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان گەمارۆیەکی قورسی لەسەرە.
هاوکات پێشتریش ئەوە دەزگایە لە کاتی لەشکەرکێشی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بۆ سەر شارەکانی سەریکانی و گرێسپی کاروانێکی تری هاوکاری بۆ ئاوارەکانی ئەو شارانە ناردبوو کە بە هۆی هێرشی دەوڵەتی تورکیا ئاوارە ببون.
ف.ق