سەرەڕای قەدەغەی هاتوچۆ لە کەرکوک ئاگری نەورۆز کرایەوە

سەرەڕای بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ لە کەرکوک، هاوڵاتیانی شارەکە ئاگری نەورۆزیان کردەوە بۆ پیرۆزی کردنی ئەو جەژنە.

کوردانی کەرکوک لە دوای ساڵی 2003ـەوە یادی راپەڕین و ئاگری نەورۆزیان لە قەڵای کەرکوک دەکردەوە، جیا لەوەش خەڵک لەنێو گەڕەک و گۆڕەپانی گەڕەکەکان ئەو یادەیان رێکدەخست و لە ناو گەرەکەکان ئاگری نەورۆزیان دەکردەوە.

هەموو ساڵێک لە رۆژی٢٠-٢١ئادار ئاگری نەورۆز لەسەر قەڵای کەرکوکدەکرایەوە، هاونیشتمانیانیش ئامادەکاریان بۆ ئەو رۆژە دەکرد و  خاوەن دووکانەکانی جلی کوردیش جممەیان دەهات لە کڕیار، بەڵام ئەم ساڵ جیاواز لە ساڵانی پێشوو ئەگەرچی ئامادەكاریی تەواو كرابوو بۆ نەورۆز، بەڵام بەهۆی مەترسیی نەخۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاهەنگەكانی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لەتەواوی كوردستان هەڵوەشانەوە، هەڵوەشاندنەوەی ئاهەنگەكانی نەورۆز بۆ بوونی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەگەرێتەوە کە هەموو جۆرە گردبووونەوەیەک قەدەغە کراوە و قەدەغەی هاتووچۆ لە زۆربەی شارو شارۆچکەکان جێبەجێ دەکرێت بۆ رێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

سەرەڕای دەرچوونی بڕیاری قەدەغە کردنی هاتووچۆ لە شاری کەرکوک هاوڵاتیانی شارەکە نەیانتوانی ئاگری نەورۆز لەسەر قەڵای کەرکوک بکەنەوە وەکو ساڵانی پێشوو، بەڵام ئەمە نەبووە رێگر لەبەردەم هاوڵاتیانی شارەکە بۆ پیرۆز کردنی ئەو جەژنە، هاوڵاتیانی کەرکوک لە نێو کۆڵانی گەرەکەکانی شاری کەرکوک ئاگری نەورۆزیان کردەوە.

ز.ش