سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان: ڕۆژنامەنووسانی کەرکوک لە دۆخێکی خرابدان

لقی کەرکوکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان ئیدانەی رێگری و ئاستەنگی بەرامبەر دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکات لە شاری کەرکوک و پەیامێک ئاراستەی حکومەتی هەرێم دەکات

لە دوای ئۆپراسێونی سەپاندنی یاسا لە ١٦-ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ و سەپاندنی حوکمی سەربازی لەلایەن هێزەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بەسەر شاری کەرکوکدا ئازادی کارکردن بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن و میدیا بەشێوەیەکی گشتی سنوردار کرا بەتایبەتی بۆ ڕاگەیاندنی کوردی لە شارەکەدا.

ئەمرۆ چوارشەممە بەمەبەستی بەرزکردنەوەی دەنگی ناڕازی لقی کەرکوکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ڕێکخست، لە کۆنگرەکەدا پەیامێک ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا دەربارەی خراپی ڕەوشی رۆژنامەنووسانی شاری کەرکوک.

مەهدی زریان بەرپرسی لقی کەرکوکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، بەناو سەندیکاکەوە پەیامێکی ئاراستەی حکۆمەتی کوردستان و ڕای گشتی کرد، کە تیدا هاتبوو: "لە شاری کەرکوک و ناوچە دابرێنراوەکان ئەو هێرش و سوکایەتی کردنەی بەرامبەر بە رۆژنامەنووس ئەنجام دەدرێت تەنانەت بەرامبەر هاووڵاتیەکی ئاسایی ناکرێت، لە فەرمانگە فەرمییەکان کەلوپەلی رۆژنامەوانی لە رۆژنامەنووسان دەسنرێت و سوکایەتییان پێدەکرێت و لە شارەکە دەردەکرێن."

هەروەها مەهدی زریان ووتی: " ئێمە وەکو لقی کەرکوکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان دەمانەوێت پەیامێک ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین کە کێشەی رۆژنامەنووسانی ئەم ناوچە کوردستانیانەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی شاری کەرکوک چارەسەر بکات، چونکە رۆژنامەنووسانی ئەم ناوچەیە فشارێکی دەرونی و حزبی و یاسایی و مەزهەبی-یان لەسەرە کە وای کردووە رۆژنامەنووسان هیچی دیکە نەتوانن بەردەوام بن لە کاری رۆژنامەوانی بە هەموو شێوەیەک رێگری لە رۆژنامەنووسان دەکرێت."

دەربارەی ئەو جۆرە پێشەلکارییانەی بەرامبەر رۆژنامەنووسان دەکرێت مەهدی زریان ووتی: "بە شێوەیەکی بەردەوام سوکایەتی بە رۆژنامەوانان دەکرێت و لە شوێنە حکومیەکان دەردەکرێت، ڕیگە نادرێت بەشداربن لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکانی شوێنە فەرمییەکان و لەشارەکە دەردەکرێن و میمۆری لە رۆژنامەنووسان سەندراوە لەلایەن هێزە حکومییەکان."

دەربارەی ڕەوشی ڕاگەیاندنی کوردی لە کەرکوک لە دوای سەپاندنی حوکمی سەربازی بەسەر شارەکە مەهدی زریان ڕایگەیاند: "لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ئەم هەرەشە و هێرش کردنە بۆ سەر رۆژنامەنووسان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە بەتایبەت بۆسەر سەرجەم ڕاگەیاندنە کوردییەکان بە بێ جیاوزی،

زۆربەی ڕاگەیاندنە کوردییەکانی شاری کەرکوک ئەندامیان دەستگیر کراوە لەکاتی کارکردندا."

 دەربارەی رۆلی سەندیگاکە لەکاتی دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسان مەهدی زریان ڕایگەیاند: ''ئێمە بەردەوام بووینە لە پەیوەندی کرد بە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی کاتێک کە رۆژنامەنووسێکمان لەم شارە دەستگیرکراوە تا فشار دروست بکەین بۆ ئازاد کردنی ئەو رۆژنامەنووسانەی دەستگیرکراون."

لە کۆتایدا مەهدی زریان دەربارەی نەگێشتنی کەیسی توندووتیژی دژی رۆژنامەنوووسان بەدادگا وەکو پێویست ووتی: "هەندێک رۆژنامەنووسمان هەیە کاتێک هێرش کراوەتە سەری سەریان شکاندووە و لیانداوە بەلام پاش تۆمار کردنی سکالا پەشیمان بۆتەوە لە سکالاکەی چۆنکە هەرەشەی لێکراوە و ترساوە کە خراپتری بەسەر بێت."