سەر لە بەیانی ئەمڕۆ هەریەک لە هاوسەرۆکانی شارەوانی بناری قەندیل محەمەد حەسەن و ئاواز ئیسماعیل هەستان بە گەڕانەوەی کۆمەڵیک باڵندەی راوکراو، بۆ ناو سروشت کە لە لایەن ڕاوچیەکانەوە لە قەفەس نرابوون، بە دەیان باڵندەیان ئازاد کرد و ئەوەشیان ڕاگەیاند کە ڕاوکردنی ئەو باڵندانە کارێکی نامرۆڤانەیە و وتییان، ئێمە لە بناری قەندیل سزای پێویستی ئەو کەسانە دەدەین کە هەوڵی ڕاوکردنی ئەو باڵندە و ئاژەڵانە دەدەن.
محەمەد حەسەن هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل لە روونکردنەوەیەکدا وتی:" ئێمە وەک شارەوانی بناری قەندیل لە هەوڵی پاراستنی ژینگەداین بە گشتی، لەم کاتەدا ژینگەی کوردستان هەڕەشەیەکی زۆری لەسەرە لە لایەن داگیرکەرانەوە چونکە ڕۆژانە بناری قەندیل بۆردومان دەکرێت و زەوی و زارێکی زۆر ئاگر دەگرێت. بەداخەوە خەڵکانێکی نا بەرپرسیش هەن کە بەردەوام لە هەوڵی تێکدانی ژینگەدان".
هەروەها وتیشی:"ئێمە وەک شارەوانی بناری قەندیل لە ڕێنماییەکانماندا ئاماژەمان بە قەدەغەکردنی ڕاوکردن کردەوە، بەڵام بەداخەوە کۆمەڵێک کەس بە مەبەستی بازرگانی کردن بەو ئاژەڵانەوە سەرپێچی دەکەن و ئێمەش بەپێی ڕێنماییەکان سزایان دەدەین".
ز.ش