هاوسەرۆکانی نوێی شارەوانی بناری قەندیل هەڵبژێردران

شەشەمین کۆنفرانسی شارەوانی بناری قەندیل کۆتایهات و هەر یەک لە محەمەد حەسەن و ئاواز ئیسماعیل وەک هاوسەرۆک و ١٠ کەسیش بۆ دەستەی بەڕێوبەری شارەوانی بناری قەندیل هەڵبژێردران.

ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی ٨٠ ئەندام، کە نوێنەرایەتی سەرجەم گوندەکانی بناری قەندیلیان دەکرد، شەشەمین کۆنفرانسی شارەوانی بناری قەندیل ئەنجامدرا.

سەرەتای کۆنفرانسەکە، ڕاپۆرتی کار و چالاکییەکانی دوو ساڵی ڕابردووی شارەوانی بناری قەندیل لەلایەن محەمەد حەسەن خوێندرایەوە.

لەڕاپۆرتەکەدا هاتبوو: شارەوانی بناری قەندیل لە ساڵی ۲۰۱۹دا زۆرترین پرۆژە و خزمەتگوزاری پێشکەش بە دانیشتوانی ناوچەکە کردووە.

جگە لەکار و چالاکییەکان، ڕاپۆرتی داراییش پێشکەشکرا، هەروەها پڕۆژە و پێیشنیاری دووساڵی داهاتوو خرانەڕوو، لەدەنگداندا پڕۆژە پێویستەکان پەسەندکران.

لە دانیشتنی دوای نیوەڕۆشدا، دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوبەری شارەوانی بناری قەندیل و هاوسەرۆکانی شارەوانی بناری قەندیل بەڕێوەچوو، تێیدا ١٠ کەس بۆ دەستەی بەڕێوبەری هەڵبژێردران، کە بەم شێوەیەبوو: هەرێمی مارادو ۲ کەس، هەرێمی قەڵاتوکان ۲ کەس، هەرێمی دۆڵی شارۆش ۲ کەس، هەرێمی ناودەشت ۲ کەس، هەرێمی دۆڵی باڵایان ۲ کەس.

دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی دەستەی بەڕێوەبەری شارەوانیش، دەنگدان لەسەر هەڵبژاردنی هاوسەرۆکانی شارەوانی قەندیل کرا و هەر یەک لە محەمەد حەسەن و ئاواز ئیسماعیل بە هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل هەڵبژێردران.

شارەوانی بناری قەندیل ساڵی ۲۰۰۹ دامەزراوە و خزمەتی زۆری بە گوندەکانی بناری قەندیل و کوێستانەکانی زنجیرە چیای قەندیل کردووە.

ز.ش