شارەوانی کەرکوک: حکومەتی عیراق هاوکاریمان ناکات بۆ پاکردنەوەی شارەکە

بەرێوەبەری شارەوانی کەرکوک سەبارەت بە خراپی ئاستی پاکردنەوەی شارەکە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز کرد و جەختی کردەوە کە حکومەتی عێراق هاوکارییان ناکات بۆ پاککردنەوەی شارەکە.

فەرێدون بەرزنجی بەرێوەبەری شارەوانی کەرکوک دەربارەی هۆکاری خراپ بوونی ئاستی پاکردنەوە لە شاری کەرکوک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ئێمە درک بەوە دەکەین کە لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا ئاستی پاکردنەوە زۆر دابەزیوە لە شاری کەرکوک، هۆکارەکەش ئەوەیە کە پێشتر مانگانە بودجەی پاکردنەوەی شارەکە یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دینار بوو، بەڵام کەم کرایەوە بۆ ٦٠٠ ملیۆن دینار ئەم مانگەش بڕیارێکی تازە بۆ شارەوانی کەرکوک هاتووە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە کە بڕە پارەی تەرخانکراو بۆ پاکردنەوەی شاری کەرکوک کەم کراوەتەوە بۆ تەنها ٢٠٠ ملیۆن دینار."

لەبارەی مەترسیەکانی پاکنەکردنەوەی شارەکە وەکو پێویست، فەرێدون بەرزنجی ڕایگەیاند: "کەم کردنەوەی پارەی پاکردنەوەی شاری کەرکوک زۆر مەترسیدارە لەم دۆخەی ئیستادا کە وەکو زۆربەی وڵاتان و شارەکانی جیهان، عێراقیش رووبەرووی مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتەوە، کەم کردنەوەی بودجەی پاکردنەوەی شاری کەرکوک دەبێتە هۆی پیس بوونی شارەکە و دەبێتە هۆکار بۆ زیاتر بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا.''

لە کۆتاییدا فەرێدون بەرزنجی ڕایگەیاند: "دوای ئەوەی ئەو بڕیارەمان پێگەیشت لە لایەن وەزارەی دارایی عێراقەوە، پارێزگاری کەرکوک راکان سەعید هاتە سەرخەت و نووسراوێکی فەرمی پێشکەش بە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بۆ بودجەی پاکردنەوەی کەرکوک بگەرێننەوە پێش دوو ساڵ کە بری پارەکە یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دینار بوو، ئەگەر نەیانتوانی با بری پارەکە بگەرێننەوە بودجەی مانگی پێش ئیستا کە ٦٠٠ ملیۆن دینار بوو، چونکە ئەو برە پارەیەی ئیستا دیاری کراوە بەشی پاکردنەوەی شاروچکەیەکیش ناکات."

ز.ش